ژیان زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچە ئاشکرا دەکات


دوای دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە، تاوەکو ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوەیەک لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گەنجینەکان نەدراوە، بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەو وەزارەت و شوینانەی مووچەکەیان پێنەدراوە.

ژیان_شادان حەسەن: بەپێی ئەو زانیاریانەی لە گەنجینەکانەوە بە (ژیان) دراوە، تاوەکو ئێستا لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابوریی گەنجینەکان لە دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی 2019ی ئەو وەزارەت و شوینانە ئاگادار نەکراونەتەوە، کە مووچەکەیان پێنەدراوە.

ئەو سەرچاوەیە وتی: لە دوای دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە نازانین مووچەی کام وەزارەت دەدرێت، چونکە بەهۆی ئەو دۆخەی هاتۆتە پێش لە هەرێمی کوردستان و بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خشتەی دابەشکردنی مووچە گۆرانکاری تێدا کرا و وەزارەتی تەندروستی پێشخرا.

هاوکات، عابد مزوری ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندیی عێراق بە (ژیان)ی راگەیاند، بەناردنی 522  ملیار دینارەکەی بەغدادا دابەشکردنی مووچە خیرا دەکرێت و مووچەی سەرجەم وەزارەت و شوینەکان دەدریت.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێنجی هەموو مانگێک وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکات و لە 23 بۆ 24ی مانگ کۆتایی بەدابەشکردنی دێت، بەڵام ماوەی دوو مانگە دابەشکردنی مووچە لەوادەی خۆیدا نادرێت و دوا دەخرێت.