توركیا سەربازێكی كوژرا و 21 پێگەی سوپای سووریای بۆردومانكرد


ئەمڕۆ شەممە 22شوباتی 2020 لە ئاكامی بۆردومانێكی سوپای سووریا، سەربازێكی توركیا كوژرا و لە بەرامبەریشدا، سوپای توركیا 21 پێگەی سوپای سووریای بۆردومان كرد.

ژیان_سوریا:وەزارەتی بەرگری توركیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هەموو رێكارێكی پێویست لە كات و ساتی خۆیدا دەگرینە بەر و وەڵامی هەر هێرشێكی سووریا دەدەینەوە.

بە كوژرانی سەربازێكی سوپای توركیا، ژمارەی ئەو سەربازانەی توركیا لە ماوەی ئەم مانگە لە سنووری ئیدلب كوژراوون گەیشتە 16 سەرباز.

لە شاری ئیدلیبی باكووری سوریا هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە هاوكاری تانك و زرێپۆش و هێزە كۆماندۆكانی توركیا دژە هێرشیان دەستپێكرد بۆ گرتنەوەی شاری سەراقیب>

ئاژانسی سپۆتینگی روسی ئاشكرایكرد كە سوپای توركیا و چەكدارە سورییەكانی لایەنگری دەستیان بە هێرش كردووە بۆ سەر بنكەكانی سوپای سوریا لە گوندی نەیرب سەر بە شاری سەراقیب.

لەلایەكی دیكەوە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، شەڕ لە رۆژهەڵاتی ئیدلەب بەردەوامە و هێزەكانی توركیا چونەتە نێو شارۆچكەی نەیرەب.

بەپێی راگەیەندراوێكی روانگەی سوری، شەڕ و پێكدادانێكی قورس لە شارۆچكەی نەیرەب لە رۆژهەڵاتی ئیدلەب لەنێوان هێزەكانی توركیا و سوپای سوریا رویداوەو  هەردو هێزەكە كوژراو و برینداریان هەیە.

ماڵپەڕی فەرمی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی توركیا بڵاویكردوەتەوە، ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لەماوەی یەك كاتژمێردا لە دەوروبەری ئیدلەب، دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی چاودێریی روسیایان خستوەتە خوارەوە.

لەلایەكی دیكەوە سوپای سوریا رایگەیاندوە، لەشەڕ و روبەروبونەوەكانی ئەمڕۆدا چوار تانك و زرێپۆشی توركیایان لەناوچەی نەیرەب تێك شكاندوە.