ئەحمەدی حاجی رەشید: زورفى لە عەبادى راشکاوترە


ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر زورفی دەنگ نەهێنێ، سەرۆککۆمار کەسێکی دیکە کاندید دەکات، بەڵام پێموایە دەرنەچوونی زورفی کێشەکان گەورەتر دەکات، ئەگەری ئەوەش هەیە شەڕی نێخۆیی دروست ببێت.

ژیان_کۆچەر عەزیز: ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ (ژیان) باسى دابەزینی نرخی نەوت و کارگەرییەکانی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت" نازانم زورفی کار بە رێککەوتنی پێشووی نێوان کورد و حکومەتی ناوەند دەکات کە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی واژۆکراوە یاخود نا"، هەروەها باسى هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران دەکات، لە مانگی رابردوو.

ژیان: دەوترێ راسپێردراوی نوێ، لەبەرگیراوەی عەبادییە لەرووی سیاسییەوە، بەتایبەت بەرامبەر هەرێمی کوردستان؟
ئەحمەدی حاجی رەشید:
من وانازانم لەبەر گیراوەی عەبادی بێت، بەڵام لەوانەیە ئاڕاستەیان لەیەکتر نزیک بێت، بەڵام زورفی زیاتر راشکاوە و رووبەڕوو قسە دەکات، ئەوەمان لە بیر نەچێت، عەبادی جۆرێک لە مرونەی هەبوو، بەڵام لە پشتەوە توند بوو، زورفی رووبەڕوو تووندە، زۆر راشکاویشە، ئەوە جیاوازییەکەیانە لەگەڵ عەبادی. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان لەوانەیە بۆچوونی هاوبەشیان هەبێت.

ژیان: ئایا پێتانوایە زورفی هاوشێوەی عەللاوی ناتوانێت متمانەی پەرلەمان بە دەستبهێنێت؟
ئەحمەدی حاجی رەشید:
لە عێراقدا  هەرکەسێک کاندید بێت پێویستە پێکهاتەی شیعە کە ١٨٠ تاوەکو ١٩٠ ئەندامیان هەیە، لانیکەم دەبێت دەنگی ١٠٠ ئەندام بەدەستبهێنێت. دەبێت بۆ ئەوەی کورد و سوننە نەکەونە مواجەهەی شیعە، چونکە ئەگەر شیعە بە تەواوی رەتیبکاتەوە یان زۆرینە رەتیبکاتەوە، ناکرێت کورد و سووننە دەنگ بدەن بە کەسێکی شیعە لە بنەڕەتدا لە ماڵی شیعە قبووڵ نییە، بۆیە زورفی پێدەچێت هەوڵی ئەوە بدات  ١٠٠ دەنگی شیعە کۆبکاتەوە، ئەگەر بتوانێت ١٠٠ دەنگی شیعە کۆبکاتەوە ئەوا باوەڕموایە سوننە و بەشێکیش لە کورد دەنگی پێدەدەن، بۆیە ئەوە مەرجێکە بۆ سەرکەوتنی زورفی.

ژیان: قەیرانە کەڵەکەبووەکانی عێراق، ڤایرۆسێکی کوشندەشی بۆزیادبووە و نەوتیش بە تەواوی بەهای لەدەستداوە، لەم دۆخە قەیراناوییەدا یەدەگی ئابووری عێراق چۆنە؟ئایا عێراق ناخاتە ژێر قەرزەوە؟
ئەحمەدی حاجی رەشید:
چەند مانگێک پێش ئێستا یەدەگی نەختینەمان بۆ هاتووە کە بریتییە لە  ٨٧ ملیار دۆلار، ٣٢ ملیار دۆلاری سەنەداتی خەزێنەی ئەمریکییە کڕدراوە، زیاتر لە ١٠٥ تەنی ئاڵتوونە و باقییەکەی دیکەی عوملەی نەقدییە، لەگەڵ  هەندێک عوملەی نەقسی وڵاتەکانی دیکە کە بە دەرەجەی بنەڕەتی عوملەی نەقدی ئەمریکا زۆرترە، ئەمە ناخرێتە ژێر قەرزەوە، چونکە لەوانەیە هەڵە تێگەیشتنێک هەبێت لەوەی  \یەدەگی نەختینە بۆ ئەوە نییە دەستکاری بکرێت بۆ باڵانسی دراوی خۆمانە. ئایا چەندە دراومان هەیە، لەبەرامبەردا ئەوەندە دۆلارمان هەبێت، بەڵام لە حاڵەتی پێویستدا وەک لە ساڵی ٢٠١٦ بەکارهێندراوە وەک قەرزی غەیرە راستەوخۆ، واتا بانکی مەرکەزی قەرزی داوەتە بانکە بازرگانییەکان، لەبەرامبەردا بانکە بازرگانییەکان سەنەداتی خەزێنەی حکومەتییان کڕیوە، واتا بەشێوەیەک لە شێوەکان بووەتە قەرز بۆ حکومەت بە رێگەیەکی ناڕاستەوخۆ.

