عەدنان عوسمان: بە پارتیمان وتووە تاوەکو ئەوکاتە بەردەوامدەبین کە حکومەت لە چاکسازیی بەردەوام بێت

یەکێتی بۆ پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی دەستی دەستیمان پێدەکەن

عەدنان عوسمان, ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، رەتیدەکاتەوە گۆڕان لەسەر ئەو سکەیە لایدابێت کە نەوشیروان مستەفا داینابوو، دەشڵێت ئەوانەی لە سیاسەتی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان ناڕازین، وەک گۆڕانخواز ماونەتەوە و نەبونەتە پارتی. 

ژیان - وریا حوسێن:
ژیان: کاتێک وەک ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن دەستبەکاربوون، وتتان پلانتان هەیە  بۆئەوەی بزووتنەوەکە هەستێننەوە، بەڵام هێشتا خەڵک لە دۆخی نێوخۆیی بزووتنەوەکە رازی نین؟

عەدنان عوسمان: بزووتنەوەی گۆڕان دابەشدەبێت بەسەر سێ قۆناخدا، قۆناخی کاک نەوشیروان کە بە دانایی و کاریزمایی خۆی، کاری ئۆرگانەکانی دەکرد و هاوکات سەرکردایەتی بزووتنەوەکەشی دەکرد و بەشێکی زۆر لە بۆشاییەکانی پڕکردبووەوە. قۆناخی دووەم، بە نەخۆشکەوتن و مەرگی کاک نەوشیروان دەستپێدەکات کە هێشتا بەشێک لە ئۆرگانە گرنگەکان دانەمەزرابوون، وەک خانەی راپەڕاندن. دوای مەرگی ئەو بەماوەیەکی کەم، خانەی راپەڕاندن دامەزرا. نەمانی کاک نەوشیروان، زیانێکی گەورەی لە بزووتنەوەکەدا.چوونکە ئەو کێوێکی سەختبوو بەپشتی گۆڕانەوە، هەروەها پێڕەونەکردنی تەواوی ئەو بەرنامە و تێڕوانینە سیاسیی و رێکخراوەییانەی کاک نەوشیروان هەیبوو، هەروەها تێڕوانینی کاک نەوشیروان بۆ مەلەفە سیاسییەکان و خوێندنەوەی داهاتوو. 

هێشتا كاك شۆڕش حاجی هەر گۆڕانە

کاک نەوشیروان، لە ساڵی 2007 کە کۆمپانیای وشەی دروستکرد و دواتر کە بزووتنەوەکەی لە 2009 دروستکرد، هەوڵیدا دابڕانێکی مەعریفی گەورە لە بواری سیاسەت و فکر و رێکخستن، لەگەڵ شێوازی تەقلیدی حزبایەتیکردن لە کوردستان بکات. بە مەرگی خۆی، هەندێک لەو سەرکردانەی کە پیشتر دەستوپەنجەیان لەگەڵ شێوازە تەقلیدییەکەی سیاسەت نەرم کردبوو، پۆستیان لەنێو بزووتنەوەکەدا وەرگرت و ئەوەش وایکرد ئەو دابڕانە جارێکی دیکە هەندێک لاوازی تێبکەوێت.ئەوە سەرباری ئەو ساختەکارییە زۆرەی هەڵبژاردن کە گۆڕانی هەندێک لاوازکرد، ئێمە ئەو قۆناخە ناودەنێین قۆناخی خۆپاراستن و مانەوە. ئێستا ئێمە پێمان ناوەتە قۆناخی سێیەم کە هەوڵدانە بۆ گەڕاندنەوەی گۆڕان بۆ نێو هەمان کەشوهەوای سەردەمی کاک نەوشیروان و بەهێزکردنەوەی بزووتنەوەکە. 

ژیان: گۆڕان لەو سکەیە ترازاوە کە نەوشیروان مستەفا خستبوویە سەری؟
عەدنان عوسمان:
نا، لەسەر هەمان سکەی خۆیەتی، بەڵام بڕیک خاو ببوویەوە و ئێمە لە هەوڵداین خێرای دەکەینەوە. منیش بۆخۆم زۆر لەو دۆخەی ئیستا رازی نیم، بەڵام لە هەوڵداین و کاردەکەین.کاک نەوشیروان هەرزوو گوتی، ئەمە رێگایەکی دوور و دریژ و سەختە و پشوودریژیی دەوێ.

