گۆڕان بەشێك لە پشكەكانی تری لەحكومەت وەردەگرێت


رێكخەری‌ ژوری‌ حكومەتی بزوتنەوەی‌ گۆڕان بریكارەكانی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆ و پەروەردە كە لە پشكی گۆڕانن هەفتەی‌ داهاتو دەستبەكاردەبن بۆ ئەوەش مەرسومی سەرۆكایەتی دەرچووە. 

ژیان- سلێمانی: كاوە عەبدوڵڵا، رێكخەری‌ ژوری‌ حكومەتی بزوتنەوەی‌ گۆڕان، راگەیاند: لێكتێگەیشتنی‌ گونجاو هەیە بۆ وەرگرتنی‌ بەركەوت و پۆستەكانی‌ دیكەی بزوتنمەوەی گۆڕان‌ لە كابینەی‌ نۆیەمی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان.

ناوبراو لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمی بزوتنەوەكە ئاشكرای دەكات: مەرسومی‌ سەرۆكایەتی‌ بۆ بریكارەكانی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆ و پەروەردە كە لە پشكی گۆڕانن دەرچووە و هەفتەی‌ داهاتوو دەستبەكاردەبن.

ئەو كەسانەشی گۆڕان وەك سزادراوی سیاسی ناساندونی كە ژمارەیان 320 كەسە مامەڵەی‌ كارگێڕی‌ و یاسایی‌ تەواوبووە و لەداهاتویەكی‌ نزیكدا لە كارەكانی‌ پێشویان دەستبەكاردەبنەوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت ئەو بزوتنەوەی لە هاوپەیمانێتیەكی فراواندایە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، لە ماوەی رابردوو ناڕەزایی هەبوو لەسەر دەستی دەستی پێكردنی پارتی و تیمی حكومەتی ئەو حزبە بەوەی كە نایەوێت رێكەوتنەكەی نێوانیان جێبەجێ بكەن.