کۆرۆنا پیاوانی كرد به‌ كابانی ماڵ

توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی: مانه‌وه‌ی پیاوان له‌ ماڵدا ده‌كرێت ببێته‌ ده‌رفه‌تێك

ماوه‌یه‌كه‌ به‌شێكی زۆر له‌ پیاوان به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ زیاتر له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ به‌شێكی پیاوان له‌ دۆخه‌كه‌ بێزاربن، به‌شێكیشیان خۆیان له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ ڕاهێناوه‌، توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌ڵێت ده‌كرێت مانه‌وه‌ی زیاتری پیاوان له‌گه‌ڵ ژن و خێزانه‌كانیان بكرێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ نوێكردنه‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی.
ژیان- سه‌ركۆ جه‌مال:
له‌ كۆتایی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ شاری ووهانی چین به‌بێده‌نگی و هێواش هێواش بڵاوبوویه‌وه‌، له‌ناكاو ژماره‌ی تووشبووان زیادیكرد و حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ خێرا هه‌نگاوینا، به‌هۆیه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕاگه‌یه‌ندرا، ڕێكاره‌ تونده‌كانیش وایكرد چین یه‌كه‌م وڵات بێت كۆنترۆڵكردنی كۆرۆنا رابگه‌یه‌نێت.

یه‌كه‌م حاڵه‌تی كۆرۆنا له‌ كوردستان له‌ سه‌ره‌تای مانگی سێ  تۆماركرا، له‌ماوه‌ی 20 رۆژی رابردوو كۆی گشتی تووشبووان گه‌یشتووه‌ته‌ 40 كه‌س، به‌ هه‌مانشێوه‌ی چین و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانیش سه‌ره‌تا چه‌ند ڕێوشوێنێك گیرایه‌به‌ر و دواتریش قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕاگه‌یه‌ندرا. 

هه‌رچه‌نده‌ ئێستا به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی كه‌ كاره‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌ و داهاتی رۆژانه‌یان فه‌وتاوه‌ خه‌مبارن، ئه‌وانه‌ی فێرنین له‌ ماڵه‌وه‌ بمێننه‌وه‌ و هه‌میشه‌ له‌سه‌ر كار بوون، ئێستا بێزارن، به‌تایبه‌ت پیاوان ڕه‌نگه‌ هه‌رگیز ئه‌وه‌نده‌ له‌ ماڵ بێزار نه‌بووبن و بگره‌ وه‌ك هه‌ندێكیان ده‌ڵێن له‌ ماڵه‌وه‌ ڕه‌زایان تاڵ بووە.

هه‌ندێك له‌ پیاوان خۆیان ته‌نز له‌ یه‌كتری ده‌ده‌ن

ته‌نانه‌ت پیاوان هه‌ندێكیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وێنه‌ی خۆیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ كاتێك خه‌رێكی كاری ناوماڵن و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش به‌هۆی مانه‌وه‌ی پیاوان له‌ ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر وخێزانه‌كانیان چیرۆك و نوكته‌ی زۆر بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و بووه‌ته‌ جێگه‌ی ته‌نز.

خزمه‌ت به‌ ژنه‌كانتان بكه‌ن به‌ حه‌ج و عومره‌ حسابه‌

پیاوێك كه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێت له‌ دهۆكه‌، له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا به‌ده‌م گۆرانی وتنه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئه‌مڕۆ خواردنمان كفته‌یه‌، هه‌موو كه‌ره‌نتین كراوین له‌ بادینان، به‌خوا ئه‌ز نازانم كفته‌ چاك بكه‌م به‌ڵام دایكی منداڵان پێی وتم ئه‌گه‌ر كفته‌ نه‌كه‌ی له‌ ماڵ ده‌رتده‌كه‌م، دواتریش به‌ده‌م پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌ڵێت خزمه‌ت به‌ ژنه‌كانتان بكه‌ن به‌ حه‌ج و عومره‌ حسابه‌.

پشتم شكا ئه‌وه‌نده‌ خه‌ریكی گژوگیا چاككردن بووم

پیاوێكی دیكه‌ش له‌ سلێمانیه‌وه‌ ده‌ڵێت: داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌م پیاوی چاك بن ئه‌م قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه‌ كۆتایی پێ بهێنن، پشتم شكا ئه‌وه‌نده‌ خه‌ریكی گژ و گیا چاك كردن بووم له‌ ماڵه‌وه‌، دواتریش چه‌ند چڵێك له‌ گیاكه‌ی ده‌ستی فڕێ ده‌دات و ده‌ڵێت "به‌قورئان كۆرۆنا له‌م ئیشه‌ باشتره‌".

