١٠ خاڵ هەتا دەروندروستیمان بپارێزین لە بەرامبەر کۆرۆنای نوێ!


ژیان_ لە هەژماری د. جەعفەر عومەر وەرگیراوە

لەم سەردەمی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا کە بە کۆڤید ١٩ ناسراوە، لەپێناو مانەوەمان بە دەروندروستی و خۆپاراستن لە شڵەژانی دەرونی پێویستە ئەم ١٠ خاڵە جێبەجێبکەین:

 1. دڵنیابە: ئەگەر خۆت پاراست و رێنماییەکانت وەکو خۆی جێبەجێکرد ئەوە تۆ پارێزراویت و توشی ئەم نەخۆشییە نابیت. چونکە تاکە چارەسەر لەم نەخۆشییە خۆپاراستنە. ئەم خاڵە دوورتدەخاتەوە لە دڵەراوکێ و قەلەقی!

2. زانستی بە: با شێوازی خۆپارێزییەکەت بەشێوەیەک بێت کە لە ڕووی زانستییەوە دانیپێدانراوە و باسکراوە، وەکو چۆنییەتی بەکارهێنانی ماسک و دەستکێش و چۆنییەتی دەستشۆردن و مامەڵەکردن لەگەل خەڵکدا. ئەم خاڵەش دوورتدەخاتەوە لە مەترسی توشبوون و دڵنیاییت زیاتردەکات. 

3. دانابە و وریابە: هەرگیز نەکەیت بە هەموو هەواڵ و زانیارییەک باوەڕبکەیت، بەڵکو تەنها لە سەرچاوەی فەرمیی و زانستییەوە هەواڵ و زانیاری وەربگرە. پەیج و سایت و ئەکاونتی کەس مەکە بە سەرچاوە و باوەڕمەکە بەو زانیارییانەی نافەرمین و کەسانی پسپۆڕ بڵاویان ناکەنەوە. ئەگەر واتکرد ئەوە لە فۆبیا و تۆقین بەدوردەبیت! 

4. بەئومێدبە: ئەم نەخۆشییەش تێدەپەرێت و ڕێگای ڕزگاری نزیکە و هەموو جیهان رووبەڕووی دەبنەوە. هەرگیز ئومێد لەدەست مەدە. ڕووداوەکە وەکو خۆی ببینە و گەورەتر لە قەبارەی خۆی لێیمەڕوانە. ئەم خاڵەش یارمەتیت دەدات لەم دۆخەدا گەشە بە بیری ئەرێنی بدەیت و دەروندروستبیت. 

5. بە ژیان بڵێ بەڵێ: پابەندبە بە ڕۆتینەکانی ژیان لە ڕووی خەوی پێویست و لەکاتی خۆیدا، خواردنی تەندروست و تەواو، و خۆشۆردن و پاکوخاوێنی. ئەمەش بەرگری لاشە و دەرونت بەهێز دەکات! 

6. خۆت هێوربکەوە: گرنگیدان بە میکانیزمەکانی خاوکردنەوەی دەروون و لاشە وەکو هەناسەدانی قووڵ، مێدیتەیشن، خاوکردنەوەی ماسولکەکان، وەرزشکردن، پیاسەکردن، .... ئەمانە بنەمای زاڵبوون بەسەر قەلەقی و ترسەکانماندا. 

7. باوەڕداربە: ئاینداریی دروست بۆ دەروندروستی مرۆڤ زۆرگرنگە، بەتایبەت وەکو میکانیزمی خۆگونجاندن لەگەل روداوەکان بۆنمونە لەپاڵ ئەنجامدانی خۆپارێزی و باوەڕبوون بە دەسەڵاتی پەروەردگار و بە ئەرێنیکردنی رووداوە نەرێنییەکان! هەروەها ئەنجامدانی سرووتە ئاینییە ئارامیبەخشەکانی وەکو نویژ، قورئانخوێندن، پارانەوە،... هەموو ئەمانە بەسودن بۆ دەروندروستیمان و رزگاربوونمان لە خەمۆکی و دلەراوکێ و بەدوربوون لە پەنابردن بۆ میکانیزمی هەڵەی خۆگونجاندن. 

8. متمانەت هەبێت: پێویستە ئێستا متمانەت بە تواناکانی وڵاتەکەت هەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەدا، بە تایبەت کە رێککارە کارگێڕی و ئاساییشییەکان بە باشی گیراونەتەبەر و ئامادەکاری تەندروستی کراوە بۆ ڕوودانی ئەم ڤایرۆسە. ئەوەی لە توانادا هەیە ئەنجامدراوە و ئەنجامدەدرێت. لەبەرئەوە هەرگیز بێمتمانە مەبە بە توانا پزیشکییەکان چونکە بێمتمانەیی توشی داڕووخانی دەروونی و تێکچوونی هەڵچوونەکانمان دەکات. 

9. خۆت خاڵیبکەوە: ئەگەر ڕووبەروی ترس و قەلەقی و خەمێکی زۆر بوویتەوە بەهۆی ترسانت لە تووشبوون بەم نەخۆشییە، دوودڵ مەبە و بۆ کەسێکی نزیکی خێزانەکەتی باسبکە، هەوڵبدە کە هەڵچونەکەت خاڵیبکەیتەوە و رزگارتبێت لێی. بەمەش دەروونت ئاسوودە دەبێت و ترسەکەت گەورەنابێت و نابێتە تۆقین! 

10. خۆت پێبگەیەنە: لەم دۆخەدا لەجیاتی خۆسەرقاڵکردن بە هەواڵی کۆرۆناوە کات بدە بە خۆت هەتا گرنگی بە ئارەزووەکانت بدەیت و بە شتێکی سودبەخشەوە خۆت سەرقاڵبکە وەکو خوێندنەوە، سەیرکردنی فیلمێکی سودبەخش یان کارێکی دەستی. دەتوانن ئەمەش بە خێزانی بکەن ئەوکاتە پەیوەندییە خێزانییەکانتان باشتر و بەهێزتر دەبێت و لە داهاتووش سودی دەبێت بۆتان.
.....
*پزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشییە دەروونییەکان