سەرۆكایەتی یەكێتی مژدەی دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ دەدات


سەرۆكایەتی یەكێتی لەساڵیادی راپەڕیندا پەیامێكی بڵاو كردەوە و داوای پشتیوانی لە خەڵك و لایەنگرانی حزبەكەی دەكات و مژدەی نوێكردنەوەی حزبەكە و دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ دەدات. 

ژیان- سلێمانی: سەرۆكایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕینی خەڵكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "مژدەتان پێدەدەین كه لەگەڵ نوێكردنەوەی یەكێتی و دەستپێكردنی قۆناغی نوێی خەباتی حزبی شەهیدان و راپەڕین،‌ قۆناغێكی نوێی راپەڕینیش دەست پێدەكات‌".

لەو پەیامەدا كە كۆپیەكی بۆ (ژیان) نێردراوە هاتووە "چاومان لە‌ پشتیوانیی تەواوی خەڵكی كوردستانە، بەتایبەت گەنجان و نەوەكانی دوای راپەڕین، كە پێكەوە هەڵە و كەموكورتی و كەمتەرخەمییەكان دەستنیشان بكەین".

پەیامەكەی سەرۆكایەتی یەكێتی داوای ئەوەش لەلایەنگران و خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكات "پێكەوە پارێزەری دەسكەوتەكانی راپەڕین و رۆحی شۆڕشگێڕانە بین و بە پلانی ورد و بەهێز و هەماهەنگی لایەنەكان، كوردستان بەرەو كەنارێكی ئارام بەرین".

دەقی پەیامەكە: 

پەیامی سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەكان
رێكخستنە نهێنییەكان
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

(٢٩)ساڵ لەمەوبەر، گەلی سەربەرزی كوردستان راپەڕی و تۆماری دەیان ساڵ دیكتاتۆریی: تەعریب و تەبعیس و قڕكردن و داگیركاریی دوژمنی خوێنڕێژی پێچایەوە. لە رۆژێكی پیرۆزی وەكو ئەمڕۆ و، لە دەروازەی سەوزی راپەڕینەوە، ئازادیی بەسەر ژێردەستەیی و، گەردن بەسەر پەتی سێدارە و، دایكی شەهید بەسەر كۆستدا، سەركەوت. بەم بۆنە شكۆدارە مێژووییەوە‌‌‌، پیرۆزبایی گەرم لە یەك بە یەكتان دەكەین. دەستی ماندووی تێكۆشەرانی گەلەكەمان دەگوشین، سڵاوی رێز و وەفا بۆ سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەتایبەت بۆ ئەندازیاران و پارێزەرانی راپەڕین، مەفرەزە پارتیزانەكان و بەرەی كوردستانی و، تەواوی قارەمانانی ئەم گەل و نیشتمانە دەنێرین و، یاد و خەباتیان بەرز رادەگرین.

گرنگە هەموومان، نەوەكانی پێش راپەڕین و دوای راپەڕین، لەیادمان بێت كە راپەڕین، بەرهەمی خوێنی سەدان هەزار شەهید، بەرئەنجامی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ و، لوتكەی سەركەوتنی سەدان داستانی پڕ قارەمانێتی و، چەپكە گوڵی سكرتێری گشتیی كۆچكردوومان هەڤاڵ مام جەلال بوو‌ بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

یەكێتی بە چاوی شكۆ و رێزەوە،‌ دەڕوانێتە ئەو نەوە فیداكارەی كە دژی دیكتاتۆر راپەڕین. بۆیە بەڵێن دەدەین رێگەی خەباتیان وون ناكەین،‌ كوردستان و گەلەكەی و ئازادییەكەی دەپارێزین. و لەپێناو دابینكردنی خۆشگوزەرانیی راستەقینە بۆ رۆڵەكانی ئەم خەڵكە فیداكارە، وەك هەمیشە، لە سەنگەری پێشەوەی بوژاندنەوە و بنیادنان و بەرگریدا دەبین. 

راپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١، یەكێكە لە نمونە هەرە بەرجەستەكانی شۆڕشی گەلەكەمان و سەركەوتنیشی، نیشانیداین كە هیچ قۆناغێكی نوێ، بەبێ پشتیوانیی تەواوی كۆمەڵانی خەڵك نایەتی دی. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لە ئەدەبیات و رەفتاری خۆی دا، چ لە شاخ و چ لە شار، لە رابردوو و ئێستا و داهاتووشدا، تەنیا پشتی بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەستووە و دڵنیایە كاتێك‌ خەڵك پشتیوانی بن، سەفینیش لە بن بێ، یەكێتییەكەمان، لە بن نایەت.

لێرەوە و لەم ساڵیادە مەزنەی راپەڕین دا،‌ مژدەتان پێدەدەین كه لەگەڵ نوێكردنەوەی یەكێتی و دەستپێكردنی قۆناغی نوێی خەباتی حزبی شەهیدان و راپەڕین،‌ قۆناغێكی نوێی راپەڕینیش دەست پێدەكات‌.‌ قۆناغی هەماهەنگی بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و، دانانی بناغەیەكی پتەو بۆ كوردستانێكی ئازاد و ئاوەدان و، هاوسەنگ و سەقامگیر، بە پشتیوانیی كۆمەڵانی خەڵك، دەتوانێت رۆحی خەبات لەپێناو بەها باڵاكانی: ئازادی، ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین، تا گەیشتن بە دوا ئاواتی سیاسی نیشتیمانیمان، برەو پێبدات. بۆ گەیشتن بەم ئەنجامەش، ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەهەموو كات زیاتر، چاومان لە‌ پشتیوانیی تەواوی خەڵكی كوردستانە، بەتایبەت گەنجان و نەوەكانی دوای راپەڕین، كە پێكەوە هەڵە و كەموكورتی و كەمتەرخەمییەكان دەستنیشان بكەین و، هەر‌ پێكەوە، پارێزەری دەسكەوتەكانی راپەڕین و رۆحی شۆڕشگێڕانە بین و بە پلانی ورد و بەهێز و هەماهەنگی لایەنەكان، كوردستان بەرەو كەنارێكی ئارام بەرین. 

دووبارە پیرۆز بێت ٢٩ ساڵەی هەڵگیرسان و سەركەوتنی راپەڕینی گەلەكەمان 
سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
۲٠۲٠/۳/٥