د. نزار عەبدوڵڵا: پێویستە لەکاتى قسەکردندا زیاتر لە مەترێک لە نێوانتاندا بێـت


كۆئەندامی هەناسە، سەرەكیترین  بەشە لەجەستەی مرۆڤەكاندا كە ڕاستەوخۆ  پەیوەندیان بەژیانی تاكەكانەوە هەیە، لە  حاڵەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسى كۆرۆنا،  بەشەكانی كۆئەندامی هەناسە هەستیارترین  بەشن كە  مرۆڤ دەبێت  لە خۆپارێزییدا ڕەچاوی بكات.
ژیان_ تەندروستی:
لە چاوپێكەتنێكدا بۆلاپەڕەی تەندروستی، د. نزار عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی سنگ و كۆئەندامی هەناسە، باس لە پێكهاتەی بەشەكانی كۆئەندامی هەناسە و كاریگەری لەسەر بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە دەكات لە ڕێی بەشەكانی كۆئەندامی هەناسە و بۆ ئەومەبەستە  زانیاریی و ڕێنمایی پێویست ئاراستەی  هاووڵاتییان دەكات، بۆئەوەی هەموولایەك  دووربن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەموو ئەونەخۆشییانەی دیكە كە لەڕێی كۆئەندامی هەناسەوە تووشی مرۆڤ دەبن.

تەندروستی: بەشەكانی كۆئەندامی هەناسە لەچی پێکهاتوون؟
د. نزار عەبدوڵڵا:
كۆئەندامی هەناسە پێكدێت لە دووبەش، بەشی سەرەوە پێكدێت لە لووت و قوڕگ و گیرفانەكانی لووت تاوەكو قوڕگ و دەنگە ژێیەكان، بەشی خوارەوەی كۆئەندامی هەناسەش پێكدێت لە بۆری هەواو سییەكان و سیكڵدانۆچكەكان، كەواتە ئەو هەوایەی هەڵیدەمژین ئۆكسجینە و دەچێتە ناو سیكڵدانۆچكەكان و لەوێوە دەچێتە ناو مولوولەكانی خوێن و بڵاودەبێتەوە بە لەشدا، ئۆكسجین ئەبەخشێت بەخانەكانی لەش بۆ ژیانی خانەكان، دوای ئەوەش غازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن كە دروستدەبێت لە ئەنجامی پاشەڕۆكەی فڕێی ئەداتە دەرەوە .

تەندروستی :كۆئەندامی هەناسە هۆكارە بۆگواستنەوەی  ڤایرۆسی كۆرۆنا لەكەسی تووشبووەوە بۆ دەوروبەری؟
د. نزار عەبدوڵڵا :
ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ  لەڕێی كۆئەندامی هەناسەوە زیاتر دێت بۆ مرۆڤ ،چونكە ڕێڕەوەكەی لەئەنجامی هەڵمژینی هەواوەیە.

تەندروستی : لەڕێی چییەوە  كەسی تووشبوو دەوروبەری تووشی ڤیرۆسەكە دەكات؟
د.نزارعەبدوڵڵا:
ئەم ڤایرۆسە لەڕێی پریشكی پژمین و كۆكە وقسەكردنی نزیكەوە دەگوزارێتەوە بۆكەسی بەرامبەر، بۆیە هەمیشە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی  ڕێنمایی  هاووڵاتییان دەكات بەوە كە پێویستە نێوان خۆت وكەسی تووشبوو لەمەتر زیاتر بێت،لەبەرئەوەی ڤایرۆسەكە لەڕێی هەواوە ناگوێزرێتەوە، لەڕێی ئەوپریشكانەوە بڵاودەبێتـەوە كەلەئەنجامی پژمین وكۆكیندا دەرئەپەڕێت لەكەسی تووشبووەوە بۆكەسی بەرامبەر، ئەگەركەسی بەرامبەر لەمەترێك زیاتر  دووربن لەیەكەوە ئەواپریشكەكان،  دەكەونەسەر زەوی یان  بەردەمی  كەسە تووشبووەكە. لە ئەنجامی بەریەککەوتن  و دەستبردن بۆ دەم ولوت، ڤایرۆسەكە دێتە نێو ڕێڕەوی  كۆئەندامی هەناسە و لەوێوە دەچێتە نێو سییەكانەوە. خۆشبەختانە لە 80% بەرەوژوورتر، بە سووكی تووشی مرۆڤ دەبێت، خۆی هەموو ڤایرۆسێك ماوەیەكی هەیە و ماوەی كڕكەوتنی پێدەڵێن، لە  1 -14 ڕۆژە، كەواتە لەوماوەیەدا كە ڤایرۆسەكە  دەگریت، ئینجا بۆى هەیە نیشانەكانی دەربكەوێت .