ژیان: ئێستا تۆ لە دۆخی نێوخۆیی گۆڕان، زۆرتر لەچی ناڕازیت؟
عەدنان عوسمان:
من بۆخۆم لە کۆمپانیای وشەوە کار لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە دەکەم، ئێمە سەرەتا لەگەڵ کاک نەوشیروان رێککەوتین کە جووڵانەوەیەکی سیاسی بەرپا دەکەین، بەڵام سەرەتا دەبێت جووڵانەوەیەکی رۆشنبیریمان هەبێت. هەوڵماندا شێوازی کلاسیکی حزبایەتی و ئایدۆلۆژی و رێکخستن وەلانێین و هەموو فۆکەسێکمان لەسەر ئایندەبێت.هەستەکەم ئەوە کاڵبووەتەوە لە قۆناخێک لە قۆناخەکاندا و، دەبێت دیسانەوە تۆخی بکەینەوە. 

پابەندین بەو رێككەوتننانەی لەگەڵ پارتی و یەكێتی كردوومانە

ژیان: بەڵام بە شێک لە گۆڕانخوازان تەنانەت بزووتنەوەکەشیان جێهێشتووە؟
عەدنان عوسمان:
جا ئەوە خاڵێکی ئەرێنییە و گۆڕانخوازان پێیانوایە گۆڕان لایداوە لە رۆحییەتی گۆڕانخوازیی و دەبێت بەخۆیدا بچێتەوە. ئەوانە نەبوونەتە پارتی و یەکێتی و لایەنی دیکە و هێشتا لە بەرەی ریفۆرمخوازیدا ماونەتەوە، کەواتە هێشتا لە بەرەی گۆڕانخوازیدان.

ژیان: لەم رۆژانە شۆڕش حاجی وتارێکی لەبارەی دۆخی گۆڕان بڵاوکردەوە و وتی، گۆڕان شکستیهێناوە؟
عەدنان عوسمان:
پێموانییە گۆڕان شکستیهێنابێت. لەوانەیە لە چەند مەلەفێکدا گۆڕان شکستیهێنابێت یان وەک پێویست بە ئەرکی خۆی هەڵنەستابێ. هەموو ئەو برادەرانەی پیشتر لە خانەی راپەڕاندن بوون، ئەوانیش بە شێوەیەک لە شێوەکان، لە سەرکەوتن و شکستی مەلەفە جیاوازەکان بەرپرسیارن. ناشکرێ رۆڵ و بەرپرسیارێتی خۆی لە رابردوو، بە وتارێک دوور بخاتەوە. گۆران وەک پرۆسەی شکستینەهێناوە، بەڵام وەک بزووتنەوەکە، بەڵی لە چەند مەلەفێکدا خاوبووەتەوە.

ژیان: شۆڕش حاجی وازی لە گۆڕان هێناوە؟
عەدنان عوسمان:
وەک فکر و وەک سیاسەت و وەک رێکخستنیش لە بزووتنەوەی گۆڕان ماوە. پێشموایە خەمخۆری بزووتنەوەی گۆڕانیشە.

ژیان: چەند جارێکیش سەردانی عوسمان حاجی مەحموودتان کرد، هەوڵەکانتان بەچی گەیشت بۆ دەستبەکاربوونەوەی ئەو سەرکردانەی گۆڕان کە دانیشتوون و دوورە پەرێزن؟
عەدنان عوسمان:
عوسمانی حاجی مەحموود یەکێکە لە پیاوە جوامێر و دڵسۆزەکانی ئەم نیشتمانە. رەنجی زۆریداوە بۆ ئەم نیشتمانە و پیاوێکی تێکۆشەرە، ئەو خۆی بریار لە ئایندە و شێوازی کارکردنی خۆی دەدات و کەس ناتوانێ بڕیار لە شێوازی کارکردنی سیاسی ئەو و کاک قادر و هەر بەڕێزێکی تر بدات.من بۆخۆم پێموایە گۆڕان شوێنی کارکردنی کاک عوسمان و کاک قادر و هەر بەڕێزێکی دیکەیە و دڵنیاشم لە رێگای گۆڕانەوە ئەوان خزمەتێکی گەورە بە کۆمەڵگای کوردستان دەکەن. ئەوان هەرچی بکەن، دەبێت رێزیان لێبگیرێت تەنانەت ئەگەر حزبی دیکەش دروستبکەن. پیشمخۆشە ئەگەر هێزێکی سیاسیش دروستبکەن، نزیکترین بن لە گۆڕانەوە.

