سبەی لە ئێران حەوت هەزار كەس ركاربەری بۆ بەدەستهێنانی 290 كورسیی پەرلەمان دەكەن


سبەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەدەچێت و حەوت هەزار كەس ركاربەری بۆ بەدەستهێنانی 290 كورسی پەرلەمان دەكەن.

ژیان_ئێران: ئەمڕۆ پێنجشەممە هەڵمەتی بانگشەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئێران لە كاتژمێر 8ی بەیانییەوە وەستێنرا، و سبەینێ هەینی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران دەستپێدەكات.

هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئێران كە لە 13ی ئەم مانگەوە دەستیپێكردبو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە وەستێنرا، بڕیارە سبەی هەینی دەرگای بنكەكانی هەڵبژاردن بەڕوی دەنگدەراندا بكرێتەوە.

سبەینێ هەڵبژاردنی خولی یانزەهەمینی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمینی ئەنجومەنی شارەزایانی ئەو وڵاتە.

لە هەڵبژاردنەكەدا حەوت هەزار و 143 كەس خۆیان كاندیدكردوە، بۆ بەدەستهێنانی 290 كورسی لە پەرلەمانی ئێراندا، كە پێنج كورسیان بۆ كەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەكان تەرخانكراوە.

دوێنێ چوارشەممە عەبدولڕەزا رەحمانی، وەزیری ناوخۆی ئێران لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەڵبژاردنەكە لە 55 هەزار ناوەندی دەنگداندا بەڕێوەدەچێت، كە بەسەر 208 بەڕێوەبەرایەتی هەڵبژاردندا دابەشكراون لەسەتاسەری وڵاتدا".