فێری هه‌موو كارێكی ناوماڵ بووم
پیاوێكی دیكه‌ش له‌ پۆستێكی فه‌یسبوكدا نوسیویه‌تی: له‌م ماوه‌ی كه‌ره‌نتینه‌یه‌دا كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ بووم نانم كردووه‌ و سه‌ربان و بن بانم شۆردووه‌ و جلوبه‌رگم شۆردووه‌ و منداڵم به‌خێوكردووه‌ و فێری هه‌موو كارێكی ناوماڵ بووم، هه‌رئه‌وه‌نده‌ ماوه‌ داخوازیم بێت.

هه‌موو چیرۆكه‌كان خۆش نین
هه‌موو چیرۆكه‌كان هه‌ر خۆش نین هه‌ندێكیشیان بووه‌ته‌ هۆی ده‌مه‌قاڵه‌ و شه‌ڕ، پیاوێك كه‌ به‌هۆی  قه‌ده‌غه‌كرنی هاتوچۆوه‌ له‌ماڵه‌وه‌ كه‌ره‌نتینه‌ كراوه‌ ده‌ڵێت ٤ ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م قسه‌مان نیه‌ به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ گونده‌كه‌مان خانوه‌یه‌كمان هه‌یه‌  ده‌ڵێم باچین بۆئه‌وێ  باشتره‌  به‌خوا له‌ماڵه‌وه‌ دڵم ته‌قیوه‌ به‌ڵام به‌ قسه‌ م ناكات و مناڵه‌كانیشی فێر كردووه‌  كه‌ ڕازی نه‌بن به‌ چونمان بۆ گونده‌كه‌مان.

باس له‌وه‌شده‌كات  ٤ ڕۆژه‌ قسه‌مان نیه‌ دڵنیام گه‌ر به‌یه‌كجاری جیاش نه‌بینه‌وه‌ ئه‌وا تا كۆتایی ئه‌م ڤایروسه‌ قسه‌مان نابێت و به‌رده‌وام شه‌ڕمان ده‌بێت.
ژنان سكاڵایان له‌ده‌ست پیاوه‌كانیان هه‌یه‌.

به‌ڵام هه‌موو پیاوه‌كان ڕه‌نگه‌ هاوكاری هاوسه‌ره‌كانیان نه‌كردبێت، ژنێكی ته‌مه‌ن ۳۷ ساڵ و دایكی ۲ منداڵ ده‌ڵێت: من فه‌رمانبه‌رم و هاوسه‌ره‌كه‌م له‌ چێشتخانه‌ ئیش ده‌كات ئیشه‌كه‌ی ئه‌و دوای كاتژمێر ۳ی عه‌سر تا ۱۰ی شه‌وبوو ، واتا كه‌من ده‌چوم بۆ ده‌وام هاوسه‌ره‌كه‌م له‌ماڵ بوو ئاگای له‌ مناڵ وماڵ بوو خواردنیشی لێ ئه‌نا ، هه‌ربۆیه‌ زۆر ماندوو نه‌ئه‌بوم، به‌ڵام ئێستا من زۆر بێزارم  چونكه‌ هه‌م پیاوه‌كه‌م له‌ماڵه‌ و هه‌میش منداڵه‌كان و ده‌بێت خۆم سه‌رجه‌م ئیشه‌كان بكه‌م، كه‌داوای یارمه‌تیشی لێ ئه‌كه‌م ئه‌ڵێت ئێستا خۆت له‌ماڵی و سه‌ره‌ی منه‌ ئیسراحه‌ت بكه‌م.

كچێكیش كه‌ به‌هۆی كه‌ره‌نتینه‌وه‌ ئیشه‌كه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كات ده‌ڵێت: ئێستا زۆربه‌ی كات له‌ ماڵه‌وه‌ له‌سه‌ر  ته‌له‌فزیۆن و شه‌حنی مۆبایل شه‌ڕه‌، ڕۆژی ده‌ جار باوكم ده‌چێته‌ به‌رده‌رگا و دێته‌وه‌ جه‌وی نییه‌ ناوێرین گسك هه‌ڵبكه‌ین پێمان ده‌ڵێت ده‌نگی بێزارم ده‌كات یاخود به‌ ده‌نگی به‌رز قسه‌ بكه‌ین.

