ئۆجالان لە كوێدا بەهەڵەدا برا و بووە هۆی دەستگیركردنی؟


عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە رۆژی15ی شوباتی ساڵی1999 لە پیلانێكی نێودەوڵەتیدا لە كینیا ڕفێندرا، ئەوەش دوای ئەوەی چەندین دەوڵەتی جیاوازی كرد و وەك پەناهەندە پەسەند نەكرا بوو. 

ژیان- سلێمانی: ماوەی 22 ساڵ لەمەوبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەر و دامەزرێنەری پەكەكە، بەبەشداری و بێدەنگی دەزگا هەواڵگریەكانی  ئەمریكا، ئیسرائیل، توركیا و چەندین وڵاتی دیكە، لە شاری نایرۆبی، پایتەختی وڵاتی كینیا ڕفێنردرا و دواتر بە فرۆكەیەكی تایبەتی توركیا برایە زیندانی دوورگەی ئیمرالی لە توركیا.

سوریا ناوەندی پەكەكە

بە توندبوونەوەی گرژییەكانی نێوان ڕژێمی سوریا و دەوڵەتی تورك و هەڕەشەكانی بۆ هێرش بۆسەر خاكی سوریا و واژۆكردنی ڕێككەوتنی ئەدەنا، عەبدوڵا ئۆجالان بەناچاریی سوریای جێهشت و ڕووی لە ڕوسیا كرد، سەرەڕای پەسەندی ئەنجومەنی دومای ڕوسیا بۆ پێدانی مافی مانەوە بە ئۆجالان، بەڵام بۆریس یڵسن، سەرۆك كۆماری ئەوكاتەی ڕوسیا بەبیانوی ئەو ڕێككەوتنەی لەسەر پاڵپشتی نەكردنی ڕێكخراوە كورد و چێچنییەكان كە ساڵی 1995 لەگەڵ دەوڵەتی تورك واژۆی كردبوو، پێدانی مافی مانەوەی بە ئۆجالان ڕەتكردەوە. 

دوای ئەوە ئۆجالان ڕووی لە ئەوروپا كرد و چووە ئیتاڵیا و یۆنان، بەڵام ئەو دوو وڵاتەش مافی مانەوەیان بە ئۆجالان نەدا و بە ناچار ڕووی لە ئەفریقا كرد و لە شوێنی مانەوەی باڵیۆزی یۆنان لە كینیا مایەوە، دوای جێهێشتنی ڕۆژی15ی شوباتی1999 لە نایرۆبی ڕفێندرا.

ئۆجالان كە لە ساڵی 1980وە لە سوریا نیشتەجێ بوو بوو، لەبارەی دەرچونی لە خاكی سوریا ئۆجالان دەڵێت: رۆڵی هێزەكانی شەڕی تایبەتی تورك لە‌و قۆناغەدا تەنیا بە فڕۆكە گواستنە‌وەی من بو‌و بۆ ئیمڕالی‌ رۆڵەكەی تر هەریەكە لە دەزگا هەواڵگریەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل جێبەجێیان كرد. 

لەبارەی ئەو دەستگیر كردنەوە بولنت ئەجەویت، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی دەوڵەتی توركیا وتی "بەهیچ شێوەیەك تێنەگەیشتم بۆچی ئۆجالانیان تەسلیم بە ئێمە كردە‌وە، مسۆگەر ئە‌وە یەكێك لە ئۆپەراسیۆنە گرنگەكانی مێژ‌و‌وی ناتۆ بو‌و".

بیل كلینتۆن، سەرۆكی ئەوكتی ئەمریكا د‌و‌وجار، جارێكیان لە دیمەشق و جارێكیشیان لە سویسرا كۆبو‌ونە‌وەی چوار كاتژمێری لەگەڵ حافز ئەسەد، سەرۆكی ئەوكاتی سوریا ئەنجام دابو‌و، تیایدا باسیان لە دەركردنی ئۆجالان كردووە، بەڵام سەرۆكی ئەوكاتی سوریا نەیویستووە بە ئاسانی ئۆجالان لە وڵاتەكەی دەربكات بۆ ئەوەی بەرژەوەندی خۆی لەبەرامبەردا بەدەست بهێنێت. 

