عێراق هەموو گەشتەكانی بۆ ئەورپا راگرت


دەستەی فڕۆكەوانی شارستانی عێراقی هەموو گەشتەكانی لەسەرتاسەری عێراق بۆ وڵاتانی ئەوروپا راگرت، بەڕێوبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی زانیاری ورد لەسەر راگرتنی ئەو گەشتانەی هێڵی ئاسمانی عێراق، بڵاودەكاتەوە.

ژیان_سلێمانی: تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی، بە (ژیان)ی ڕاگەیاند" كۆمپانیای ئەتڵەس جێت كە ئەم گرێبەستی لەگەڵ عێراقدا هەبووە، ئیفلاسی كردووە، ناتوانێت گرێبەستەكە نوێ بكاتەوە، هەربۆیە گەشتەكان بۆ ئەوروپا وەستاوە".

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی نێودەوڵەتی،  وتیشی " كۆمەڵێك مواسەفات و ستانداری ناوەندێكی فڕۆكەوانی ئەوروپی هەیە كە ناسراوە بە( یوروپ كۆنترۆڵ )و پەیوەندی بە سەلامەتی و هەبوونی هەندێك داتاو پسپۆریەوە هەیە، تا  ئێستا لایەنی عێراقی لە دەستەی فڕۆكەوانی عێراقی و هێڵی فڕۆكەوانی عێراقی نەتوانیووە دابینی بكەن، چەند ساڵە لە رێگای كۆمپانیایەكی ترەوە كە كۆمپانیای ( ئەتڵەس جێت ) بە فڕۆكەی عێراقی ئەو گەشتانە بۆ ئەوروپا ئەنجامدراوە".

ئەمڕۆ هێلی ئاسمانی عێراقی هەموو گەشتەكانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا راگرت، بەپێی زانیاریەكان هێڵی ئاسمانی عێراقی گەشتەكانی تەنها بۆ ئەورپا هەڵوەشاوەتەوە، بۆ وڵاتانی تر گەشتەكانی ئاساییە.