پیاوێكی دیكه‌ ده‌ڵێت ماڵه‌وه‌ قه‌نه‌فه‌ نه‌ما لێی دا نه‌نیشم هه‌رچی یاری ی بوو له‌گه‌ڵ منداڵه‌كاندا كردم.

ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك له‌ پیاوان ئه‌م بێزاریه‌یان به‌هۆی ئه‌وه‌ بێت به‌هۆی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌وه‌ ڕانه‌هاتبن هه‌رگیز هاوكاری خێزانه‌كانیان بكه‌ن و كاری ناوماڵ بكه‌ن، به‌ گشتی بۆ پیاوان له‌ هه‌موو جیهان كاری ناوماڵ نامۆیه‌ چونكه‌ له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ به‌هۆی داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینه‌وه‌ زیاتر ژنان كاری ناوماڵ و پیاوانیش كاری ده‌ره‌وه‌یان كردووه‌ و به‌پێی سه‌رده‌مه‌كان گۆڕانكاری تێدا دروست بووه‌، به‌ڵام هه‌ندێكیش تا ئێستا ئه‌گه‌ر كاری ناوماڵیان ئه‌نجامدابێت ڕه‌نگه‌ له‌ باری ناچاریدا بێت.

 له‌تیف حسێن توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌وباره‌یه‌وه‌  بۆ ژیان وتی: له‌ ڕاستیدا پێشتر ڕۆتینات و سه‌رقاڵی ژیان وایكردبوو كه‌ هه‌م پیاو هه‌م ژنیش له‌ ماڵه‌وه‌ دووربكه‌وێته‌وه‌ و نه‌یپه‌رژێته‌ سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی خۆی وه‌كو پێویست، به‌ڵام ئێستا له‌ بارودۆخێكی ئاوادا كه‌ ناچارییه‌ و له‌ هه‌موو دنیایدا ناچاریت له‌ ماڵه‌وه‌ بمێنیته‌وه‌، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی خۆشمان به‌رده‌وام بوونی پیاو له‌ ماڵه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ته‌حه‌مولی له‌گه‌ڵدا نه‌بێت ڕه‌نگه‌ كێشه‌ دروست بكات، به‌ڵام گرنگیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م كاته‌دا ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ هه‌م ژن هه‌م پیاویش ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتردا ته‌حه‌مول بكه‌ن.

ئه‌و توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ وتیشی: من پێموایه‌ ئه‌مه‌ نابێته‌ كێشه‌ به‌ڵكو ده‌بێته‌ ده‌رفه‌تێك كه‌ هه‌م ژن هه‌م پیاو وا بكه‌ن كه‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی خۆیان ئه‌پده‌یت بكه‌نه‌وه‌، وا بكرێت ئه‌و كه‌موكوڕی و كه‌لێنانه‌ی پێشتر هه‌بووه‌ و هه‌ستی پێده‌كرێت، به‌تایبه‌تیش كه‌ وا باس ده‌كرێت دوای نه‌مانی كۆرۆنا بارودۆخی سیاسی و بازرگانی له‌ جیهان ده‌گۆڕێت، وه‌ له‌گه‌ڵیشیدا سیسته‌می ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت، بۆیه‌ ده‌بێت هاوسه‌ر و خێزانه‌كان زیاتر ئاگاداری یه‌كتری بین، هه‌موو ئه‌مانه‌ وا ده‌كات ژن و پیاو بتوانن هه‌ر بارودۆخێكی دیكه‌ كه‌ دێت تێی په‌ڕێنن، به‌تایبه‌ت ئه‌و كێشه‌ بچوكانه‌ی ڕۆژانه‌ وا بكه‌ن تێی په‌ڕێنن نه‌ك گه‌وره‌ی بكه‌ن و دواجار كاریگه‌ری له‌سه‌ر منداڵه‌كانیشیان بكات.

له‌تیف حسێن، پێی وایه‌ ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ و ده‌كرێت ببێته‌ هۆی به‌خۆدا چوونه‌وه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بكرێته‌ نوكته‌، پێم وایه‌ به‌شێكیان كارێكی هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، من له‌گه‌ڵ ته‌نز و قسه‌ی خۆش و نوكته‌شدام، به‌ مه‌رجێك سوكایه‌تی تێدا نه‌بێت، مه‌رجیش نییه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ سۆشیال میدیا باس ده‌كرێت ڕاستی بێت.