تەندروستی لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران روونکردنەوە دەدات


وەزارەتی تەندروستی لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی ئێران روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، رێکارەکان هەمان رێکارەکانی رۆژانی پێشوون، پشکنین بۆ هەموو هاووڵاتییەک دەکرێت کە لە خاڵە سنوورییەکان لە هەر وڵاتێکەوە بێنە ناو هەرێمی کوردستان.

ژیان_ سلێمانی: محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە (ژیان)ی راگەیاند" لە خاڵە سنوورییەکان پشکنینمان هەیە هەر هاووڵاتییەک لەو خاڵانەوە داغڵ ببێت پشکنینی بۆ دەکرێت، ئەگەر هاتوو لە کاتی پشکنینەکان گومان لە هەر هاووڵاتییەک بکرێت کە تووشبووی ڤایرۆسەکەیە جیادەکرێتەوە.

دەشڵێت، هیچ کەسێک بە بێ پشکنین نایەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، هەمان ئەو رێکارانەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیاریکردووە بۆ هەموو وڵاتان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت، جگە لە هاووڵاتییانی وڵاتانی چین کە رێگەیان پێنادرێت بێنە ژووەرەوە.

ئەمڕۆ چوار شەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٠ وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، دوو کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە شاری قوم گیانیانلەدەستداوە.