وەزارەتی دارایی ڕێنمایی وەرگرتنەوەی قەرزی كۆمپانیان دەركرد


وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان،  رێنمای وەرگرتنەوەی قەرزی بازرگان و كۆمپانیاكانی دەركرد و ئاراستەی بانكە بازرگانیەكانی بۆ جێبەجێكردن.

ژیان_هەولێر: ئەمڕۆ پێنجشەممە 13 شوباتی 2020 وەزارەتی دارای بڵاوی كردەوە كە بەپێی رێنمایەكە كە لە سایتی فەرمی وەزارەتدا بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەكراوە دەبێت لە ماوەی سێ مانگدا واتا هەتا مانگی ئایار سەرجەم قەرزی لای كۆمپانیا و بازرگانەكان وەربگیرێتەوە.

بەپێی نوسراوەكە كە لە رۆژی ١٠ ئەم مانگە دەرچووە و ئیمزای ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەسەرە، داواكراوە هەر كۆمپانیا و بازرگانێك لەماوەی سێ مانگدا قەرزەكانی نەگێڕایەوە، دەبێت ئەو موڵكانەی بەرەهن دایاناوە لەبری قەرزەكە بفرۆشرێن.

لە رێنماییەكەی وەزارەتی داراییدا ئەوەش هاتووە، دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكار و هەماهەنگ بن بۆ جێبەجێكردنی فرۆشتنی موڵكەكان، بە تایبەت وەزارەتی داد.

لە نوسراوەكە ئاماژە بەوەكراوە،گەڕانەوەی قەرزەكان بە چەكی بانكی یاخود كاش بەپێی یاسا و ڕێنماییەكانی پەیڕەوەكراو لە بانكە بازرگانییەكان بێت، هەروەها چەكە بانكییەكان بەناوی قەرزارەكانەوە بێت و چەكی بانكە بازرگانیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت بە مەبەستی پاكتاوكردنی قەرزەكانیان و بە هیچ شێوەیەك چەكی بانكی ئەهلی نەبێت. 

ئەوە لەكاتێكدایە بەپێی یاسای چاكسازی كە لەماوەی رابردوو پەرلەمانی كوردستان پەسەندیكرد، حكومەتی هەرێم پابەندكراوە قەرزی لای كۆمپانیا و بازرگانەكان وەربگرێتەوە كە رێژەكەی ٨٠٠ ملیار دینارە.