دوای 9 ساڵ ناوەندی بازرگانی سوریا كۆنتڕۆڵ كرایەوە


سوپای سووریا كۆنتڕۆڵكردنەوەی دەیان گوند و شارۆچكەی لە گوندەكانی حەلەب راگەیاند و روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت بە گوێرەی رێككەوتنی نێوان روسیا و توركیا ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵ كراونەتەوە. 

ژیان- سلێمانی: ئەمڕۆ دووشەممە 17ی شوبات، سوپای سووریا كۆنتڕۆڵكردنەوەی دەیان گوند و شارۆچكەی لە گوندەكانی حەلەبی رۆژئاوا و باكووری رۆژئاوا راگەیاند ئەوەش دوای نۆساڵ لە كۆنتڕۆڵكردنی ئەو شارە دێت لەلایەن چەكدارانی بەرەی نوسرە كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن. 

فەرماندەیی گشتی سوپا و هێزە چەكدارەكانی سوریا بە فەرمی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی رایگەیاند و وتی "بەچەند هەنگاوێكی ورد و ژیرانە و ئۆپەراسیۆنی جۆرێتی پاڵەوانەكانی سوپای سووریا بەردەوامن لە بەرەوپێشچوونەكانیان و سوورن لەسەر ریشەكێشكردنی تیرۆری تەكفیری و رەگەكانی".

هەر لەو بارەیەوە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، رایگەیاند دەستبەسەرداگرتنەوەی ئەو ناوچانە لەلایەن حكومەتی سوریاوە بە گوێرەی رێككەوتنێك بووە لە نێوان روسیا و توركیا كە لەو ناوچانە ئەو چەكدارانە بكشێنەوە. 

حەلەب ناوەندێكی بازرگانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سووریا بوو زۆرترین كاری پیشەسازی و بازرگانی سوریا لەو شارەدا جێگیر كرابوو.