سابوون


ژیان: وەرگیراوە لە هەژماری یاسین ئافتاو

نزیکەی «٢٨٠٠ پ.ز»، لە هەندێک خەمڵاندنی دیکەدا «٢٢٠٠ پ.ز»، و لە زۆرترین خەمڵاندنیشدا «٢٠٠٠ پ.ز»، لە شارستانییەتی بابلی کۆن، سابوون بەرهەم هێنراوە.

پرۆفیسۆر «د. هاری ساکز»، لە کتێبی «مەزنیی بابل؛ پوختەی شارستانێتیی وڵاتانی میزۆپۆتانیای دێرین»، «لا: ٥٤٣»؛ بە پشتبەستن بە توێژینەوە نایابەکەی مارتن لیڤی: کیمیا و تێکنۆلۆجی کیمیایی لە میزۆپۆتامیای دێریندا: «Chemistry and Chemical Technology in Ancient Mesopotamia-1959» ئاماژە بەوە دەدات کە بابلییەکان لە دەوروبەری ٢٠٠٠ پ.ز، لە ڕۆن و ئەلکەلاینی سەوزەواتەکان و هەندێجاریش بە ئیزافەکردنی گۆگرد و مەوادی تر؛ سابوونیان بەرهەم هێناوە.

بە بڕوای لیڤی، ڕەنگە بابلییەکان لە هەندێک باردا و لە ئەنجامی کوڵاندنی خوێیەکان و ڕۆن و بە بوونی هایدرۆکسیداتی صۆدیۆم؛ سابوونیان بەرهەم هێنابێت.

بە پێی بابەتێکی ماڵپەڕی یونسێف، یەکەم ئاودەست لە کەمپێکی ئیسکۆتلەندی کە دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار ساڵ پ.ز، هەروەها ئاودەستێکی دیکە کە مێژووەکەی بۆ ١٧٠٠ی پ.ز دەگەڕێتەوە لە کۆشکێکی دوورگەی کریت؛ لە لایەن ئارکیۆلۆجیستەکانەوە دۆزراوەتەوە.

ڕۆم؛ یەکەم شارستانییەت بووە گەرماو و زێرابی داهێنابێت. لە شارستانییەتی ئیسلامییدا، بە پێی ئاماژەپێدانی ئەبوبکری ڕازی «٨٥٤-٩٢٥ ز»، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆیەمی زایینی لە زەیتی زەیتوون سابوون درووست کراوە و بە کار هێنراوە.

«صابوون»ـی عەرەبی؛ لە وشەی سابوون-ی فارسییەوە وەرگیراوە و تەعریب کراوە. سابوونی حەلەبی بەناوبانگترین جۆری سابوونی جیهانە و ماوەی ٣ هەزار ساڵە بەرهەم دەهێنرێت، گوایە فەرەنسییەکان بە چاولێکەری سابوونی حەلەبی، سابوونی مارسیلییان بەرهەم هێناوە و لەوێوە بە ئەورووپادا بڵاو بۆتەوە.

ت: هەموو شارستانییەتەکان سابوونیان بۆ دەستشتن و خۆشتن بەکارهێناوە




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە