كلینكی پشكنینی پێشوەختەى كۆرۆنا لە سلێمانی كرایەوە


 لە چوارچێوەی  پلان و كارنامەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی  بۆڕووبەڕووبوونەوەی  ڤایرۆسی كۆرۆنا و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان  لە شاری سلێمانی، كلینكێكی تایبەت بە پشكنینی پێشوەختەی  ڤایرۆسی كۆرۆناى دامەزراند. کلینکەکە دەكەوێتە گەڕەكی عەلی ناجی  و تێیدا  ڕۆژانە لە كاتژمێر 8:30ی سەرلەبەیانییەوە بۆ كاتژمێر 12ی شەو بەڕووی ئەو هاووڵاتییانەدا كراوەتەوە كە لەوڵاتی ئێران و  وڵاتانی دی و یاخود یەكێك لە نیشانەكانی  تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنایان لێدەركەوتووە و گەڕاونەتەوە شاری سلێمانی و  بۆ دڵنیابوون لە تووشنەبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەردانی  ئەوكلینكە تایبەتە دەكەن.

ژیان_تەندروستى: سەرخێڵ ئاراز، بەڕێوەبەری كلینكی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ لاپەڕەی تەندروستی  ڕایگەیاند:لە دەستپێكی هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەسەر بڕیاری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و لە پێناو كەمكردنەوەی لۆدی زۆر لەسەر دەزگا تەندروستییەكانی دیکە و لە پێناو باشتر رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و، پێشگریکردن و ئاشكراكردنی  حاڵەتە تووشبووەكان، بڕیاردرا نەخۆشەكان پۆلێن بكرێن و  بڕیار لەسەركردنەوەی كلینكی  تایبەت بەپشكنینی پێشوەختەی ڤایرۆسی كۆرۆنا  لەناومەڵبەندی تەندروستی عەلی ناجی بكرێتەوە.

ئەم كلینكە لەماوەی كەمتر لە 72 كاتژمێر، هەموو ئامادەكارییەكانی  بۆ ئەنجامدرا،  واتە لە دوای كەمتر لە72 كاتژمێر، بە تێپەڕبوونی بڕیارەكەی  بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، ئێمە كارەكانی كلینكەكەمان تەواوكرد و كردمانەوە بەڕووی ئەوكەسانەدا كە سەردانی دەرەوە یاخود وڵاتی ئێرانیان كردووە و گەڕاونەتەوە، بەتایبەتیش ئەوكەسانەی كە لەدوای 15-2ەوە گەڕاونەتەوە، لێرە پشكنینیان بۆ ئەنجامدەدرێت.

یاخود ئەوكەسانەكەی كە ئیلتیهاباتی  قورسی سنگیان هەیە، سەردانمان دەكەن و پشكنینیان بۆ دەكرێت، یاخود ئەوكەسانەی كەیەكێك لە نیشانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدایە  بە قورسی، لە هەمانكاتیشدا ئەوكەسانەی كە كۆنتاكت و بەریەککەوتنیان هەیە لەگەڵ كەسانێكدا كەتووشی ڤایرۆسەكە بوون، لەبەرئەوە ئێمە لەژێر ڕۆشنایی  بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی  ئەركەكانی خۆمان بەئەنجام دەگەیەنین و زیاتر پشكنین بۆ ئەو سێ حاڵەتە دەكەین كە ئاماژەمان پێكردووە و لێرە ڕێنماییی پێویستیان  پێدەدرێت.  لە داخڵبوونیان تا چوونە دەرەوەیان، پاكژ دەكرێنەوە و ڕەوانەی لای پزیشك وتاقیگە دەكرێن، بەمەبەستی ئەنجامدانی پشكنین.