تەندروستیی دهۆك: لەبارەی بوونی حاڵەتی كۆرۆنا ڕونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە


ئەمڕۆ شەممە 22 شوباتی 2020بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی‌ دهۆك ئەو دەنگۆیانەی‌ رەتكردەوە كە باس لەوە دەكەن حاڵەتی توشبوون لە پارێزگاكە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كرابێت.

ژیان_دهۆك: نزار عسمەت بەڕێوەبەری‌ تەندروستیی‌ پارێزگای‌ دهۆك رایگەیاند:" دەنگۆی‌ هەبوونی‌ حاڵەتی‌ توشبوون بە ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا كە لە چەند پەیج و ماڵپەڕێك بڵاوكرایەوە هیچ بنەمایەكی‌ نیە وهەتا ئێستا هێچ حاڵەتێكی‌ گومانلێكراو لە پارێزگای‌ دهۆك بوونی‌ نییە".

وتیشی: لە سەرەتای‌ دەركەوتنی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا لە جیهاندا ئەوان هەموو ڕێكارێكی‌ پێویستیان گرتووەتە بەر و بەردەوام كار دەكەن بۆ پاراستنی‌ تەندروستی‌ هاوڵاتییان تا دووربن لەو نەخۆشییە.

ئەوەش لە كاتێكدایە، كە ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم ئەوەی‌ رایگەیاند هیچ حاڵەتێكی توشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم تۆمار نەكراوە و ئەگەر شتێكی لەو جۆرەش رووبدات لە هاوڵاتیانی ناشارنەوە.

رۆژی هەینیش وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی ڕێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاریدا سەرجەم گەشتەكانی نێوان ئێران و هەرێم ڕابگرێت و داواشی لە هاوڵاتییانی هەرێم كرد گەشتەكانیان بۆ ماوەیەكی كاتی بۆ ئەو وڵاتە دوابخەن.