تەندروستی : نیشانەكانی  ڤایرۆسی كۆرۆنا لەكەیەوە لەسەر تووشبوو دەردەكەوێت؟
د. نزارعەبدوڵڵا:
زۆربەی جار لە پێنجەم ڕۆژ نیشانەكانی ڤایرۆسی كۆرنا لەسەر كەسەكە دەردەكەوێت ودەستپێدەكات و لە سەرەتاشەوە بەشێوەی تا دەستپێدەكات، زۆرجار لەگەڵ تاكەدا سەرئێشە و ئازاری ماسولكە و بێهێزبوون  لەكەسی تووشبوودا دەردەكەوێت، دوابەدوای ئەم ئازارە، كۆكەی وشك  ڕوو لەكەسەكەدەكات، بەشێوەیەكی گشتی لەنیشانەكاندا لە تا و كۆكەوشكەكە زیاتر لەنەخۆشەكاندا ڕوودەدات. لە 14%ی خەڵكیش لەكۆكەوە نیشانەكانی دەبێـت بە هەناسەتووندی، ئەوكاتە لێدانی سییەكانی زیاد دەكات و بەوهۆیەشەوە ڕێژەی ئۆكسجین دادەبەزێنێت لە خوێندا. لەبەرئەوە كۆئەندامی هەناسە گرنگە،چونكە ئۆكسجین دەدات بەلەش ، لەوكاتەدا كەڤایرۆسەكە زیادی كرد لەهەموو توشبویەكیشدا زیاد ناكات .

تەندروستی: ئەوگرووپانە كێن كە ئەو حاڵەتەیان تێدا ڕوودەدات ؟
د. نزار عەبدوڵڵا:
ئەكەسانەن كە زیاتر نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە،وەكو نەخۆشی ڕەبۆ، ئەوكەسانەی كە نەخۆشی سیلیان هەیە، یان تووشبووانی نەخۆشی شەكرە،  نەخۆشییەكانی دڵ، یاخود ئەوكەسانەی كە چاندنی گورچیلەیان بۆ ئەنجامدراوە و دەرمان وەردەگرن، لەو14% یە زیاتر ڤایرۆسەكە بەقورستر لێیاندەدات ودەیگرن ،كاتێك كەسیكڵدانۆچكەكان پڕدەبێت و ڕێگە لەهەواگۆڕكێ دەگرێت، ئۆكسجین لەوكاتەدا دادەبەزێت ولەوێوە پەككەوتنی ئەندامەكان دەستپێدەكات، هەرلەكۆئەندامی هەناسەوە بۆ گورچیلەكان وپاشان بۆ دڵ وبۆلێدانەكانی.

تەندروستی : ئەم ڤایرۆسە بۆچی واترسناكە ؟
د. نزار عەبدوڵڵا:
لەبەر ئەوەیە چارەسەری نییە، نەبەشێوەی كوتان و نەبەشێوەی بەكارهێنانی دەرمانێكی تایبەت كە بەكار بهێنرێت، لەبەرئەوە تائێستا چارەسەری پێویست بە ڤایرۆسەكە نەدۆزراوەتەوە.پێویستە ئێستا هاووڵاتییانی ئازیز لە خۆپارێزی خۆیانەوە دەستپێبكەن، خۆپارێزیش بەدوو شێوە دەستپێدەكات: 
یەكەم، دەبێت هاووڵاتیان لە ڕووی دەروونییەوە دەستپێبكەن و بۆ ئەو مەبەستە خۆیان بەدووربگرن لە دڵەڕاوكێ، لە بەرئەوەی زیاتر لە 30 حاڵەت تۆماركراوە، باشترە زۆر  بەڕێكوپێکی هاووڵاتییان خۆیان بۆ خۆپارێزیی ئامادەبكەن، واتە دەروونیان ئارامبێت، چونكە مرۆڤ هەتاوەكو دەروونی ناجێگیر و شێواو بێت، زیاتر بەرگری لەشی لاواز دەبێت ئەوكات ڤایرۆسەكە زیاتر كاریگەری لەسەر كەسەكە  دروستدەكات. هەوڵبدەن سیستمی بەرگری لەشیان زیاد بكەن بەخەوی باش، بە خۆراكی تەندروست، بە جوڵەی باش، لەهەمانكاتیشدا بەخۆپاراستن. پێویستە لەكاتی كۆكین وپژمیندا، دەستەسڕ بەكاربهێنرێت نەك دەستگرتن بەدەم و لوتەوە، چونكە دواتربەهۆی دەستدان لە كەرەستەوپێداویستییەكانی دەروبەری تووشبوو، زیاتر بڵاودەبێتەوە. ئەگەر كۆكەوپژمینت هەبوو، لەم حاڵەتانەدا باشترە لەماڵەوە بیت و نەچیتە ناو خەڵك، یان هەرچوویتە دەرەوە، ماسك بەكاربهێنە.
دووەم، دەستشووشتنە. دەستشووشتن بەشێوەیەكی زانستی  زۆر كاریگەری دەبێت لەسەر ڤایرۆسەكە  كە ئەوەش شێوازی خۆیی هەیە و جیاوازە لە دەستشووشتنی ئاسایی، هەموو دەستشووشتنێك پێویستە ماوەی 20 -30 چركەی بۆتەرخان بكرێت، پاشان دووركەوتنەوە لەشوێنی قەرەباڵغیە.