ھۆکاری بوونی ئازار لە پێیەکاندا


 پسپۆڕێکی بێھۆشکاری و ئازارشکاندن و دەرزی چینی، ئاماژە بە بوونی ئازار لە پێیەکاندا دەکات و دەڵێت، بوونی ئازار لە پێیەکاندا رەنگە بوونی ناتەواوی لە بڕبڕەکانی پشتدا هەبێت.

ژیان _ تەندروستی: ھەڤین کەمال شاە محەمەد، پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازارشکاندن دەڵێت، پێویستە بزانین  مەرج نیە بوونی ئازار لە پێیەکاندا ھۆکارەکەی پەیوەندی ھەبێت بە بوونی ناتەواوی لە پەنجەکانی پێدا یاخود بەھۆی بوونی پێکانەوە بێت لە پێیەکاندا، ھەندێ جار بوونی ناتەواوی لە بڕبڕەکانی پشتدا وەکو داخزانی دیسکەکان ئەبێتە ھۆکاری سەرەکی ئەم ئازارە ئەویش بەھۆی بوونی فشار لەسەر ئەو دەمارەی دێت بۆ ماسولکە و بەستەرەکانی پێ.

زۆربەی جار لەم حاڵەتەدا جگە لە ئازاری پێیەکان ئازاری قاچیشیان دەبێت نەخۆشەکان 
ھۆکارەکانی ئازاری پێیەکان بە گشتی :- 
١- ھەوکردنی بەستەری پشتەوەی قاچ.
٢- پچڕانی بەستەری ئەخیلیس.
٣- پێکانی قاچ و شکاندن لە ئێسکەکەکانی پێ و پەنجەکاندا.
٤- بوونی ئێسکی زیادە لە پێدا و ھەوکردنی بەستەری بنی پێ.
٥- ھەوکردنی کیسی نێوان جومگەکانی پێ.
٦- بوونی مێخەکە و کلس لە بەستەرەکانی پاژنەی پێدا.
٧- نەخۆشی شەکرە دەبێتە ھۆی ئازاری دەماری قاچ.
٨- فلات فووت (پێی تەخت).
٩- دەردە شاھانە.
١٠- داخوران لە جومگەکانی قاچ دا ، ھەوکردن لەئێسکی قاچ دا.
١١-نەخۆشی رایناودس (Raynaud phenomenon): ئەمیش بریتیە لە تەسکبوونەوەی بۆرییەکانی خوێنی قاچ.
١٢- تارسال تونیل (tarsal tunnel syndrom).
١٣- بەکارھێنانی بەردەوامی قونەرەی ناتەندروست وپاژنە بەرز .
١٤- نەخۆشی ڕۆماتیزمەکان.
١٥- خزانی دیسکی نێوان بڕبڕەکانی پشت.
١٦- تەسک بوونەوەی کەناڵی دڕکە پەتک.
١٧- بوونی داخوران لە جومگەکانی نێوان بڕبڕەکانی پشتدا کە دەبێتە ھۆی فشار لەسەر دەمارەکان.
١٨- بوونی ئیسکی زیادەی دەرپەڕیو لە پەنجە گەورەی پێ دا.
١٩-نەخۆشی بورگر (burger disseas): بریتییە لە ھەوکردنی مولولەکانی خوێن لە قاچ دا ئەبێتە ھۆی گیرانی مولولەکان.
٢٠-ھەندێ جار کەمی ھەندێک ڤیتامین و کانزاکان لەوانە ڤیتامین بی و دی لەوانەیە ئازار و سڕی دروست کەن لە پێی و قاچەکاندا.
نیشانەکانی: 
نیشانەکان دەگۆڕێن بە گوێرەی نەخۆشیەکە، بەڵام ئەو کەسانەی ئەم جۆرە ئازارانەیان ھەبێت، ئەوە زیاتر ئازاری پێیەکان پەیوەندیان ھەیە بە کێشەیەک لە بڕبڕەکانی پشتدا: 

١- نەمانی توانای بەرزکردنەوەی قاچ بۆ سەرەوە، و لەوانەشە سڕی ھەبێت لە ناوەڕاستی بەشی خوارەوەی قاچ و پێیەکاندا ھەبێت.

٢- بوونی کەوتنی قاچ (foot drop): کاتێک فشار لەسەر ئەو دەمارانە دروست ئەبێت کە لەبڕبڕەکانی پشتەوە دێن لەوانەیە ئەمە دروست بێت، نەخۆشەکە ھەست بە قورسیەک دەکات کە بەھۆییەوە ناتوانێت پێیەکانی بنوشتێنێتەوە بۆ سەرەوە وەزیاتر لەکاتی فشار لەسەر دەماری L5دا روودەدات.ھەروەھا ئازاریش دروست ئەکات لە ماسولکەکانی بەشی پشتەوەی قاچ دا و پەنجە گەورەی پێ و بەشی پێشەوەی پێیەکان.
٣- بوونی ئازار لە پاژنەی پێدا لەگەڵ سوتانەوەو سڕی کە ئەوە دەگەیەنێت فشار ھەیە لەسەر دەماری S1، کە ئازار و بێھێزی دروست دەکات لە ماسولکەکانی پشتەوەی قاچ دا و نەخۆشەکە ناتوانێت لەسەر بەشی پێشەوەی قاچی دا بڕوات، یاخود ناتوانێت بەباشی سەیارە لێبخوڕێت یاخود بەپێ بڕوات.

ھەندێک خاڵی گرنگ لە دەستنیشانکردنی ئازاری قاچ دا: 
نەخۆش دەبێت زانیاری تەواو بدات لەسەر شێوەی ئازارەکە، ھەروەھا ھەندێ جار پێویست بە ھەندێ پشکنینی خوێن و تاقیگە دەکات بۆ زانینی ھۆکاری ئازارەکە، پشکنین بە ئامێری سۆنەر بۆ زانینی ھەوکردنی بەستەرەکان، ھەروەھا ئەشیعەی ڕەش وسپی 
‏(Xray)، ئەشعەی تەنووری پشت ھەندێ جار پێویستە.