ژیان: پێشتر دەوترا پەراوێزخستنی گەنجان لەناوەندی بڕیار خاڵی لاوازی گۆڕانە، خۆ ئێستا نیوەی خانەی راپەڕاندن گەنجن؟
عەدنان عوسمان:
بەپێچەوانەوە ئیستا گۆڕان کاری زۆر لەسەر گەنج دەکات، نزیکەی لە 80%ی ژوورەکانمان گەنجی تێدایە و تێبینیمان کردووە وەک پیویست ژن لە نێو ژوورەکان و ناوەندی بریاری گۆڕان نییە و کار لەسەر ئەوە دەکەین ژن تاوەکو ئاستێکی باڵا.

ژیان: لە جێبەجێکردنی خاڵ و بڕگەکانی رێککەوتننامەکەتان لەگەڵ پارتی بۆ حکومەت، رازیت؟
عەدنان عوسمان:
رێککەوتنەکەمان هەم باش و هەم پێویست بوو. دەرکەوت پارتی و یەکێتی رێککەوتنی حوکمڕانی خۆیان کردووەتە ئەمری واقیع، تۆ دەبێت لەو فەزایەدا هەوڵبدەیت هەبیت و چاکسازیی بکەیت.بۆیە ئێمە نەک پەشیمان نین، بگرە پابەندین بە رێککەوتنەمان لەگەڵ پارتی و ئەوەی پیشتریش لەگەڵ یەکێتی کردمان.

ئێستا لەناو ژوورەكانی گۆڕان ژمارەی گەنجان زۆرن بەڵام رێژەی ژنان كەمن

تێبینیمان زۆرە لەسەر هەردو رێککەوتنەکە. ئەوەی لەگەڵ یەکێتی کردمان، بەهەموو نیەتێکی باش چووینە پێشەوە ، کەچی بەشێکی زۆر لە پۆستەکانی بەرکەوتەی هەڵبژاردنی گۆڕان کە لای یەکێتییە، یەکێتی ئامادەنییە بیدات، هەرنەبێت بۆ ئەوەی ئاماژەیەک بێت بۆ تەبایی و پەیوەندی باشی نێوانمان.دەستی دەستیمان پێدەکەن، هەر جارێک کە سەریان لێدەدەین و سەرمان لێدەدەن، بەڵێن دەدەن لەماوەی چەند رۆژێک بیدەن و چەند رۆژ دەبێتە چەند مانگ و ساڵ. لەگەڵ پارتیش، بڕیاربوو لەماوەیەکی دیاریکراودا رێککەوتنەکە هەمووی جێبەجێبکرێت، بەڵام ئەوە چەند مانگ تێپەڕیوە و هەرجارە و بەبیانویەک، ئەو بابەتە دوادەخەن. 

ژیان: بەپارتیتان گوتووە تاوەکو کوێ لەگەڵ حکومەت بەردەوام دەبن؟
عەدنان عوسمان:
بەڵێ ئەوە دیوێکییەتی، دیوەکەی تری نیگەرانییەکانمان چاکسازییە. ئێمە لە پێناوی چاکسازیی بەشداریمانکردووە و چاکسازی لەسەر پشتی کیسەڵ دەڕوات و خەڵک چاکسازی خێرای دەوێت. حکومەت پێویستی بە لێپرسینەوەی ئازایانە و بریاری ئازایانە هەیە، هێشتا دەبینین بەهەدەردان و گەندەڵی هەیە . بێگوومان بە پارتیمان گوتووە تاوەکو ئەوکاتە بەردەوامدەبین، کە حکومەت لە چاکسازیی بەردەوام بێت.

