موسەننا ئەمین: شیعەکان دەیانەوێ لەناو فراکسیۆنەکانى خۆیان چەند کەسێک یەکلایی بکەنەوە

مالیکى نەخوازراوە لە شەقامى عێراقیدا ئاستەمە ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران

ژیان - ڕێبوار ئەحمەد: پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە دیارییکردنی کاندیێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران چەقی بەستووە، لایەنە شیعەکان هێشتا نەیانتوانیوە ناوی کەسێک بدەنە سەرۆککۆمار تا بۆ پێکهێنانی حکومەت رایسبپێرێت، ئەوەش وایکردووە دۆخی سیاسی عێراق بە تەمومژاویی بمێنێتەوە.

خۆپیشاندەران چاوەڕێی ئەوە دەکەن لایەنەکان کەسێک بەدڵی ئەوان دیارییبکەن کە حکومەت پێکبهێنێت، بۆیە جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران و لایەنە سیاسییەکان وایکردووە پێکهێنانی کابینەی حکومەت بگاتە ئەو کێشانەى ئێستا، لەگەڵ ئەوەی شیعەکان کاندیدی سەرۆکوەزیران دیاریی دەکەن، بەڵام کورد و سوننەش وەک پێکهێنەرێکی سەرەکی پرۆسەى سیاسى لە عێراق، داواکاریی خۆیان هەیە لە کابینەی نوێدا، بە بێ ڕەزامەندی ئەوانیش، تێپەڕاندنی حکومەت لە پەرلەمان کێشەی بۆ دروستدەبێت.

دکتۆر موسەننا ئەمین، ئەندامى فراکسیۆنى یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، دەڵێ دۆخەکە بەجۆرێک ناروونە، کەس نازانێ سوپرایزى ئەمجارە کێ دەبێت بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکوەزیرانى عێراق، چوونکە وەک ئەو باسیدەکات، فراکسیۆنە شیعەکان بە چڕی سەرقاڵى وتوێژن بۆ دەستنیشانکردنى چەند ناوێک تاوەکو بیدەنە سەرۆککۆمار.

ژیان: لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئێستا سەرقاڵی چین؟
د.موسەننا ئەمین:
ئێستا لایەنە سیاسییەکان سەرقاڵی دانانی کاندیدێکی نوێ و دیارییکردنی جێگرەوەیەکن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.


ژیان: باشترین بەدیل تاوەکو ئێستا کێیە؟
د.موسەننا ئەمین:
باشترین بەدیل و خراپترین بەدیل نییە، بابەتەکە ڕێککەوتنە لە سەر ئەو کەسەی بتوانێت متمانەی ناو لایەنە سیاسییەکان بەدەستبهێنێت، لەوێشەوە بتوانێت متمانەی پەرلەمانتارەکان بەدەستبهێنێت، ئەوە ئەسڵی بابەتەکەیە، واتە باش و خراپەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە، کاتێک بەلای لایەنەکان و پەرلەمانەوە باشبێت.


ژیان: ئەوەندەی ئێوە ئاگادار بن ناوی کەس هاتووە بۆ کاندیدکردنی؟
د.موسەننا ئەمین:
گفتوگۆکان لە نێوان پێکهاتە شیعییەکان بەڕێوەدەچیت و داخراون، چونکە ئەوە بە پلەى یەکەم ئەوان بە بابەتەکە تایبەتمەندن و پەیوەستە بەوانەوە، ئێستا سەرقاڵی ئەوەن چەند ناوێک هەڵبژێرن و بە میکانیزمی دەنگدان، لە ناو فراکسیۆنە سەرەکییەکانی پەرلەمان کەسێکیان دیارییبکەن، بە جۆرێک هەموویان بەڵێن بدەن دەنگ بەو کەسە بدەن کە خۆیان هەڵیانبژاردووە.


