سەمای جۆکەر و نیگەرانیی واکین فینیکس


گۆران ڕەسووڵ

ساڵی ٢٠١٩، پڕ بوو لە کاری سینەمایی گرنگ و بەرهەمهێنانی چەندین فیلمی ناوازە کە تێیاندا ئەکتەرە خاوەن ئەزموون و ناودارەکان دەرکەوتن و ڕۆڵی سەرەکییان لەم ساڵە پڕ بەرهەمە سینەماییە بینی. یەکێک لەو فیلمانە، فیلمی جۆکەر بوو. لە ٣١ی ئۆوگەستی ٢٠١٩ لە حەفتا و شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ڤێنیس لە ئیتاڵیا، بۆ یەکەمجار نمایشکرا و دواتر لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە سینەماکانی ئەمریکا و ئەوروپا نمایشکرا و تاوەکو ئێستاش لە بەشێک لە سینەماکانی جیهان نمایشکردنى ئەم فیلمە بەردەوامە و زیاتر لە بلیۆنێک دۆلار داهاتی هەبووە.

 تۆد فیلیپس، دەرهێنەری ئەمریکی، کاری دەرهێنانی بۆ فیلمەکە کردووە و بە هاوبەشی لەگەڵ سیناریۆنووسی ئەمریکی سکۆت سیلڤەر، سیناریۆی فیلمەکەیان نووسیوە. واکین فینیکس، ڕۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا دەبینێت و لەگەڵ ئەویشدا چەندین ئەکتەری بەناوبانگ لەناو فیلمەکەدا ڕۆڵدەگێرن، لەوانەش ڕۆبێرت دی نێرۆ و زەسی بیتز و فرانسێس کۆنرۆی. فیلمەکە ١٢٢ خوولەکە و فیلمێکی دەروونیی و هەستبزوێنە، کە باس لە ساڵی ١٩٨١ دەکات و چیرۆکی کەسایەتییەکی ستاند-ئەپ کۆمێدی شکستخواردوو بەناوی ئارسەر فلێک، دەگێڕێتەوە.

ئارسەر فلێک، بەردەوام کەسایەتیی دەشکێندرێ و تووشی تووندوتیژی دەبێتەوە و لەلایەن کۆمەڵگەوە ڕەتدەکرێتەوە، هەر ئەمەش وادەکات ئارسەر، سەرەڕای کارەکەی وەک گاڵتەباز و کۆمێدیان بەڵام کەسایەتییەکی نیهلیست و دوورەپەرێز و ڕووخاو و شێتانەی هەبێت کە بە دەست نەخۆشی دەروونیی دەناڵێنێت و بەردەوام پێکەنین و گریان تێکەڵدەکات. سەرەئەنجام پەنا دەباتە بەر تاوانکاریی و ئاژاوەگێڕیی.

واکین فینیکس، ئەکتەری ئەمریکی لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٤، بە ڕۆڵگێرانی کارەکتەری جۆکەر سەرنجی زۆربەی ڕەخنەگرانی سینەما و بینەرانی فیلم و ئارەزوومەندانی سینەمایی بۆخۆی ڕاکێشا. بە جۆرێک کە لە سەرەتای نمایشکردنى فیلمی جۆکەرەوە تاکو ئێستا، ڕۆڵگێڕانی واکین، بووەتە جێگەی باسوخواسی زۆربەی ناوەندە سینەماییەکان.

 زۆربەى بینەرانی فیلمەکە، سەما سەرنجڕاکێش و شێتانەکەی جۆکەر دووبارە دەکەنەوە و لەناو سۆشیال میدیا وێنە و ڤیدیۆی سەماکەیان بڵاودەکەنەوە. ئەمە جگەلەوەی کۆنسێپت و پەیامی فیلمەکە بووەتە مایەی گفتوگۆ دەربارەی ڕەتکردنەوەی سیستەم و جۆرێکی تر لە نیشاندانی ناڕەزایی و پرۆتێستکردن و شۆڕش بۆ گۆرانکاریی لە ڕێگەی ماسکی گاڵتەجاڕەوە (Clown Mask).

واکین فینیکس، زۆر هونەرییانە ڕۆڵی سەرەکی لەم فیلمەدا دەبینێت، بە جۆرێک کە هەموو دیمەن و ئاکتەکانی دەبنە جێگەی سەرنجی بینەر و دەتخنەوە بەردەم کارەتەرێکی ڕاستەقینەی ناو ژیان. هەر بەم هۆیەشەوە واکین فینیکس، بۆ ساڵی ٢٠١٩ توانی زۆربەی خەڵاتە گرینگەکانی فێستیڤاڵە سینەماییەکان، وەک ئەکتەری سەرەکی بباتەوە، لە ناویاندا خەڵاتی ئۆسکار و گۆڵدن گڵۆب و بافتا. نەک هەر نمایش و ڕۆڵگێرانی واکین فینیکس، بەڵکو گوتارەکانیشی لە کاتی وەرگرتنی هەر یەک لەو خەڵاتە گرینگانە بوونەتە جێگەی باس و گفتوگۆی لەدوای خۆی هێناوە. چونکە واکین، لە هیچیەک لەو گوتارانەدا، باسی خۆی و ژیانی خۆی ناکات، بەڵکو چەندین کێشەی جیهانیی و بەرپرسیارییەتی سینەماکاران و نائاگایی مرۆڤ بەرامبەر ژینگە و ئاژەڵان، خاڵی گرینگی ناو گوتارەکانی بوون. لەناو هەریەک لەو گوتارانەی واکیندا، هەست بە نیگەرانییەکی قووڵ دەکرێت کە واکین ئەم سەکۆیە گرینگ و پڕبینەرانەی بۆ ئەوە بەکارهێنا کە خەڵک و بینەرانی فیلم لە سەرتاسەری دونیا بەرامبەر بە پێکەوەژیان و یەکسانیی جێندەریی و پاراستنی ژینگە و مافی ئاژەڵان، هۆشیار ببنەوە. چونکە پێشتر بە دەگمەن ئەکتەران و دەرهێنەران و براوەی خەڵاتەکان، بەم شێوەیەی واکین ئاماژەیان بەم کێشە و گرفتانە کردووە و هاوشێوەی ئەو پێداگیرییان لەسەر نەکردووە.