ژیان: جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان وتی، یەدەگی زێڕ وپارەی دانراوی عێراق زۆرە و کێشەی مووچەی بۆ دروستنابێت، ئەوە راستە؟
ئەحمەدی حاجی رەشید:
ئەو ١٠٥ تۆن ئاڵتون و  ٨٧ ملیار دۆلارە بە تێکڕا، بەو بەشدارییەی کە عێراق لە سندوقی نەقد دایدەنێت ٨٧ ملیارە، نازانم ئێستا زیادیکردووە یاخود نا بەڵام ئەوە ناتواندرێت راستەوخۆ رابکێشرێت، غیتائی عوملەیە، نەک داندراوێکی یەدەگ بۆ بەکارهێنان.

ژیان: دوێنێ زورفی بە فوئاد حوسێنی گوتووە دەیەوێ کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، ئایا بە دیدێکی عەبادییانە چارەسەری دەکات یان وەک عادل عەبدولمەهدی؟
ئەحمەدی حاجی رەشید:
هەمووان ئەو ئاڕاستەیەیان هەیە ئایا بە چ دیدێک چارەسەریدەکات؟ زورفی باوەڕی وایە دەستوور و یاسای ئیدارەی گشتی حاکمن، کە ئەوەش لەوانەیە گرفت بۆ هەرێمی کوردستان دروستبکات، چونکە زورفی باوەڕیوایە نەوت رادەستی حکومەتی عێراق بکرێت بە شێوەیەکی گشتی.

ژیان: یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە راگەیەنداوێک پێشوازی لە راسپاردنی زورفی کرد، لەکاتێکدا هێشتا پارتی و لایەنەکانی دیکە بێدەنگن، ئایا پێتوایە لایەنە کوردستانییەکان بەهەمان شێوەی پێشوو کۆدەنگ بمیننەوە؟

ئەحمەدی حاجی رەشید: ئەو بەیاننەمەیە هەست بە بەرپرسیارێتی کردنە بە بڕوای من، چونکە عێراق دۆخێکی زۆر خراپی هەیە، بۆیە یەکێتی نیشتمانی دەستپێشخەری کردووە لەو مەجالە وەک حزبێکی سیاسی ئازادە، دەکرا حزبە سیاسییەکانی دیکە پێش یەکیتی بکەوتنایە یان چاویان لە یەکێتی بکردایە، بۆئەوەی رای خۆیان بە روونی لەو بوارەدا بڵێن، چونکە لە راستیدا عێراق لە پشێوییەکی زۆر گەورەدایە، پێویستی بەوە هەیە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەبێت، لە راستیدا چونکە دواجار دەبێت عێراق سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەبێت، بۆیە ئەو بەیاننامەی یەکێتی یان هەر حزبێکی دیکە ئازادە و، سیاسەت بە ئازادی دەکرێت.

ژیان:ئەی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئایا گرەنتی هەیە بۆ ناردنی؟
ئەحمەدی حاجی رەشید:
ناتوانم ئەو وەڵامە بە دیاریکراوی بدەمەوە، چونکە ناکۆکییەک هەیە لە نێوان ئێمە و ئەواندا لەسەر ماددەی ٢٧ بڕگەی پێنجی یاسایی ئیدارەی مالی باسی لێوەدەکەن کە دەبێت نەوت رادەستبکرێت، ئێمەش دەڵێن نەخێر ئەوە یەک لەسەر ١٢ی بودجەی ساڵی رابردووە دەبێت بێ هیچ کێشە و گرفتێک بوودجەی کوردستان بنێرن. مانگی رابردووش ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو بابەتە دواکەوتبوو، نازانم بڕیاری حکومەتی ناوەندی چییە؟ کە خۆی توانای ئەوەی نییە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی، ئەو  بارودۆخە چى لێدێت، ئایا رێککەوتنی سیاسی دەبێت یاخود فشار لەسەر حکومەتی ناوەند دروستدەکرێت بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێردرێت.

