شۆڕش حاجی: گۆڕان شكستی خواردووە


ئەندامی پێشووی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان، شۆڕش حاجی دەڵێت، زیاتر لە ٢٠٠ رۆژ بەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆ تێپەڕیوەو تا ئێستا هیچكام لەو خاڵانەی رێكەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان جێبەجێ نەكراون هێماكان بەرەو لاسەنگ بونی زیاتری تای تەرازوی شكستی بزوتنەوەی گۆڕان دەچێ‌و نیشانەكانی ئەو شكستە دەركەوتوون.

ژیان_سلێمانی: ئەمڕۆپێنجشەممە 20 شوباتی 2020 لەپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبووك لە وتارێكدا بەناونیشانی  گەر گۆڕانكاری ناكەن گۆڕەپانەكە چۆڵ كەن، شۆڕش حاجی ئەندامی پێشووی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە شكستی گۆڕان دەركەوتووە لە دوو بواردا" یەكەم، شكستی گۆڕان لە شێوازی رابەرایەتیكردن‌و ئیدارەدانی جوڵانەوەكەو میكانیزمی بڕیاردان‌و هەڵوێست وەرگرتنە لەسەر هەمو پرسەكان. دوەم، شكستی گۆڕانە لە چنینەوەی بەرهەمی بەشداریكردنی لە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان".

ناوبراو لەو وتارەدا دەشڵێت" ئێستا وا زیاتر لە ٢٠٠ رۆژ بەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆ تێپەڕیوەو تا ئێستا هیچكام لەو خاڵانەی رێكەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان جێبەجێ نەكراون. تەنیا شتێك كە تا ئێستا كرابێ دامەزراندنی چوار وەزیرو جێگرێكی سەرۆكی هەرێمە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان. لەبەرامبەردا گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رازی بو بە تێپەڕاندنی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بەو شێوەیەی كە خواستی پارتی بو".

 دةشليت،دەرهاویشتەكانی شكستی گۆڕان لەو دو بوارە وایانكردوە رۆژ لەدوای رۆژ خەڵك لە بزوتنەوەی گۆڕان دور بكەوێتەوەو پەیتا پەیتا قورسایی ئەو جوڵانەوە گۆڕانخوازە لەناو خەڵك‌و كاریگەریی لەسەر كایەی سیاسی كەمبێتەوە. بۆیە ئەركی هەمو خەمخۆرانی ئەم گەل‌و نیشتمانەیە بەوردی چاودێری ئەدای بزوتنەوەی گۆڕان بكەن‌و تاووتوێی مەترسی داكشانی گۆڕان بكەن لەسەر پرۆسەی سیاسی‌و بەرژەوەندی هاوڵاتیان‌و لە باشوری كوردستان.

ئاماژەش بەوەدەكات، پرسیارە گەورەكە ئەوەیە، كە ئایا مانی بزوتنەوەی گۆڕان بەم گوتارو هەڵوێست‌و شێوازی كاركردنەی ئێستای‌و، لەژێر رابەرایەتی ئۆرگانە فەرمییەكانی ئەمڕۆی گۆڕان‌و بڕیاربەدەستەكانی دەرەوەی دامەزراوەكانی گۆڕان لە قازانجی چەمكی گۆڕانخوازی‌و رەوتی چاكسازییە لە باشوری كوردستان، یان لە زەرەریێتی؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە با دوا هەنگاوی گۆڕان لە كایەی سیاسیدا بەنمونە وەرگرین.