ئەوقافی گەرمیان: لەکەس قبوڵ ناکەین بێڕێزی بەرامبەر بە ئاینی ئیسلام بکات


بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی گەرمیان رایگەیاند، رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرینەبەر لە ژێر ناوی نمایشی ھونەری بێڕێزیان بەرامبەر بە ئایینی پیرۆز و شكۆی مامۆستایانی ئایینی كردووە.

ژیان_ گەرمیان: بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت، دوێنێ لە ژێر ناوی نمایشی ھونەری چەند كەسێك لە ڕێگەی ئاماژە و دیالۆگەوە بەئاشكرا بێڕێزیان بەرامبەر بە ئایینی پیرۆز و شكۆی مامۆستایانی ئایینی كردووە، ئەم كارە بە ئامانجە جگە لە تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی، برینداركردنی ھەستی خەڵكی كوردستانە كە زۆربەیان موسوڵمانن.

دەشڵێت، بەتوندی ئیدانەی ئەم كارە دەكەین كە لە ژێر ناوی جیاجیا ئەنجامدەدرێن و تیایدا بێڕێزی بە باوەڕی خەڵكی كوردستان دەكەن، لە ھەمانكاتیشدا ھۆبەی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی گەرمیان رێكاری یاسایی بەرامبەر بكەرانی ئەم كارە دەگرنەبەر و رووبەروی دادگا دەكرێنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی گەرمیان دەڵێت، جەخت لە پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی گیانی پێكەوەیی نێوان ھەموو لایەك دەكەینەوە.