ژیان: عێراق قەرز لە بانکی نێودەوڵەتی وەردەگرێت؟
ئەحمەدی حاجی رەشید:
لە بوودجەی ٢٠١٩ لیژنەی دارایی و پەرلەمان، فەرزمانکردووە لەسەر حکومەت نابێت هیچ قەرزێکی دەرەکی وەربگرێت، بۆیە قەرزی لە بانکی نێودەوڵەتی لە ٢٠١٩ وە وەرنەگرتووە، ئەوانە قەرزی کۆنن.

ژیان: ئەگەر نەوت بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، عێراق چیدەکات بۆ دابینکردنی مووچە؟
ئەحمەدی حاجی رەشید:
عێراق رێکاری دیکەی هەیە کە قەرزی ناراستەوخۆ وەربگرێت لە بانکە ناوخۆییەکان، دەتوانێت لە یەدەگى نەقدی بە شێوەی قەرزی راستەوخۆ چۆن لە ٢٠١٦ وەریگرت.

ژیان: ئایا بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان کەمدەکرێتەوە لە بەغداوە، ئەی دەبێت حکومەتی هەرێم چیبکات؟
ئەحمەدی حاجی رەشید:
نازانم چی لێدەکرێت، دەبێت لە وەزیری دارایی ببپرسن.

ژیان: پێتانوایە زورفی کار بە رێککەوتنی پێشوو دەکات لەگەڵ کورد؟
ئەحمەدی حاجی رەشید:
ئەو رێککەوتنە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی کراوە و نازانم زورفی رای لەسەر رێککەوتنەکە چۆنە، چونکە رێککەوتنەکە نەهاتووەتە پەرلەمان و لیژنەی دارایی قسەی لەسەر نەکردووە. دەکرێت لە زورفی بپرسرێت، منیش هیچ قسەیەکم لەگەڵ نەکردووە لەسەر ئەو بابەتە.

ژیان: ئەگەر زورفی دەنگ نەهێنێت، کەسێکی دیکە رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت؟
ئەحمەدی حاجی رەشید:
ئەگەر زورفی دەنگ نەهێنێ سەرۆککۆمار کەسێکی دیکە کاندید دەکات، بەڵام دەرنەچوونی زورفی پێموایە کێشەکان گەورەتر دەکات، ئەگەری ئەوەی مواجهەی موسەلەح یان شەڕی ناوخۆیی دروست ببێت، چونکە کەسی دیکە ناڕواتە ئەو بابەتەوە. لەبەرئەوە، ئەو لایەنانەی کە پشتگیری زورفی دەکەن ئەگەر دەرنەچێت، ئەوا کەسێکی دیکە کاندید دەکرێت و ئەوانەی پشتگیری زورفی دەکەن و ئەوانەى پشتگیری ئەو ناکەن، ئاڵۆزى دروستدەکەن و ناگەینە ئەنجام.

ژیان: کەسێتی زورفی بەرامبەر کورد چۆنە؟
ئەحمەدی حاجی رەشید:
زورفی سیاسەت دەکات، کە بریتییە لە بەرژەوەندی. ئەگەر بەرژەوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان باش بێت پشتگیری دەکات، ئەگەر نا دژایەتی دەکات.
ژیان: لایەنە کوردییەکان وەک جاری پێشوو یەک دەنگ دەمێننەوە لەم بابەتەدا؟
ئەحمەدی حاجی رەشید
: لایەنە کوردییەکان تاوەکو ئێستا ئەو بەیاننامەیەی یەکێتی هەیە، ئەوەی من بزانم بەشێکی زۆری  هێزە کوردییەکان دەنگ دەدەن بە زورفی و ئەوەی ماوەتەوە بریتییە لەو دانیشتنانەی کە دەکرێت لە گەڵیدا، بەڵام بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت، هەمووان دەنگی پێدەدەن. ناشکرێت لەسەر بنەمای  هەندێک هێز، هەندێک هێزی دیکە بڕیاری خۆیبدات.

ژیان: ناردنی مووچە لە لایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان ئەم مانگە دوادەکەوێت؟

ئەحمەدی حاجی رەشید: نازانم