مەلا یاسین: حەز ئەکەم بە کۆڵ بلۆک ببەم بۆ ئەزمەڕ بەڵام لەگەڵ ژن نەچم بۆ بازار

ئەو پیاوەى من کرێچى بووم لاى خۆم بووەوە بە کرێچى

ژیان- رێبوار ئەحمەد: یاسین مەحموود رەشید، ناسراو بە مەلا یاسین یەکێکە لە وەبەرهێنەرە دیارەکانی شاری سلێمانی، سەرۆکی دەستەی یەکێتی وەبەرهێنەرانی سلێمانی و وتەبێژی یەکێتیەکەیە، ئەو جگە لە کاری بازرگانی، دەزگایەکی میدیایی و ڕێکخراوێکی خێرخوازی دامەزراندووە، لەم ژمارەیەی (ژیان)دا قسە لەسەر ژیانە تایبەتەکەی خۆی دەکات.

ژیان: بۆ سەرمایەدارێک چی شتێک لە ساجی عەلی بە ئازارترە؟ 

مەلا یاسین: ئەوەی سەرمایەدار پێی نیگەران دەبێت، زەرەر کردن،بازاڕکزی، کەوتنی سومعەیە، دوای ئەوە مایە پووچ بوون یا کەوتنە سەر ساجی عەلییە، هەست ناکەم شتێکی تر هەبێت لەوە سەختتر بێت، چونکە من خۆم کەوتوومەتە سەر ساجی عەلی و دەزانم هەستێکی چۆنە، لە ژیانمدا لەوە قورستر و نارەحەتترم نەبینیوە، بەڵام لە ساجی عەلی خراپتر، نابوود بوونە.


ژیان: بۆچی کەوتیتە سەر ساجی عەلی؟
مەلایاسین:
ساڵی نەوەدەکان ئەو کات یەکێک بووم لە بازرگانە گەنجە دیارەکانی سلێمانی و سەرمایەیەکی زۆرم هەبوو، تەمەنم ١٦ ساڵ بوو و یەکێک بووم لەو سەرمایەدارانەی کە حکومەتی عێراق ڕێگەی دابووم خۆراک بهێنمە شارەکانی هەرێمی کوردستان، کە زیادکردنێکی ئاشکرای کارگەی جگەرەی سلێمانیم بردەوە، من منداڵترین بازرگان بووم، گەنجێکی دیار بووم بە کۆشک و تەلار و بە ئۆتۆمبێلی ئاخر مۆدێل،کاتێک ساڵی ١٩٩٣ نەوتی عێراق دەستی بە هەناردەکردن کرد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرنامەی نەوت بەرانبەر بە خۆراکی ڕاگەیاند، دۆلار داشکاندنێکی زۆری بەخۆیەوە بینی و لە ٨ هەزار دینارەوە هاتە سەر سێ هەزار و چوار هەزار، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی ژمارەیەک خەڵک مایە پووچ بن، منیش یەکێک بووم لەو کەسانە و، کەوتمە سەر ساجی عەلی، بەدەر لەوەی سامانەکەم ڕۆشت، تووشی قەرزێکی زۆریش بووم و نابوود بووم.

ژیان: بارودۆخت لە کاتی کەوتنە سەر ساجی عەلی چۆن بوو؟
مەلا یاسین:
زۆر ناخۆش بوو توانای ئەوەم نەبوو پێدوایستییە تایبەتەکانی ڕۆژانە بۆ خۆم و خێزانەکەم دابین بکەم، خانوومان نەما تێیدا بژین، مامی گەورەمان حاجی ڕەشید هات بە دەممانەوە و بردینییە سەر خانووەکەی خۆی، ساڵی ٩٣ تا ٩٤ نارەحەتترین ساڵی ژیانمان بوو، کە ئەچووین بۆ بازار بە پێ ئەڕۆشتین، تەنانەت پارەی کرێ پاسمان پێ نەبوو. ڕۆژێک یەکێک لە براکانم ناوی حاجی بەهادینە پرسیاری لێکردم وتی یەک دنیارت پێیە، یەک دیناری ئاسن؟ منیش پێموت نە بەخوا، براکەم وتی وەختە شێت بم  بۆ یەک بیبسی، دوایی لە شوێنێک زۆر فرمێسکم ڕشت بۆ ئەوەی لەو هەموو ئیمکاناتەوە هاتبوومە سەر ئەوەی نەتوانم بە دینارێک بیبسییەک بۆ براکەم بکڕم، لەو سەردەمەدا خانووەکەمان ناوی کۆشکی سپی بوو، لە گەڕەکی گۆیژەی تازە بەو ناوە بانگی دەرکردبوو.

