یەکێتی جێگر و سکرتێر و بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێرێت


بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنى سەرکردایەتى یەکێتى کۆببێتەوە و سکرتێر و جێگری سکرتێر و بڕیاردەری ئەنجوومەنەکە هەڵببژێردرێت.

ژیان_ سلێمانی: رەهبەر سەید ئیبراهیم، ئەندامى ئەنجوومەنی سەرکردایەتى یەکێتى، بە (ژیان)ی راگەیاند، کاتژمێر ٢:٠٠ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٠  ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوە سکرتێر و جێگری سکرتێر و بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێن، دوای ئەوەش لە قۆناغی یەکەمدا مەڵبەندەکان هەڵدەبژێردرێن.

سەبارەت بە بوونی جێگر بۆ هاوسەرۆکەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتیشی: هاوسەرۆکەکان جێگریان نابێت، چونکە ئەگەر وابێت دەبێت پەیڕەو هەڵبوەشێندرێتەوە، چونکە لە پەیڕەوەکەدا جێگری تێدا نییە، تاکو ئێستاش باس لە دەسەڵاتی هاوسەرۆکەکان نەکراوە، بەڵام ئەوەندە وتراوە کە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەرزترین دەسەڵاتە.

دەشڵێت، سکرتاریەتى ئەنجوومەنى سەکردایەتى لە سێ کەس پێکدێن و دەکرێن بە ستافی بەرێوەبردن و دیاریکردنى کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى سەکردایەتى، هەروەها پێنج کارگێڕ هەڵدەبژێردرێن کە ئیش و کاری رۆژانە دەکەن، مەکتەب سیاسیش لە کارگێڕەکان و بەرپرسی مەکتەبەکان و وتەبێژ پێکدێت.