رێکخراوی هەنگاو: بە تەقەی هێزە ئێرانییەکان نۆ کۆڵبەر بوونە قوربانی


رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆڵبەرێک کوژرا و هەشتی دیکەش برینداربوون.

ژیان- رۆژهەڵاتی کوردستان: بە پێی راپۆرتیکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٨:٠٠ ی شەوی رابردوو، ١٦ی شوباتی ٢٠٢٠، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەرزاییەکانی سنووری شۆشمێ سەر بە بەخشێ نەوسوودی شاری پاوە تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە، لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک کوژراوە و ٨ کۆڵبەری دیکەش بریندا بوون.

بە پێی راپۆرتەکە، کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی گوندی دشە سەر بە شاری پاوە بە سەختی برینداربووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانیلەدەستداوە، ٨ کۆڵبەری دیکە کە خەڵکی شارەکانی نەوسوود، پاوە، جوانڕۆ و سەوڵاوا بوون برینداربوون.