موستیلە نایابەكەی لە ئەمریكا ونكرد، بەڵام فینلەندا دۆزییەوە


دێبرا ماكینا، دوای ٤٧ ساڵ لە ونكردنی موستیلە نایابەكەی لەئەمریكا، لە دارستانێكی فینلەندا بەڕێكەوت دۆزییەوە، ئەوەش كۆتایی بەچاوەڕوانی ٥٠ ساڵەی ئەو هێنا.

ژیان- ئەمریكا: دێبرا، تەمەنی ٦٣ ساڵە لەتافی لاویدا لە (شۆن)ی خۆشەویستی موستیلەیەكی وەرگرت، كاتێك پێكەوە خوێندكاری ناوەندیبوون لە قوتابخانەی (موریس) ویلایتی ئەریگۆنی ئەمریكا، دواتریش خۆشەویستیەكەیان گۆڕا بۆ هاوسەرگیری.

موستیلەكە ساڵی لەدایكیبوون و كاتی یەكترناسینی لەسەر نەخشێنرابوو، بۆیە بۆ دێبرا ئەو موستیلەیە بەهایەكی گەورەی هەبوو، بەردەوام پارێزگاری لێدەكرد، بەڵام ساڵی ١٩٧٣ لە سۆپەرماركێتێكی گەورەی (پورتلاند) لەویلایەتی ئەریگۆنی ئەمریكا، موستیلەكەی لێدەكەوت لەدەستی دا.

دێبرا لەگەڵ شۆن بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ پێكەوە وەكو هاوسەر ژیان، بەڵام شۆن ساڵی ٢٠١٧ بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە گیانی لەدەستدا، دێبرا تائەوكاتەی شۆن مابوو چاوەڕێیی دۆزینەوەی موستیلەكەی بوو، بەڵام دوای گیان لەدەستدانی هاوسەرەكەی زیاتر توشی خەمۆكی بوو، هۆگری ئەو یادگارییە جوانە بووبوو.

 پاش ٤٧ ساڵ هەواڵێكی شۆكهێنەری پێگەیشت

لێكۆڵەڕێكی فیلەندی، كاتێك لە دارستانەكانی فیلەندا بۆ ئاسن دەگەڕێت، ئامێرەكەی تەنێكی سەیر دەدۆزێتەوە، ٢٠ سانتیمەتر گڵەكە هەڵدەكەنێت، سەیردەكان (موستیلەیەكە) و ناو بەرواری لەسەرە.

دەگەڕێت بەشوێن ئەو ناوەدا تاوەكو خاوەنەكەی بدۆزێتەوە، لێكۆڵەرەكە ناوی قوتابخانەكە و ساڵی دەرچوون لەقوتابخانە كە لەسەر موستیلەكە نوسراوە دەكاتە نیشانەی گەڕان، دواتر دەچێتە قوتابخانەكە دەیەوێت خاوەنی موستیلەكە بناسێت، كە (دێبرایە).

دێبرا كاتێك هەواڵەكەی پێدەكات گریانی خۆشی دایدەگرێت،  ئاماژە بۆ ئەوەدەكات ئەمە ڕووداوێكی زۆر تایبەتە لەژیانی ئەو ڕوویداو، دەڵێت "زۆر كاریگەرم بەوەی هێشتا كەسانێك ماون هاوكاری ئەوانی دیكە دەكەن، ئێمە لەم جیهانەدا پێویستمان بەم جۆرە كەسانەیە".

زیاتر دەڵێت "كاتێك موستیلەكەم بۆ گەڕایەوە هەستم كرد، پەیامێكم لەهاوسەرەكەمەوە پێگەیشت".