ژیان:سەختترین بارودۆخی ژیانت چی بووە؟
مەلا یاسین:
قەرزاری پیاوێک بووم ماڵی لە عەربەت بوو، لەگەڵ ئامۆزایەکم چووین قسەی لەگەڵ بکەین تا قەناعەتی پێبکەین کە دەتوانم قەرزەکەی بدەمەوە، بەڵام پارەمان پێ نەبوو سەیارە بگرین و بە پێ ڕۆشتین تا نیوەی ڕێگاکە، لەوێ کەسێک سەری خستین و لەوسەرەوەش کە گەڕاینەوە بە پیاوێکمان وت پارەمان پێنییە، ئەتوانی بمانگەیەنی تا سلێمانی، پێموابێت ئەوە سەخترین ڕۆژەکانم بوون.

ژیان: پڕۆژە و کۆمپانیا و ئیشوکار و جەنجاڵی، دەرفەتی ئەوەیان هێشتووەتەوە وەک ڕۆژگاری گۆرەوی فرۆشتنەکەت ئاسایی و سادە بێ؟
مەلا یاسین:
لە سەردەمی گۆرەوی فرۆشتن و عەرەبانە و دەستگێڕیمدا، ئەو ژیانە زۆر خۆش بوو، پڕ خێر و پڕ بەرەکەت بوو. چونکە لە چوارچێوەیەکی بچووکدا ئیشمان ئەکرد، ڕۆژانە بایی شەش تا ١٠ دینار شتمان بفرۆشتایە، نیوەڕوان ئەچووین شلەوبرنجێکی سادەمان ئەخوارد. 

ئێستا من لە کافتریا و چێشتخانەی کۆمپانیاکەم دوو ڕۆژم کردووە  بە سادە، ئەوە یادەوەرییە، بیرمە کە گۆرەوییم دەفرۆشت، دوو ڕۆژمان دانابوو بۆ ئەوەی بە گۆشتەوە نان بخۆین، ڕۆژێک مریشک ڕۆژەکەی تر قۆزی بوو، چوار ڕۆژی تر کە لە بازاردا بووین سادەمان ئەخوارد، بەس ئێستا پێچەوانم کردووەتەوە . لە ژیانی دەوڵەمەند و سەرمایەدارییدا، ئەو سەروەتەی کە هەتە بیرکردنەوەشت وەک سەروەتەکەت فراواندەبێت و ئامادەی هاوکاریی خەڵکی هەژار بیت، تەنیا بیر لە خۆت نەکەیتەوە، ئەوا ژیانێکی زۆر زۆر خۆشە.

هەزار و 43 جار چاوپێکەوتنم لەگەڵ کراوە

لە دوو کاتدا لە ژیانی سەرمایەدارییما زۆر دڵخۆشم، یەکەم کاتێک پڕۆژەیەکم بۆ دەردەچێت و قازانجێکی زۆر دەکەم، ئەوە زۆر دڵم خۆشدەبێت، دەتوانم بڵێم دەرەجەیەکی بەرزی دڵخۆشییە، دووەم ئەو کاتەیە کەسێک دێت و پێویستی بە منە، پێویستییەکەی وەک خۆی جێبەجێدەکەم، یان بە زیادەوە بۆی جێبەجێدەکەم. 

لەم ڕۆژانەدا لە ڕۆژنامەیەک هاوڵاتییەک نامەیەکی کراوەی بۆ نوسیبووم و داوای هاوکاریی کردبوو، چووم سەردانم کرد دەبینم بارودۆخی زۆر خراپە، ئەویش دوو کچی وەک کچەکانی خۆمی هەیە، بۆم دەرکەوت ئەم پیاوە کەسێکە تەنها بە بڕی ١٣ هەزار دۆلار لە مردن نەجاتی دەبێت، ناردمانە دەرەوە چارەسەری بۆکراو پزیشکەکان دڵنیاییان پێداوە کە بە تەواوی باشدەبێت. 

