كورد و سوننە دەنگ بەكابینەكەی عەلاوی نادەن


ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزە سوننەكانی عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی "ئیتیحاد ئەلقیوا"دا هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر حكوومەتەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی راگەیاند و دووپاتیان كردەوە كە لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا دەنگی پێنادەن،هاوكات سەرچاوەیەكی سیاسی رایگەیاند كە كورد و سوننە سەركردەكانی شیعەكان ئاگادار كردوەتەوە كە دەنگ بە حكومەتەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی نادەن.

ژیان_بەغداد: محەمەد كەربولی، ئەندام پەرلەمانی عێراق،لە هاوپەیمانیی سوننەكان رایگەیاند محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو پیاوی ئەم قۆناغە نیە، بۆیە هاوپەیمانییەكەیان دەنگی پێنادات.

كەربولی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی كە ئەوان لایەنگیریان تەنها بۆ هاووڵاتیان و داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانە، كە حكوومەتی عەللاوی رەت دەكەنەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە كە ئەو پێوەرانەی عەللاوییش رەت دەكەنەوە كە بۆ دەستنیشانكردنی وەزیرەكانی كابینەی حكوومەتە كاتیەكەی دایناوە.

سەرچاوەیەكی سیاسی رایگەیاند كە كورد و سوننە سەركردەكانی شیعەكان ئاگادار كردوەتەوە كە دەنگ بە حكومەتەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی نادەن.

سایتی سۆمەریە نیوز لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی بڵاویكردەوە كە هێزەكانی كورد و سوننە بە فەرمی بە سەركردە شیعەكانیان راگەیاندوە كە دەنگ بە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو نادەن و داوایان كردوە عەلاوی لە خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێ بكشێتەوە.

لێدوانەكەی ئەو سەرچاوە سیاسییە لەكاتێكدایە كە رۆژی سێشەممە 18ی شوباتی 2020، بەسەرۆكایەتیی هوشیار زێباری و لاهور شێخ جەنگی، چوونەتە بەغدا بۆ تاوتوێكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و بەشداریكردنی كورد لە حكومەتی نوێی عیراق‌ بە سەرۆكایەتیی محەمەد عەلاوی.

بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بۆ دەنگدان لەسەر كابینەی حكوومەتی كاتیی عێراق ئەنجام بدات.

رۆژی یەكشەممە 01-02-2020 د. بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق بە فەرمی محەممەد عەللاویی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق و پێكهێنانی حكومەت راسپارد، ئێستاش عەللاوی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەستی بە گفتوگۆ كردووە ‌و كوردیش بە یەك شاند بەشداریی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت دەكات.