بۆ رووی لە هەرێمی كوردستان و ئێران نەكرد؟

ئۆجالان بۆخۆی لە كتێبەكانیدا هۆكاری رونەكردنە ئێران باشوری كوردستانی رونكردووەتەوە و دەڵێت: ئەگەر لە ئێران بو‌ومایە لە‌وانەیە ڕێككە‌وتنێكی ستراتیژیمان پێشبخستایە، بەڵام من بڕ‌وام بە ئێران نەبو‌و؛ بەهۆی هەڵوێستە با‌وەكانی و پیلانگێڕیەكانی ئێران لە دژی سمكۆی شكاك ‌و قاسملۆ و ها‌وشێوەكانی.

ئەو سەركردەیەی پەكەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە،  كلینتۆن ‌و سەركردە كوردەكانی باشور مانە‌وەی منیان لە سوریا بەگوێرەی بەرژە‌وەندی ستراتیژی خۆیان نەدەبینی، چونكە تا دەچو‌و كورد ‌و كوردستان لەژێر كۆنتڕۆڵیان دەردەكە‌وت، ئیسرائیلیش زۆر لە‌و دۆخە ناڕەحەت ‌و نیگەران بو‌و، كۆنتڕۆڵكردنی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگی بۆ جێبەجێكردنی پیلانەكانی دەرهەق بە عێراق هەبو‌و، مسۆگەر دەیانویست دەرچوونم لە سوریا ‌ بەسەردا بسەپێنن.

ئۆجالان بۆ رووی لە چیاكان نەكرد؟

ئەو كە لە رۆژی 9/10/1998 لە سوریا رۆشتە دەرەوە، دوو رێگای لەبەردەم مابویەوە كە یەكەمیان گەڕانەوە بوو بۆ چیاكانی كوردستان كە گەریلاكان لەوكاتەدا لەوی خەباتی چەكداریان دەكرد، دووەم رێگاش رۆشتن بوو بەرە و ئەوروپا ئۆجەلان خۆی دەڵێت "هەڵبژاردنی رێگای شاخ مانای دژواربو‌ونی شەڕ بو‌و، هەڵبژاردنی ڕێگای ئە‌ور‌وپاش مانای بژاری چانسی رێگەچارەی سیاسی ـ دیبلۆماسی بو‌و".

ئەو كاتە هەموو ئامادەكاریەكان كرابوو بۆ ئەوەی بچێتە چیا بەڵام بەهۆی بەڵێن و لێدوانەكانی یۆنان بۆ پێشوازی لە ئۆجالان ئاراستەی ئۆجالانی بەرە‌و یۆنان گۆڕی.

كالاندریس ئەفسەرێكی ناتۆ بوو‌ و ما‌وەیەكی درێژ لە توركیا ئەركدار ببو‌و، هەمان ئەركی لە سوێدیش بەڕێوە بردبو‌و، خۆی ‌وەك دۆستێك پیشانی ئۆجالان داوە و  ئەو لە فرۆكە خانەكەی یۆنان پێشوازی لێكردووە و لەهەمان فڕۆكەخانەدا ئۆجالانی بۆ لای ژەنڕاڵێكی هێزی ئاسمانی و ستافراكاكیسی سەرۆكی هە‌واڵگری بردووە و هەر لەوێدا ئەو ئەفسەر بەرێبەرە كوردەكەی وتووە  "بەشێوەیەكی كاتیش بێت ناتوانی بێیتە یۆنان". هەر ئەو كاتە نومان ئوچار، نوێنەری پەكەكە لە مۆسكۆ تەلەفۆن بۆ ئۆجالان دەكات و بە فڕۆكەیەكی تایبەتی یۆنانی، ڕوو لە مۆسكۆ دەكات بە یارمەتی جیرنۆفسكی سەرۆكی پارتی لیبرال دیموكراتی ڕوسیا لە مۆسكۆ دابەزیوە. 

روسیا و چەندین وڵاتی لەخۆیان نەگرت

ئۆجالان ماوەی 33 رۆژ لە روسیا لە شوێنێكی نهێنی دەمێنێتەوە و لە‌و ما‌وەیەدا  ئارێل شارۆن، سەرۆك ‌وەزیرانی ئیسرائیل، ئۆڵبرایت، ‌وەزیری دەرە‌وەی ئەمریكا سەردانی ڕوسیایان كرد، لەگەڵ بریماكۆڤ، سەرۆك ‌وەزیرانی ڕوسیا كۆبونەوە. 

