کۆسرەت رەسوڵ رەتیدەکاتەوە رێککەوتنی نهێنی کردبێت بۆ هەڵبژاردنی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی


نووسینگەی رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسول عەلی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رەتیدەکاتەوە رەزامەندبووبێت لەسەر رێككەوتنی نهێنی لەژوورە تاریكەكان  بۆ هەڵبژاردنی دوو هاوسەرۆك بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

ژیان_ سلێمانی: نووسینگەی رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسول عەلی، روونکردنەوەیەکی ئاڕاستەی  ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و  ئەنجومەنی باڵای سیاسی ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و جەماوەرەکەی دەکات و دەڵێت، لە دوێنێوە دەنگۆیەك بڵاوبووەتەوە گوایە هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجامی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی رەزامەندبووە و رێككەوتنی نهێنی لە ژوورە تاریكەكان ئەنجامداوە بۆ هەڵبژاردنی دوو هاوسەرۆك بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

دەشڵێت، کۆسرەت رەسوڵ هیچ رێككەوتنێكی نهێنی ئەنجام نەداوە، هەمیشە لەگەڵ تەبایی و یەكڕیزی نێوان هەڤاڵانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە و ڕایوایە ئەمڕۆ و ئایندەی یەكێتی پێویستی بە هەموو هەڤاڵانە و دەبێ هەموو پێكەوە كاربكەن بۆ سەرخستنی یەكێتی و خزمەتكردنی هاووڵاتیانی كوردستان.

دوێنێ سێشەممە، ١٨ی شوباتی ٢٠٢٠، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بە هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەڵبژێردران.