حکومەت: رێگری لە گرانکردن و بردنەدەرەوەی کەلوپەلی پزیشکیی دەکەین


وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ رێگریکردن و رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەشڵێت، رێگری لە گرانکردن و بردنەدەرەوەی کەلوپەلی پزیشکیی دەکەین.

ژیان _ هەولێر: رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ رێگریکردن و رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەر شتێک ئەگەر لە دەزگا فەرمییەکانی حکومەتەوە نەبێت، دوورە لە راستییەوە، بۆیە ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە دوورن لە راستییەوە، تاکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان نییە بۆ سنووردارشکردنی گەشتیارانی ئێران بۆ وڵاتی خۆیان.

وەزیری ناوخۆ، داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد کە هاوکاری دەزگا حکومییەکان بکەن و رەتیشکردەوە، هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرابێت.

دەشڵێت، هەماهەنگی تەواومان لەگەڵ بەغداد و رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێک.

ئاماژەی بەوەشدا، سزای ئەو کەسانە دەدەین کە هەر پێداویستییەکی پزیشکی گران بکەن و رێگری لە گرانکردن و بردنەدەرەوەی کەلوپەلی پزیشکیی خۆپارێزی دەکەن.

سەبارەت بەو هاووڵاتیانەی کە لە وڵاتی ئێرانەوە دێنە هەرێمی کوردستان وتیشی: هاووڵاتییان دەتوانن لە سنوورەکانی حاجی ئۆمەران و باشماغ و پەروێزخان-ەوە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان جگە لەو سێ دەروازەیە سەرجەم دەروازەکانی دیکە دادەخرێن.