رێزان شێخ دلێر دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق


ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، رایگەیاند، دەچێتە شوێنی دکتۆر میران محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ئەوەی کە بووە بەرپرسی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

ژیان_ عێراق: دوێنێ ئەنجوومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی کۆبوویەوە و لێپرسراوی مەکتەبەکان و ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەڵبژارد و لە کۆبوونەوەکەدا میران محەممەد، بە لێپرسراوی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان هەڵبژێردرا.

رێزان شێخ دلێر، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە (ژیان)ی راگەیاند، من دوای ئەو پەرلەمانتارانەی چوونەتە بەغداد زۆرترین دەنگم هێناوە، بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی حزب بێت نابێت، کەسێک پۆستی حزبی هەبێت لە هیچ پۆستێکی حکومیدا بمێنێتەوە، بەو پێیەش بێت دەبێت دکتۆر میران دەست لە پەرلەمانتاری هەڵبگرێت، بۆیە دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق خۆی بۆ هیچ پۆستێکی حزبی کاندید نەکرد.

دەشڵێت، من جارێ ئاگادارنەکراومەتەوە لە لایەن حزبەوە، بەڵام پێدەچێت لە ئەمڕۆوە دەست بە کارەکان و بڕیارەکان بکرێت.

لەسەر ئەو باباتە ژیان پەیوەندی کرد بە میران محەممە، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام ئامادەنەبوو قسەی لەسەر بکات.