حكوومەتی عێراق بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزای لەسەر هاووڵاتیانی ئێران راگرت


ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20 شوباتی 2020  وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاری دا چیتر كار بە بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزا لەسەر هاووڵاتیانی ئێران نەكرێت، وەزارەتی تەندروستییش داوای كرد چیتر ڕێگە بە هاووڵاتیانی ئێران نەدرێ سەردانی عێراق بكەن و دەروازە سنوورییەكان دابخرێن.

ژیان_بەغداد: ئەو بڕیارەی حكومەتی عێراق لە كاتێكدایە لە دوێنێوە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و مردنی چەند هاووڵاتییەكی ئێران بە هۆی ڤایرۆسەكەوە بڵاو بووەتەوە، بەم هۆیەوە حكوومەتی عێراق چەند ڕێوشوێنێكی گرتووەتەبەر.

لەمبارەیەوە یاسین یاسری وەزیری ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند چیتر كار بە بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزا لەسەر هاووڵاتیانی ئێران ناكرێت، ئەمەش بە هۆی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەم وڵاتە.

ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی تەندروستیی عێراق داوای كرد سەرجەم دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ ئێران دابخرێ و چیتر ڕێگە بە هیچ هاووڵاتییەكی ئێرانی نەدرێت سەردانی عێراق بكات.