 ئەمەی خوارەوە نوێترین گوتاری واکین فینیکسە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە خەڵاتەکانی ئەکادیمی خەڵاتی ئۆسکار، لەبەردەم دەرهێنەر و ئەکتەر و هونەرمەندە بەناوبانگەکانی دنیا پێشکەشی کرد:

"من ئێستە زۆر سوپاسگوزارم. هەست ناکەم لە سەرووی ئەو هاوڕێیانەی كە پاڵێوران یان هەر كەسێكی تر بم کە لەم هۆڵەدان، چونكە ئێمە هەموومان هەمان عەشقمان هەیە - ئەویش عەشقە بۆ فیلم. هەروەها ئەم شێوازی گوزارشتکردنە لە ڕێگەی سینەماوە، ژیانێكی ناوازەی بە من بەخشیوە. نازانم بەبێ ئەمە، ئێستا من لە کوێ دەبووم.

 بەڵام بڕوام وایە گرنگترین دیاری کە ئەو هونەرە بە من و بە زۆر خەڵکی تریش [کە لەناو ئەم بوارەدان]، بەخشیووە، ئەوەیە كە هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساندووین ببین بە دەنگی بێدەنگەکان. بیر لە هەندێک لەو نیگەرانیی و پەرێشانیانە دەكەمەوە، ئێمە پێكەوە تووشی بووین.

لەو كاتەی کە هەست دەكەین، یان شتێك وامان لێدەكات هەست بكەین،  ئێمە هەریەکەمان بۆ هۆکارێکی جیاواز دەجەنگین. بەڵام من وای دەبینیم کە هاوبەشیمان هەیە. بیردەکەمەوە، چ ئەو كاتەی باسی جیاكاریی ڕەگەزیی دەكەین، یان باسی ڕەگەزپەرستیی یان مافی هاوڕەگەزیی یان مافی نەتەوە ڕەسەنەكان، یان مافی ئاژەڵان دەكەین، ئێمە دەربارەی جەنگ دژی نادادپەروەریی قسە دەكەین.

دەربارەی جەنگێک قسە دەکەین کە پێیوایە یەك نەتەوە، یەك گەل، یەك نەژاد، یەك ڕەگەز، یان یەك جۆر مافی ئەوەی هەیە دەست بەسەر ئەوانی تردا بگرێت و بە دووریش بێت لە لێپرسینەوە.

ئێمە لەگەڵ سروشتدا تەواو لێكدابڕاوین، زۆربةمان تاوانبارين، چونكە پێیمانوایە مرۆڤ دەبێت باڵادەست بێت و خۆی پێ چەقی گەردوون بيَ. ئێمە دەچینە ناو سروشت و بە ئارەزووی خۆمان سەرچاوەکانی بەکاردەهێنین و تالاَنی دەکەین. پێمانوایە مافی خۆمانە مانگایەك بە شێوەیەکی دەسکرد دووگیان بكەین و دواتر منداڵەكەی لێبدزین و تەنانەت گوێ لە هاوار و ئازارەكەی نەگرین. دواتر ئەو شیرەی كە دەبوو بۆ بێچوەكەی بێت، ئێمە بیكەینە قاوە و سیرەڵەکانمانەوە.

ئێمە لەو ئایدیایانە دەترسین كە ژیانمان دەگۆڕێت، چونكە وا دەزانین دەبێ قوربانی بدەین، یان دەبێ دەستبەرداریی شتێک بین. بەڵام مرۆڤایەتی ئێستا لە باشترین حاڵەتی داهێنان و نوێگەریدایە، ئێمە دەتوانین سیستمێك دابمەزرێنین و پەرەپێبدەین كە بەسوود بێت بۆ ئەوانەی بە ئاگان و بۆ ژینگەیش.

من بە درێژایی ژیانم کەسێکی خراپبووم، خۆپەرست بووم، دڵڕەق بووم، بەڵام زۆربةتان دووبارە هەلی دیكەتان پێدامەوە، بڕواموایە ئەمە باشترینی ئێمەیە: كاتێك پشتی یەكتر دەگرین، نەك لەبەر هەڵەكانی ڕابردوو یەكتر بسڕینەوە، بەڵکو كاتێك یارمەتیی یەكتر دەدەین بۆ بەرەوپێشچوون. كاتێك یەكتر فێر دەكەین، كاتێك ڕێنوینی یەكتر دەكەین بۆ ڕزگاربوون.

‏‎براكەم ڕیڤەر، كاتێك تەمەنی حەڤدە ساڵان بوو، ئەم دێڕەی نووسی: "بە خۆشەویستییەوە بەرەو ڕزگاری ڕابكە، ئاشتی بە دوایدادێت."