ژیان: ئێستا قسە لەسەر ئەوە دەکرێت جارێکی تر عەبدولمەهدی دابنرێتەوە؟
د. موسەننا ئەمین:
ئەمە سیناریۆی دووبارەکردنەوەیە و هەمان شکستی پێشووە. لەوانەیە نەتوانن کەسێکی جێگرەوە دیاریی بکەن، هەندێک کەس وا بیر دەکەنەوە، ئەم حکومەتەی ئێستا بەردەوامبێت تاوەکو کاتی هەڵبژاردنەکان.


ژیان: ئەگەرێکی بەهێزە بیر لە مانەوەی عەبدولمەهدی بکرێتەوە؟
د.موسەننا ئەمین:
لاواز و بەهێز لە عێراقدا ڕێژەییە، لەوانەیە کەسێک لە عێراقدا هیچ کات چاوەڕوانی ئەوەی نەکردبێت کە محەممەد تۆفێق عەللاوی یەکێک لەو کاندیدانە بێت نزیکبێت لە پێکهێنانی حکومەتی عیراق، وەک پێشتر وتم، زۆرێک لە بابەتە سیاسییەکانی عێراق پێشبینی نەکراون، بۆیە ناکرێت باسی ئەگەری بەهێز بکەی، ئەبێت بوترێت، ئەو کەسە دەرفەتی هەیە یان نا، بۆیە ئەوەش بژاردەیەک لەو بژاردانەیە کە ئێستا هەیە.


ژیان: دیسانەوە قسە لەسەر دانانەوەی نووری مالکی هەیە، کورد هیچ کێشەی هەیە لەگەڵ ئەو بابەتەدا؟
د.موسەننا ئەمین:
بێگومان هەمانە، کاتێک بیر لە کەسێک دەکەیتەوە، دەبێت بتوانیت پشتیوانی بۆ مسۆگەر بکەیت ئەو کەسە ناتوانێت پشتیوانی بەدەستبهێنێت، چونکە یەکێکە لەو کەسانەی زۆرترین ناڕەزایی لەبارەیەوە هەیە، شەقامی عێراقی مالیکى بە هۆکارى سەرەکى ئەو وێرانەییەى وڵات و بەشێکى زۆر لەو رووداوە نەخوازراوانە دەزانن کە روویانداوە. ئاسانیش نییە کە ئێستا بتوانرێت ئەو کۆدەنگییەی لەسەر دروستبکرێت.


ژیان: وەک ئاگادارن هەڵبژاردنی پێشوەخت یەکێکە لە ئەگەرەکان، کورد هیچ مەرجی هەیە لەسەر ئەو بابەتە؟
د.موسەننا ئەمین:
بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە کورد یەکدەنگ نییە و هەۆلایەک بۆچوونێکى هەیە لەوبارەیەوە، من دەتوانم بۆچوونی خۆمت پێبڵێم، ئەویش بەوەی کە هەڵبژاردنی پێشوەخت پێویستی بە یاسایەکی باش، کۆمسیۆنێکی باش، هەلومەرجێکی باش هەیە، پێویستى بە گرەنتى هەیە، گرەنتى لەوەى هەڵبژاردنەکان ساختەچییەتی تێدا نەکرێت. ئایا ئەمانە ئێستا بوونیان هەیە لەم کاتەدا؟ بە بڕوای من وا نازانم بوونیان هەبن. هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکرێت چارەسەرێک بێت بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە و لەوانەیە کۆتا چارەسەریش بێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئامانجەکانی بەدیبهێنێت ئەو مەرجانەی بۆ فەراهەم بکرێت، پاشان هەڵبژاردن بۆ تێپەڕاندنی قەیران و گێڕانەوەی متمانەی شەقامە بە دەسەڵات، ئەگەر ئەو ئامانجە نەپێکێت هیچ سوودێکی نییە.


ژیان: کەواتە بە بڕوای تۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامدەدرێت؟
د.موسەننا ئەمین:
هەر دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت، بەڵام وەک وتم پێویستە ئامادەکاریی پێشوەختەی بۆ ئەنجامبدرێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانى، نەک تەنیا بۆ ئەوەى هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.


