بەم شێوەیە سووڕی خوێنتان چالاک بکەن


سوڕى خوێن، لێپرسراوە لە گەیاندنی خوێن و ئۆكسجین بەسەرجەم ئەندامەكانی لەش، یارمەتیدەرە بۆ پارێزگاری لەتەندروستی مرۆڤ، بەو هۆیەوە  پێویستە گرنگی بە چالاكبوونی بدرێت.

 ژیان_ تەندروستی: لاوازی سووڕی خوێن و كەمی هاتوچۆی خوێن لەناو بەشە جیاجیاكانی لەش، دەبێتە هۆی زیانی تەندروستی و كەمبوونەوەی ئاستی سروشتی ئۆكسجین.

نیشانەكانی:

نیشانە باوەكانی لاوازبوونی سووڕی خوێن، بریتییە لە سەرئێشە، سڕبوونی قاچەكان، هەڵوەڕینی قژ و هەستكردن بەتەزوو لەچەند بەشێكی دیاریكراوی لەش، لەگەڵ ساردی قاچ و دەستەكان و ماندووێتى و گێژبوون و چەند نیشانەیەكی دیكە.
هۆكارەكانی:

هەندێك هۆكار رۆڵی هەیە لەلاوازبوونی سووڕی خوێن، لەوانە شێوازی ناتەندروستی ژیان و سكپڕی و شەكرە و بەرزی رێژەی كۆلیسترۆڵ، یاخود نەخۆشییەكانی غودەی دەرەقی و بەرزەپەستانی خوێن و كەمخوێنی و تەسكبوونەوە و گیرانی دەمارەكان.

دەكرێت سووڕی خوێن چالاك بكرێت لە تەواوی بەشەكانی لەش لەرێگەی گۆڕانكاریی لەشێوازی ژیان و خواردنی خۆراكی تەندروست و بەكارهێنانی چارەسەرەكان. هەندێك خۆراك، یارمەتیدەرە بۆ چالاكبوونی سووڕی خوێن.

سووڕی خوێنی تەندروست زۆر گرنگە بۆ تەندروستی مرۆڤ و لەو رێگەیەوە مەوادی خۆراكی و كانزاكان و ئۆكسجین دەگوازرێتەوە بۆ بەشەكانی لەش، دەكرێت لاوازی سووڕی خوێن، كاریگەری لەسەر سەلامەتی لەش دروستبكات لەوانە مێشك و دڵ و جگەر و گورچیلە و پەلەكان.

ئامۆژگاری بەسوود:

- گرتنەبەری سیستمی خۆراكی تەندروست: پێویستە گرنگی بدرێت بەدەستكەوتنی سەرجەم ڕەگەزە خۆراكییەكان كە لەش پێویستی پێیەتی لەگەڵ دووركەوتنەوە لەخۆراكی چەور و شیرینەكان كە ئاستەنگی لەبەردەم ئەركەكانی سووڕی خوێن دروستدەكەن.

- میوە و خۆراك : بیبەری سەوز و لیمۆ و سێو و مۆز و چا و ماسی، یارمەتیدەرن و رۆڵێكی گرنگیان هەیە لە رێكخستنی ئەركەكانی سووڕی خوێن.

- پارێزگاری لەرێژەی ئاسن: ماددەی ئاسن بەكانزایەكی سەرەكی بۆ كۆئەندامی سووڕی خوێن دادەنرێت و پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی هیمۆگڵۆبین.

- ئاو خواردنەوە: پێویستە گرنگی بدرێت بەخواردنەوەی بڕێكی زۆر ئاو، چونكە ئاسانكاری دەكات بۆ گەیشتنی خوێن بۆ هەموو بەشەكانی لەش.

- خۆشووشتن بەئاوی شلەتێن و سارد: رێگایەكی بەسوودە بۆ چالاككردنی سوڕی خوێن و دەبێتە هۆی گەیشتنی خوێن بەهەموو بەشەكانی لەش بەشێوەیەكی باشتر.
- شێلان: فشاركردن لەهەندێك ناوچەی جیاوازی لەش و شێلانی یارمەتیدەرە بۆ چالاكبوونی سووڕی خوێن بەئاسانی و شێلان گرنگە بۆ ڕزگاركردنی لەش لە وزەی نەرێنی و هەستكردن بە شڵەژاوی و دەبێتە هۆی هێمنی و پشوودان.

- ئەنجامدانی وەرزش: كاتێك سەرجەم بەشەكانی لەش دەجووڵێت، ئەوا یارمەتیدەر دەبێت لە جووڵەی خوێن بە باشی و وەرزش یارمەتیدەرە بۆ رێكخستنی هەناسەدان و بەهێزبوونی ماسولكە و پارێزگاری لە كێشی تەندروست و، ئەوەش كاریگەری لەسەر چالاكبوونی سووڕی خوێن دەبێت.

- پارێزگاری لەپەستانی خوێن: ئەو كەسانەی پەستانی خوێنیان نزمە، زیاتر تووشی لاوازی سووڕی خوێن لە دەستەكان لەكاتی نووستن و چەند كێشەیەكی دیكە دەبن.
- راوەستان بۆ ماوەیەك: دانیشتن بۆ ماوەیەكی درێژ دەبێتە هۆی ئاستەنگی لە گەیشتنی خوێن بۆ ناوچەكانی خوارەوەی لەش و وەستان دەبێتە هۆی ئاسانكاریی بۆ گەیشتنی خوێن بۆ قاچەكان.

- بەرزكردنەوەی قاچەكان: یەكێكە لە چالاكترین رێگاچارەكان بۆ چالاككردنی سووڕی خوێن، بریتییە لە پاڵكەوتن لەسەرپشت و بەرزكردنەوەی قاچەكان.

هاوكات چەند هۆكارێكی دیكە هەیە بۆ چالاكبوونی سووڕی خوێن، ئەوانیش كەمكردنەوەی خواردنی خوێ و كافیین و ئەلكهول و وازهێنان لەجگەرەكێشان و دووركەوتنەوە لە خۆراكی چەور، لەگەڵ خواردنی ئەو میوانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی و میوەی تازە و سەوزەواتەكان و خواردنەوەی بڕێك ئاو، بۆ هێشتنەوەی شێداری لەش.