خەڵكی سێبیران بۆ پرسەش كۆمەڵگاكە بەجێناهێڵن


كۆمەڵگای سێبیران هەولێر بەتەواوەتی لەلایەن تیمە تەندروستییەكان و هێزە ئەمنیەكانەوە گەمارۆدراوە و هاوڵاتیانی كۆمەڵگاكەش بۆ پێویستی نەبێت نایەنە دەرەوە.

ژیان_هەولێر: كۆمەڵگای سێبیران دەكەوێتە سنوری ناحیەی خەباتی پارێزگای هەولێر و ژمارەی دانیشتوانی لەنێوان ٥ هەزار و ٣٠٠ كەس بۆ ٥ هەزار ٥٠٠ كەس دەبێت، ڕۆژی ٢٢ ئەم مانگە بەهۆی بوونی كەسانی گومانلێكراو بەهەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەلایەن تەندروستی خەباتەوە بەتەواوی داخراو كەرەنتینە كرا.

دانیشتوویەكی كۆمەڵگای سێبیران بەژیانی ووت: "لەو رۆژەوەی كە كۆمەڵگاكەیان داخراوە خەڵكی كۆمەڵگاكە ترس و دڵەڕاوكێ دایگرتوون، نەبادا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنابن، بۆیە زۆر بەكەمی خەڵكی كۆمەڵگاكە لەناوخۆدا دێتە دەرەوە تەنها مەگەر بۆ پێویستی سەرەتاییی بچنە دەرەوە".

ئەو دانیشتووەی گەڕەكی سێبیران، ئەوەشی بۆ ژیان ڕوونكردنەوە، تیمەكانی تەندروستی هەر كەس گومانی لێبكەن دەیپشكنن و كەرەنتینەی دەكەن، بۆ ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تووشی كۆرۆنا نەبێت.

هاوكات هێزە ئەمنییەكان جگە لەوەی پارێزگاری لەهاتووچۆی كۆمەڵگاكە دەكەن، هاوكات ڕێگە نادەن خەڵك بۆ پرسەش بڕواتە دەرەوەی كۆمەڵگاكە
بەگوێرەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراوەتەوە، چەند هاوڵاتیەك كە كەسێكیان گیانی لەدەستداوە، ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن، كەسێكیان گیانی لەدەستداوە بەڵام تەندروستی ئامادەنیە "ئۆتۆمبێلی فریاگوزارییان بۆ دابین بكات".

بنكەی تەندرووستی خەبات لەبارەی دواهەمین پێشكەوتنەكانەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، پاش تۆماركردنی چەند حاڵەتیكی كۆرۆنا لە كۆمەڵگاكە بنكەی تەندروستی سێبیران بە فەرمانی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر كرایەوە ، كە ٢٤ كاتژمێر لە خزمەتی هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە دەبێت، ووتی: "بەڕێوەبەری تەندروستی خەبات ئاگاداری دانیشتوانی سێبیران دەكاتەوە كە بە هیچ شێوەیەك لە ماڵەكانیان نەیەنە دەرەوە و ئەم بنكەیە تەنها بۆ گومان لێكراوانی نەخۆشی كۆڕۆنا كراوەتەوە نەك بەڕێكردنی نەخۆش، چونكە كۆبونەوەی خەڵك دەبێتە هۆی زوو بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە ".

كۆمەڵگای سێبیران یەكەم ناوچەی گەمارۆدراوە كە بەفەرمانی تەندروستی هەولێر گەمارۆدرا بەبەهۆی لەسترسی بڵاووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەووتەی خەلكی ناوچەكەش، لەپێناو سەلامەتی خۆیان و كۆمەڵگاكە پابەندن بە ڕێنماییەكانەوە.