ژیان: خاوەنی ئەو خانووە دەناسیتەوە کە تۆ کرێچی بوویت؟
مەلا یاسین:
بەڵێ، من لە چەند شوێنێک کرێچی بووم و تەنیا یەک خاوەن خانوومان نەبووە، یەکێک لە کرێچییەکان لە بەر نارەحەتی وەزعمان ویستی زۆر بە خراپی لە ماڵەکەی دەرمان بکات،  زۆر نارەحەتیکردم ، جارێکیان هاتەوە بەردەمم و داوای لێکردم ببێتە کرێچیم و خانوویەکی بۆ دابینبکەم، من وەک خۆی وەڵامم نەدایەوە، ئەوەی بۆمکرد، مێژوو دووبارەی ناکاتەوە، چوونکە هاوکارییەکی بەردەوامم بۆ بڕییەوە. 

ژیان: کابانی دەزانی؟
مەلا یاسین:
بەڵێ بە دڵنیاییەوە، بەوپێیەی من ساڵانێک بە زگوردی لە بەغدا ژیاوم و ئیشم کردووە، زۆر شت فێربووم، من دوو خێزانم هەیە، هەندێک خواردن هەیە ئەوەی من دروستیدەکەم، کە داوایان لێدەکەم بۆ دروستبکەنەوە ئەوان نایزاننوەک خۆم ئامادەى بکەنەوە.

ژیان: حەزت لە کام میوەیە؟
مەلا یاسین:
خەیار زۆر ئەخۆم، هەرچەندە خەیار بە میوە دانانرێت، بەڵام زۆر حەزم لێیەتی و هەست ئەکەم بەهۆی خەیارەوە گەنج ماومەتەوە، هەنار خۆرێکی باشم، کەس نییە وەک من ترۆزی بخوات.

ژیان: بە تەنیا بازارکردن خۆشە یان لەگەڵ ژن؟
مەلایاسین:
حەز دەکەم بە کۆڵ بلۆک بەرم بۆ گۆیژە بەڵام پێم نەڵێن لە گەڵ ژنەکەتدا بچۆ بازار، جاری وا هەیە بە سەعات و نیو ئەچیتە ناو مۆڵەکان، دوایی تەنیا بلوزێکی هەڵگرتووە، کە سەفەر ئەکەم جاری وا هەیە لە سەعاتێکدا جانتایەک دیاریی پڕ ئەکەم بۆ مناڵەکان و ماڵەوە، بەڵام کە لەگەڵ ئەوان سەفەر ئەکەم لە بەیانییەوە تا ئێوارە لە مۆڵێک بە چارەکێکی ئەو شتانە ناکڕم کە خۆم کڕیومە.

ژیان:ماڵ و منداڵەکەت زۆرتر لە چی گلەییت لێدەکەن؟
مەلا یاسین: 
من زۆر گرنگی بە نانی بەیانی دەدەم، یەکێک لەو کێشانەی لە ماڵەوە هەمە بەرنامەی نانی بەیانییە کە زۆر بۆڵە بۆڵی ژن دروستدەکات، من دەمەوێت چەند جۆرێکی جیاواز خواردن لە سەر سفرەی بەیانی بێت، ئەوەش وایکردووە بۆڵە بۆڵی ژنی لێبکەوێتەوە.

ژیان: ئەڵێن لە کتێب خوێندنەوە باش نیت بۆچی؟
مەلا یاسین:
پێشتر باش بووم بەڵام ئێستا بەهۆی کاری بزنسەوە ناخوێنمەوە، ئەوە واینەکردووە ئاگام لە رووداوەکانی ڕۆژ نەبێت، لە ماوەی کارکردنم وەک وتەبێژی وەبەرهێنەران، هەزار و ٤٣ جار چاوپێکەوتنم لەگەڵ میدیا جیهانی و ناوخۆییەکان ئەنجامداوە، کە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتیش وەک یەکێتی بەڵێندەران کۆبوونەوەمان کردووە، هەمیشە قسەکانی منیان بە هەند وەرگرتووە، کاتێک سەفەری دەرەوەم هەبێت، لە ناو فڕۆکە دەخوێننمەوە.

