ژیان لە زەمەنی ڤایرۆسدا

تەوەرێکی تایبەت بە تێڕوانینی نووسەر و هونەرمەندان بۆ کۆڕۆنا


ژیان: ڕەنگدان
لە زەمەنێکدا کە ڤایرۆسێکی کوشندە بەرۆکی ڕووبەرێکی زۆرێک لە مرۆڤایەتی گرتووە، بەجۆرێک ڕۆژانە دەبیستین دەگاتە کامە وڵاتی دیکەی جیهان و بەمەش ڕێژەی تووشبووانی دەگاتە چەند؟ ئەی لەوانەدا چەندیان دەمرن؟ ئەمەش وایکردووە تابێت ڕووبەری ترس لەلای مرۆڤ زیاد ببێت و ئەم دۆخە ببێتە دۆخێکی سەرتاباگیر و مرۆڤایەتی هەموو لە خەمێکی هاوبەشدابن، تۆ وەک نووسەرێک وەک هونەرمەندێک دیدگات چییە لەم بارەیەوە؟


ڕوانینی نووسەر و وەرگێڕ (ئەردەڵان عەبدوڵڵا)



بە بڕوای من کۆرۆناش  وەکو هەموو رووداوێکی تری جیهانی لایەنی باش و لایەنی خراپی هەبوو. 

 

لایەنی باشی ئەوەبوو جۆرە هاوسۆزیی و هاوکاریەکیی لەنێوان گەلانانی جیهانی دروستکرد، کە پێشتر ئەمجۆرە هاوسۆزییە نەبوو، بەواتایەکی تر ئەم نەخۆشییە دووبارە بە ئاگای هێناینەوەو پێی ووتین، پێش هەموو شتێک هەموومان مرۆڤین،  چەندە لەیەکتری جیاواز بین و دوژمنایەتی یەکتری بکەین، بەڵام دواجار چەند شتێکی هاوبەش، هەموو مرۆڤایەتی بەیەکترییەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش دەتوانم بە خاڵێکی باشی دابنێم. 

هەروەها لە تەواوی جیهانیشدا جۆرە هەڵمەتێکی گەورە لە دژی چەند دابونەریتێکی خراپ بەرپا بووە، کە پێشتر لای خەڵکانێک هێندە گرنگیان پێ نەداوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پاکوتەمیزییەوە هەیە. 

خاڵێکی گرنگی تریش مرۆڤایەتی لە ترسی جەنگی ڤایرۆسەکان بەئاگا هێنایەوە، دیارە پێشتر مرۆڤایەتی ترسی لەمجۆرە جەنگە هەبوو، بەڵام پێدەچێت لە داهاتوودا ئەمەش ببێتە جەنگێکی نوێ لە نێوان دەوڵەتانی جیهاندا. هیوادارم هیچ کاتێک دەوڵەتێکی فاشیستی وەکو تورکیا دەستی نەگاتە  تەکنەلۆژیا دروستکردنی ڤایرۆسەکان، چونکە یەکەمجار هەموو کورد لەناودەبات و پاشان گەلانی تریش. 

لایەنی نێگەتیفی ئەم رووداوە ئەوەیە، ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە دەبێتە هۆی نەخۆشخستن و مردنی خەڵکانێکی زۆر لە جیهاندا. لەپەنا ئەوەشدا دوو شتی تازەی هێنایە کایەوە، یەکەمیان: بڵاوکردنەوەی جۆرە فۆبیایەکی گەورە لە جیهاندا، دووەمیان : راسیزمێکی گەورە. 

گەر  سەیری ئەم چەند مانگەی پێشوو بکەین، جۆرە فۆبیایەکی گەورە تەواوی جیهانی گرتەوە،  هەموو جیهان ترسێکی گەورەی لە دوژمنێکی ترسناک، مەرگهێنەر، زاڵم ، کوشندە هەیە، کە ئەویش ڤایرۆسێکە، کە تەنها لەناو تاقیگە گەورەو مۆدێرنەکانی جیهان دەبینرێت. لەماوەی پێشوودا بەتایبەتی لە سەدەی نوێدا، هیچ کاتێک جیهان وا مۆبیلیزە نەکراوە لە دژی دوژمنێکی گەورە، کە بەنیازە ژیانی ملیۆنان کەس لەناوبەرێت. بە بڕاوی من ئەم ترسە گەورەیەش لە ئێستا و داهاتووشدا کاریگەری خراپی بۆ کەسایەتی هەموو  مرۆڤەکان دەبێت.

خاڵێکی نێگەتیفی تری ئەم رووداوە لەوەدایە جۆرە راسیزمێکی نوێی لە دژی ئەو گەلانە هێنایە کایەوە کە نەخۆشییەکەیان تێدا بڵاوبۆتەوە، بەتایبەتی چینییەکان، لەئێستادا لە تەواوی جیهاندا  جۆرە راسیزمێکی کوشندە لە دژی چین وەکو گەل و دەوڵەت و کولتوور بەرپابووە، ئەمەش لە ڤایرۆسکە ترسناکترە، چونکە ئامانجی سەرەکی بزووتنەوە فاشیستەکان، ناشیرین کردنی گەلانی ترەو بە شەیتانیکردنی ئەوانی ترە. بەداخەوە ئەم رووداوە هێندەی تر رەوتە پۆپۆلیست و راسیزمەکانی لە جیهاندا بەهێزتر کرد.