ئەمریكا و ناتۆ عێراق رازییە بە مانەوەی هێزەكانمان


سكرتێری گشتیی ناتۆ و وەزیری بەرگری ئەمریكا لە دوولێدوانی جیاوازدا تەئكید لە مانەوەی هێزەكانیان لە عێراق دەكەنەوە و ئەركی راهێنان و راوێژ و بنیادنانی توانای هێزە عێراقییەكان لەئەستۆ دەگرێت.

ژیان_ئەمریكا: مارك ئێسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند: ناتۆ رۆڵی خۆی لە عێراق فراوانتر دەكات و ئەركی راھێنان و راوێژ و بنیادنانی توانای ھێزە عێراقییەكان لەئەستۆ دەگرێت.

ئێسپەر دووپاتیشیكردەوە: پێویست دەكات هاوپەیمانەكانمان لە ناتۆ هێزی زیاتر رەوانەی عێراق بكەن.

لەلایەكی دیكەوە، سكرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، حكومەتی عێراق رەزامەندیی نیشانداوە بە مانەوەی هێزەكانی رێكخراوی ناتۆ و فراوانكردنی چالاكییەكانی بۆ مەشقپێكردنی هێزە عێراقییەكان.

یانس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوەش كرد، هێزەكانی ناتۆ تاوەكو ئەو كاتە لە عێراق دەمێننەوە كە عێراق رازیبێت بە مانەوەیان. 

بڕیارە ناتۆ راوێژكاری سەربازیی زیاتر بگوازێتەوە بۆ بنكە سەربازییەكانی عێراق بۆئەوەی راوێژی سەربازی بە هێزە عێراقییەكان بدەن و چەند چالاكییەك لەبری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەئەستۆ بگرێت، بەڵام پێچەوانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ناتۆ بەشدارنابێت لە شەڕی راستەوخۆ دژی داعش. 

هێزەكانی ناتۆ لە ساڵی 2018وە بە 500 سەرباز و راوێژكاری سەربازییەوە دەستیان بە مەشقپێكردن و راوێژپێدانی هێزە عێراقییەكان كردووە، بەڵام دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریكاوە لە سەرەتای ئەمساڵ، چالاكییەكانی وەستاند، تاوەكو لە كۆبوونەوەی دوێنێ چوارشەممە 12-2-2020 وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەكە، بڕیاریاندا بە بەردەوامیدان بە چالاكییەكانیان.

دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزەكانی قودس، پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2020 بە زۆرینەی دەنگ حكومەتی عێراقی سەرپشك كرد بۆ دەركردنی هەموو هێزە بیانییەكان لە خاكی عێراق.