سبەی مووچەی ئەم وەزارەتە دابەشدەكرێت


وەزارەتی دارای و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند سبەی مووچەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دابەشدەكرێت.

ژیان_سلێمانی: وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، سبەی یەك شەممە، بەرواری 23/2/2020 مووچەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دابەش دەكرێت.

ئەوەش لە كاتێكدایە كە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە 5 شوباتەوە دەستیپێكردوە و تاكو ئێستا تەواو نەبووە، هۆكارەكەشی نەهاتنی بەشە پارەی مانگانەی هەرێمە لە بەغداوە، وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراقیش دڵنیایی داوە لەوەی كە نەهاتنی بەشە پارەی هەریم تەنها بەهۆی كێشەی هونەری بووە و پەیوەندی بە ململانێی سیاسییەوە نیە و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغدادەوە بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی موچە پشت بە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەكەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشكی هەرێمی كوردستانە لە بەغداوە كە مانگانە 522 ملیار دینارە.