هەر لەو سەروبەندەدا  روسیا بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوریەی رووبەڕوی بووبوویەوە لەسەر پڕۆژەی گازی سر‌وشتی و قەرزە 10 ملیار دۆلاریەكەی سند‌وقی نێودە‌وڵەتی درا‌و ڕێككە‌وتن، ئەوەش بە وتەی ئۆجالان خۆی لەسەردەركردنی ئەو رێكەوتنەكە ئەنجامدراوە. 

بەیارمەتی د‌و‌و ئەندام پەرلەمانی پارتی كۆمۆنیست ئۆجالان لە ئیتاڵیا ماوەی66 رۆژ مایەوە و داوی ئەوە بە ناچاری روو دەكاتەوە روسیا و ئۆجالان خۆشی ئەو گەرشانەوەی بۆ روسیا بە هەڵە دەزانێت و دوای ئەوەش پلاندادەنێت بۆ ئەوەی بەرە و ئەرمەنستان بڕوات بەڵام ئەو چونەشی بۆ ئەو وڵاتە فەشەل دەهێنێت و بیرۆكەی رۆشتن بۆ تاجیكستان باسی لێوە دەكرێت، روو لەو وڵاتە دەكات و بۆ ماوەی هەفتەیەك لەو وڵاتە دەمێنێتەوە و دواتر روو لە روسیا دەكاتەوە و  دواتر جارێكیتر دەچێتەوە بۆ یۆنان. 

ئەو باس لەهۆكاری چونی بۆ روسیا دەكات كە كاریگەر بووە بە لینین و دوای ئەوەش بۆ رۆشتنی بەرە و ئەفریقا كاریگەر بووە بە ماندێلا بەڵام چونی بۆ ئەفریقای باشور سەر ناگرێت، لەوكاتەی بە ئۆتۆمبێل روو لە فرۆكەخانە دەكەن ئۆجەلان خۆی دەڵێت شۆفێرەكان هەوڵیاندەدا ئاگادارم بكەنەوە لە پیلانگێڕیەك بەڵام ئێمە تینەگەیشتین، ئەو باسی دەكات شۆفێرەكان نەیاندەتوانی بە وتە پێمان بڵێن بۆیە بە كرداری وەك ئۆتۆبێل كێشا نبە فرۆكەدا و كرداری جیاواز هەوڵیانداوە. 

یەكێكیتر لەوانەی هەوڵیداوە ئاگاداری بكەنەوە ئەوە بووە كە بە بیانو‌وی خراپبو‌ونی ئۆتۆمبێل حە‌وت جار چەند خولەكێك نزیك بە فڕۆكەخانەكە ‌وەستا، ئۆجالان هەروەها باسی چوونی بۆ مینسكی پایتەختی بیلاڕوسیا دەكات و دەڵێت: بەر لە چوون بۆ نایرۆبی گوایە لە ڕێگای مینسكە‌وە دەچو‌وینە هۆڵەندا، دیسان بە فڕۆكەیەكی تایبەت لە مینسك دابەزین ‌و د‌و‌و كاتژمێر زیاتر لەژێر ئە‌و سەرما ‌و سۆڵە بێ‌ وێنەیە چا‌وەڕ‌وانیمان كرد، فڕۆكە چا‌وەڕ‌وانكرا‌وەكە نەهات، پۆلیسەكانی فڕۆكەخانەی بیلاڕوسیا بۆ چەندین خولەك فڕۆكەكەمانیان پشكنی. 

نایرۆبی؛ دوا وێستگەی ئازادی ئۆجەلان 

ئۆجالان ماوەی 15 رۆژ لە نایرۆبی پایتەختی كینیا مایەوە لە ناو ماڵی باڵیۆزی سیۆنان كۆستالس مایەوە، بەڵام دوای دەرچونی لەماڵی باڵ,ێزی یۆنان ئۆجالان لەلایەن تیمێكی هەواڵگری روسی و ئەمریكی و توركی و كینیەوە دەستگیر دەكرێت و دەخرێتە فرۆكەیەكی توركیەوە و رەوانەی دورگەی ئیمراڵی لە توركیا دەكرێت و تاكوئێستاش لە زینداندایە و ماوەی 8 ساڵە تەنها دوو دیداری ئەنجامداوە لەگەڵ پارێزەر و كەسوكارەكەیدا.