ژیان: بۆچی هەرگیز قەڵەو نابیت؟
مەلا یاسین:
گرنگی زۆر بە ژەمە خواردنی تەندروست دەدەم، بەردەوام پەیوەندیم لەگەڵ دکتۆرەکاندا هەیە و ڕاوێژیان لەگەڵ ئەکەم، ماوەیەکی زۆرە برنج ناخۆم، وەرزشێکی باش ئەکەم، هەفتانە چەند رۆژێک مەلەوانی دەکەم، ئەگەر دەست لە خۆم بەربدەم ئەوا قەڵەو دەبم، هیچ کات نانی گەنم ناخۆم، شەکر ناخۆم، وەک ئەبینیت خورما بە چاوە دەخۆم، سەرم سوڕماوە لە هەندێک بازرگان کە زۆر قەڵەو بوون.

ژیان: ئەگەر لە بازار بتخەڵەتێنن کاردانەوەت چێ دەبێت؟
مەلا یاسین:
کە دەچمە دوکانێک حەز ئەکەم مەعامەلە بکەم، معامەلەى زۆرمکرد بۆ کڕینى درعى ئەم مۆبایلەى دەستم، جاری وا هەیە عەقڵم نایبڕێت نایکڕم، هەندێکجار لە مەعامەلەدا هەڵیانخەڵەتاندووم و خەفەتی زۆرم پێخواردووە، ئەگەر شتێکی ئاسایی بکڕم ٢٠ دۆلار بمخەڵەتێنن ٣-٤ سەعات خەفەتى پێدەخۆم. جارێکیان لە براندێکی سلێمانی شتێکم کڕی هەڵیانخەڵەتاندم، ئەویش بە هۆی هاوڕێیەکمەوە زانیم، ئەو شەوە خەوم لێنەکەوت.

ئەگەر بەبڕى 20 دۆلار بمخەڵەتێنن 4 کاتژمێر خەفەتى پێدەخۆم

جاری وا هەیە لە هەمان شوێن کە ئەتخەڵەتێنن، کەس هەبووە ڕێی پێگرتووم پارەی پێویست بووە زۆر لەوە زیاترم پێداوە کە بە فێڵ لێمبراوە بەڵام دڵم خۆشبووە، چوونکە هاوکارییم کردووە تەنیا لە ماوەی قەیرانی داراییدا چوار ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینار هاوکاریمان بە سەر خەڵکی هەژاردا دابەشکردووە. 

ژیان:هاوڕێ هەرە باشەکانت ئەوانەن کە لە هەژارییدا ناسیوتن یان لە سەردەمی سەرمایەداریتدا؟
مەلا یاسین:
هاوڕێ باشەکانم هی سەردەمی هەژاریمن، هاوڕێی سەرمایەداریی تەنیا بەرژەوەندی بازرگانی پێکەوەیان دەبەستێتەوە. لەوانەیە لە سەر ئەو قسەیە گلەییم لێبکرێت، بەڵام ئەوە راستییە.

ژیان: بۆچی زۆر ژمارەى مۆبایل دەگۆڕی؟
مەلا یاسین:
من ئەو ژمارانەی کە پێمە هەر کراوەن، بەڵام تەنیا ئەوەیە خۆم بەکاریان ناهێنم. باوەڕ ناکەم کەس هەبێت لە کوردستان بە قەدەر من جوابی خەڵک بداتەوە، ئێستا بارودۆخێک دروست بووە خەڵک وا فێربووە کە پێویست ئەکات جوابی بدەیتەوە ئەگەر جوابی نەدەیتەوە ئەوا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەشهیرت پێدەکەن، بۆیە هەندێکجار وا دەخوازێت ژمارەکەت بگۆڕیت.

شێخ لاهور نازناوى مەلا یاسینى بری بەسەرمدا


ژیان:بۆچی پێتدەڵێن مەلا یاسین ؟
مەلا یاسین:
بەڵێ من قەت فەقێ نەبووم، بەڵام هەمیشە کەسێک بووم ئیلیزاماتی دینیم هەبووە، ئەو ناوە شێخ لاهور بەسەریا بڕیم، ئەو کاتەی کە یانەی نەورۆزمان پێکەوە دروستکرد، جارێکیان نوێژم دەکرد و بانگی منی کردبوو، وتبوویان نوێژ دەکات، لەوەوە ناوی مەلا یاسینم بەسەردا بڕا.