هێرشكرایە سەر سەربازگەی كەی وەن لە سنووری پارێزگای كەركووك


هێرشێكی مووشەكی كرایە سەر بنكەی سەربازیی كەی وەن لە كەركووك.ئەو سەربازگەیە هێزەكانی ئەمەریكا تێیدا جێگیر كراوون.

ژیان_كەركوك: ئەمشەو پێنج شەممە سەرچاوەیەكی ئەمنی لە كەركوك رایگەیاند" ئەمشەو لەرێگەی لایەنێكی نەناسراوەوە، موشەكێك لە جۆری كاتیۆشا ئاڕاستەی سەربازگەی "كەی وەن" كراوە كە سەربازانی ئەمریكای تیادایە".

وتیشی" دوای هێرشە موشەكییەكە، فڕۆكە ئەمریكییەكان بەسەر بنكەكە و ئاسمانی شاری كەركوكدا سوڕاونەتەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەبارەی زیانەكانی هێرشەكەوە بڵاونەكراوەتەوە".

سەربازگەی كەی وەن دەكەوێتە رۆژئاوای كەركووك هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی، هێزەكانی ئەمریكا و دژەتیرۆری عێراق و چەكدارانی حەشدی شەعبی تێدان.

دوای زنجیرەیەك بۆردۆمان، لە (3ی كانوونی دووەمی 2020) لە فڕۆكەخانەی بەغدا هەریەك لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە ئاكامی بۆردومانێكی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكا كوژران.

ئەمڕۆ لە عێراق لایەنەكانی حەشدی شەعبی یادی چلەی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسیان كردەوە.

هێرشەكەی ئەمشەوی سەر سەربازگەی كەی وەن هاوكاتە لەگەڵ چلەی كوژرانی سولەیمانی و موهەندیس.