ئێران دادگایەك بۆ دادگاییكردنی دۆناڵد ترەمپ پێك دەهێنێت


میدیاكانی ئێران ڕایانگەیاند كە بەرپرسێكی باڵای ئێران باس لە دروستكردنی دادگایەكی تایبەت بە دادگاییكردنی سەرۆكی ئەمریكا، دەكات.

ژیان_ئێران:ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی شوباتی 2020 حوسێن ئەمیر عەبدوللەهیان، یاریدەدەری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لە كۆڕبەندێكی تایبەت بە یادكردنەوەی قاسم سولەیمانی، رایگەیاندووە، سولەیمانی گرنگترین رێكارە پێویستییەكانی لە ناوچەكە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئێران، رێك خستبوو.

حوسێن ئەمیر عەبدوللەهیان ئاشكراشیكردووە، بڕیارە دادگایەكی تایبەت بە دادگاییكردنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا پێك دەهێنن، چونكە ترەمپ بڕیاری كوشتنی قاسم سولەیمانی داوە.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەش كردووە، كە دادوەری لێكۆڵینەوەی ئێرانی سەردانی بەغدا دەكات، چونكە پێویستە سەرەتا لێكۆڵینەوە لە شوێنی كوژرانی سولەیمانی بكات.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریكا لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە، كاروانێكی چەكداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆكەخانەی بەغدا بۆردومان كرد.
بەهۆی بۆردومانەكەوە، هەریەكە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەكداری دیكەی حەشدی شەعبی، كوژران.

قاسم سولەیمانی، كە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەك لە شاری كرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایك بووە. سولەیمانی یەكێك بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاكانی ئێران.