ژیان: راوێژکارەکانی سەرۆکی حکومەت، رۆڵی وەزیرەکانی ئێوەیان کەمکردووەتەوە؟
عەدنان عوسمان:
نەخێر تاوەکو ئێستا هەستبەوە ناکەین.

ژیان: پەیوەندیتان لەگەڵ یەکێتی، نەدۆست نەدوژمنە، بۆچی؟
عەدنان عوسمان:
نە ئێمە بەچاوی دوژمن سەیری یەکێتی دەکەین و نە ئەوانیش وا سەیرمان دەکەن.ئیرادەیەک دەبینم لە سەرکردایەتی یەکێتییەوە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانمان، بەڵام تێناگەم بۆچی تاوەکو ئێستا ئەو ئیرادەیە نەبووەتە کردار.یەک رێگامان هەیە، ئەویش دەبێ خاڵە هاوبەشەکانمان بدۆزینەوە و کاریان پیبکەین و زیاتریان بکەین.

ژیان: بۆچی بە فەرمی پیرۆزبایی کۆنگرەتان لە یەکێتی نەکرد؟
عەدنان عوسمان:
لەوانەیە پیرۆزبایی کرابێـت، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەی یەکێتی کۆبوونەوەکانی خۆی کۆتایی پێبهێنێت و بە فەرمی پیرۆزباییان لێبکەین.

ژیان: پێتانوایە هاوسەرۆکی و ئەو گۆڕانکارییانەی یەکێتی کردویەتی، رۆڵی دەبێ لە پەیوەندییەکانی داهاتووتان؟

عەدنان عوسمان: هاوڕێی یەکین و سەردانیان دەکەین و پیرۆزباییان لێدەکەین، بەڵام وەک گوتم دەبێ کۆبوونەوەکانیان تەواو بکەن و هەروەها مەکتەبی سیاسی و دەستەی کارگێڕیی و دامەزراوەکانی دیکە یەکلایی بکەنەوە. یەکێتی بریاری خۆیەتی چۆن میکانیزمی بەڕێوەبردنی حزبەکەی دیاریدەکات، بەڵام هیوادارین ئەو گۆڕانکارییانە بە خزمەتی ئاسایشی نیشتمانی ئەم ناوچەیە بشکێتەوە و بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی گۆڕان و یەکێتی و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە بێت. ئێمە چوەڕوانی کرداری باشین.

ژیان: رەوشەکە لە بەغدا چۆندەبینن؟
عەدنان عوسمان:
ئەوەی ئیستا هەیە خراپە. ئاراستەیەک هەیە کاردەکات بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی لە نەخشەی سیاسی، بەداخەوە لە ماوەی رابردوو پارتی و یەکێتی لەو بوارەدا رۆڵی خراپیان هەبووە بەوەی ئێمە لە بەغدا میوانین و پۆستخوازین. کورد لە بەغدا سەرۆککۆماری هەبووە و پۆستی باڵای بەدەستەوە بووە، نەیتوانیوە هەنگاوێک بە ئاراستەی بەرکەوتەی دەستووری هەرێمەکەدا بروات و کار لەسەر چەسپاندنی لامەرکەزییەت و پرسی بوودجەی هەرێم و ماددەی 140 و کێشەکانی دیکە بکات. دەبوو شەڕی گەورە لەسەر ئەوانە بوایە، نەک پۆستەکان و ژمارەی پۆستەکان. 

ژیان: کارنامەی حکومەتەکەی عەللاوی بۆنی چی لێدێت بۆ کورد؟
عەدنان عوسمان:
من ترسی ئەوەم هەیە، بە سود وەرگرتن لە داخوازییەکانی شەقام بەوەی لەژێر هەیمەنەی حزبەکان دەربچن، هەرچەندە تاراددەیەک ئەوە بە باش دەزانم، بەڵام ترسی گەڕانەوەی مەرکەزییەتم هەیە لە بەغدا.دەبێ کار و خەمی ئێمە بۆ جێبەجێکردنی دەستورییانەی ماف و داخوازییە نەتەوەییەکانمانبێت، نەک خەمی پۆست.