ژیان لە زەمەنی ڤایرۆسدا

تەوەرێکی تایبەت بە تێڕوانینی نووسەر و هونەرمەندان بۆ کۆڕۆنا

ژیان: ڕەنگدان
لە زەمەنێکدا کە ڤایرۆسێکی کوشندە بەرۆکی ڕووبەرێکی زۆرێک لە مرۆڤایەتی گرتووە، بەجۆرێک ڕۆژانە دەبیستین دەگاتە کامە وڵاتی دیکەی جیهان و بەمەش ڕێژەی تووشبووانی دەگاتە چەند؟ ئەی لەوانەدا چەندیان دەمرن؟ ئەمەش وایکردووە تابێت ڕووبەری ترس لەلای مرۆڤ زیاد ببێت و ئەم دۆخە ببێتە دۆخێکی سەرتاباگیر و مرۆڤایەتی هەموو لە خەمێکی هاوبەشدابن، تۆ وەک نووسەرێک وەک هونەرمەندێک دیدگات چییە لەم بارەیەوە؟


ڕوانینی نووسەر و وەرگێڕ (لەنجە ئەحمەد)

کۆرۆنافۆبیا ئەگەرچی تایتڵێکی نامۆیە و پێم وایە تا ئێستا ئەو ئایتمە بەکار نەهاتووە بۆ تەعبیر کردن لەو ترسەی کە خەڵک لە کۆڤید-۱۹ هەیانە، بەڵام ئەوە هەقیقەتێکی حاشا هەڵنەگرە ناتوانین ئەو ترسە لەخۆماندا بشارینەوە کە ئەمڕۆ لە نێوان مەرگ و ژیاندا سەمامان پێ ئەکات، لە کاتێکا ترس وشەیەکی بەهێز نیە بۆ تەعبیر کردن لەو هەستەی ئێستا ناخی هەموومان ئەهەژێنێ، هەربۆیە من کۆرۆنافۆبیام بۆ ئەو ترسە قوڵ و پڕ هەیبەتە بەکار هێناوە. لەکاتی نوسینی ئەم تێکستەدا ڕێژەی تووش بوون بە ڤایرۆسەکە لەجیهاندا( ۱٨۲ هەزار و ۹۹۱ کەس) تووش بوون و (۷ هەزار و ٤۱۷) پێی مردوون و ( ۷۹ هەزار و ٦٤۳ کەس) چاک بونەتەوە. لە کاتێکدا لە ئەمەریکا بە پەتای وەرزی لەساڵی ۲۰۱۷- ۲۰۱٨ هەشتا هەزار کەس مردوون، وە یان ڕووداوەکانی هاتووچۆ کە ساڵانە ئەبێتە هۆی کوشتنی نزیکە ملێونێک و دوو سەد و پەنجا هەزار کەس لە جیهاندا.

واتە بەراورد بەو ئامارانە ئەو تەنە پچوکە نەبینراوەی کە بەم ڕادەیە کوشندە بێت بۆچی تەواوی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بووەتە مۆتەکە و هەموو ساتێک لە ئەگەری تەسلیم بوون و توش بووندا خۆمان ئەبینینەوە، لەکاتێکدا مرۆڤایەتی ساتی سەختتری تێپەڕاندووە، بۆ نمونە جەنگەکانی جیهانی یەکەم و دووەم ، پەتای ئیسپانی ، تاعوون و ....هتد،ئەم ڤایرۆسە نوێیە بۆچی بەو ڕادەیە بە مەترسیدار ئەبینرێت؟ بێگومان ئەمڕۆ سۆشیاڵ میدیا و میدیا بەگشتی ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاویان هەیە لەسەر کۆی کایەکانی ژیانی مرۆڤی سەردەم، لەم دۆخەشدا کاریگەریەکی بێئەندازەی کردۆتە سەر هەر تاکێک لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت، بەهۆی گواستنەوەی بەردەوامی کۆتا ئامارەکانی ڕێژەی توش بوان ،ڕێژەی مردوو و ئەوانەش کە چاک بوونەتەوە پاشان دوا هەواڵەکانی ئەگەری دۆزینەوەی چارەسەر و ڤاکسین و ڕێگاکانی خۆپارێزی و تەنانەت دروست کردنی چەندان ڤیدیۆی گاڵتە ئامێز لەسەر دۆخەکە.