ژیان: گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، بووەتە مەرجی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمى کوردستان لە پێکهێنانى کابینەى نوێ؟
د.موسەننا ئەمین:
ئەمە هیچ باسێکی نییە تا حکومەت پێکنەهێرێت، ئەمە بابەتێکی گرنگە بەلای لایەنە کوردییەکانەوە، بەڵام ئێستا لەم کاتەدا، هیچ باسێکی نییە و ئەو سەدایەی نییە ببێتە بابەتێکی سەرەکی و بخرێتە سەرەوەی باسەکانی تر.


ژیان: حکومەتی هەرێمى کوردستان، نوێنەرێک و وەزیرێکی تایبەت کردووە بە بەغدا، وەک پەرلەمانتارە کوردەکان مامەڵە لەگەڵ کامیان دەکەن؟
د.موسەننا ئەمین:
ئەوان نوێنەری حکومەتی هەرێم نین وەک نوێنەرێکی سیاسی، یەکێکیان زیاتر بۆ بەرێکردنی کاروباری ئیداری هاووڵاتییانی هەرێمە لە بەغدا، کاک فارس عیسا، وەک نوێنەرى حکومەتی هەرێمى کوردستانە لەوێ، هەرچەندە ئەو دەربڕینە بۆ حکومەتی هەرێم دروست نییە بەوپێیەی دەوڵەتی سەربەخۆ نییە، بەڵام ڕۆڵێکی لەوشێوەیە دەبینێت و، چاودێری نووسراوە ئیدارییەکانی حکومەتی هەرێم دەکات لە بەغدا.

گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆناوچە ناکۆکى لەسەرەکان جێگاى باسی هیچ لایەک نابێت تاوەکو حکومەت پێکدەهێنرێت

بەڵام کاک خالید شوانی، پێویستە هەمیشە تیمێکی دانوستاندن لەگەڵی بن و بۆ دانوستاندن بچێت بۆ بەغدا، نەک ئیشی چاودێری ڕۆژانەی بەغدا بکات، ئەکرێت ئەو کاتەش کاک فارسیش بەشێک بێت لەو تیمە و ئەو بێت یان هەر بەڕێزێکی تر بێت.

بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە کورد یەکدەنگ نییە 

ژیان: لایەنە شیعەکان هیچ باسی پۆستی سەرۆککۆماریان کردووە کە پێویستە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت؟
د.موسەننا ئەمین:
لە ڕاستیدا قسەی ڕۆژنامەنووسێک، پەرلەمانتارێک نابێتە قسەی فەرمی، تا ئێستا هیچ کام لە لایەنە سیاسییەکان و هاوپەیمانییتیەکانی پەرلەمان، قسەیان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نەکردووە، بگرە تا ئەندازەیەکی باشیش لە ئەدای رازین، بەڵام ئەوەی پەرلەمانتارێک بۆ خۆی قسە دەکات، ئەوە بە هەڵوێستی فەرمی دانانرێت.


ژیان: خۆت پێشبینی چێ دەکەیت بۆ دۆخی عێراق، بەرەو کوێ دۆخەکە هەنگاو دەنێت؟
د.موسەننا ئەمین:
ئەبێت بڵێم، هیوادارام بەمزوانە ئەو قەیرانانە بە زوویی چارەسەر ببن. چونکە عێراق تەحەمولی ئەم قەیرانانە و فەوزا و کۆرۆنا و شتی تر ناکات، هیوادارم بە هەست بە بەرپرسیارێتییەوە ئەو فراکسیۆنە شیعییانە لە داواکارییەکانیان تەنازول بکەن، نەک هەر ئەوان سوننە و کوردەکانیش، بۆ ئەوەی لانیکەم داواکاریی خەڵکی جێبەجێبکرێت، بەڵام ئەوەی لە واقعدا چی دەبینێت، عێراق هەر ڕۆژێک لە سەر بارودۆخێکە و ناتوانیت بڵێی چی ڕوودەدات و چی ڕوونادات.


ژیان: ئەی پرسی پارێزگای کەرکووک هیچی لەسەر باس کراوە لە گفتوگۆکاندا؟
د.موسەننا ئەمین:
نەخێر، هیچ شتێک لە سەر کەرکووک لە گفتوگۆکاندا باسنەکراوە.