کەچی فۆکەسی مرۆڤەکان بەتایبەت لەسەر سام و ترسی تووش بوونەکەیە.ئەگەرچی مردن تەنها شتێکی موتڵەقە (بەڕای من) وە پێم وایە تەواوی ئاین و ئایدۆڵۆجیاکانیش لەسەر ئەوە کۆکن و نکوڵی لەکۆتایی هاتن بە ژیانی مرۆڤ ناکەن، بەڵام مرۆڤ ئەمڕۆ نایەوێت بەم ڤایرۆسە بمرێت و لە سۆشیاڵ میدیاوە تەرم و گۆڕەکەی وەک مەترسیەکی گەورە و تەنێکی نەفی لێ کراو پیشان بدرێت کە تەنانەت کەس نزیکەکانیشی ناوێرن و ڕێشیان پێ نادرێ کە بە ڕێ و ڕەسمێکی شایستە بەرەوکۆتا مەنزڵی بەڕێی بکەن و دواجار هیچ پرسەیەکیشی نیە و خەڵک لەجیاتی نزیکی و هاوخەمی پیشاندان و مانەوە لەگەڵیان تا ئەتوانن خۆیان لە خێزان و کەسە نزیکەکانی بەدوور ئەگرن ئەمە لەکاتێکدا تاکی ئێمە تا ئەمڕۆ بە هەیبەت و شکۆوە مردووکانیان بەڕێ کردووە و پرسەکانیان بەسەر کردۆتەوە و هاوخەمیان دەربڕیووە، بەڵام لەئەگەری مردن بەم ڤایرۆسە نزیکترین کەس لە ئەندامانی خێزانی کەسی کۆچکردوو بە ترس و سامێکی قوڵەوە سەردان ئەکەن (ئەگەر بشیکەن).

بەدەر لەوەی مردن پێی سامێکی قوڵی هەیە، کەسی توش بوو جگە لەو ئازارە جەستەییانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە ئەیچێژێت، هێشتا بۆ ئەبەد هەڵگری مەترسیەکە کە خەڵک لە تێکەڵ بوون لەگەڵی سڵ ئەکەنەوە. ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە تۆقین لەکۆرۆنا تەنها لە ڕەهەندی مرۆڤ و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ودواجار مەترسی بۆ سەر تەندروستی جیهانی نەوەستاوە، بەڵکو بە ئاشکرا ئەبینین چۆن کاری کردۆتە سەر پەیوەندییە بازرگانیەکان و ئابووری جیهانی لەبەردەم دەروازەیەکی نادیار و داخراودا هێشتۆتەوە.

ئەبینین بە بێ جیاوازی ئاستی ڕۆشنبیری و تاکەکەسی لە وڵاتە پێشکەوتوەکانیش هاوشێوەی وڵاتانی جیهانی سێیەم خەڵک لە تەنگەژەی قەیرانە دارایی و خۆراکیەکاندایە و بەهەموو توانایەوە خەریکی کۆکردنەوە و کڕینی شمەک و پێداویستی ڕۆژانە وەک خۆراک و پاککەرەوەکاندان، بە ئاشکرا ئەبینین کە مرۆڤ لەهەڵپەی ژیاندا بەرەو قۆرخکاری و شاردنەوە و خەزنکردنی زیاد لەپێویستبووە. ئەگەرێکی کراوەیە بەتایبەت لەو وڵاتانەی توش بوو بە ڤایرۆسەکەیان تیایە قەیرانی خۆراک و پاککەرەوە و تەنانەت بەشێک لە پێداویستییە پزیشکیەکان بووەتە فاکت و هەمووان لە چاوەڕوانی برسێتی و هەژاریدان. لەکۆتاییدا ئەگەر بە ووردی تەماشای زەرەرمەندبوون بکەین لەڕێی ڤایرۆسەکەوە لە باشترین چانسدا ئەگەر توش بوو نەبین لەڕووە تەندروستیەکەیەوە لە هەمان کاتدا لەڕووی ئابووریەوە پشکێکی توش بوونمان هەیەو وەک بەرکەوتەیەکی دیار خۆمان ئەبینینەوە لەبەردەم هەڕەشەی قەیرانی ئابووری لەتەواوی جیهاندا