ژیان؛ زانیاری لەبارەی جیاوازی پشکنیینەکانی کۆرۆنا ئاشکرا دەکات


سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر جیاوازی پشکنینەکانی کۆرۆنا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان روونکردنەوە دەدات و دەڵێت" پشکنینەکان لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتییەکان ئەنجامدراوە، لەبەر ئەوە پلانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستی سلێمانی جیاواز بووە لە شارەکانی هەولێر و دهۆک بۆیە پشکنینەکان جیاوازە ئەگەر نا هیچی دیکە نییە".

ژیان_ کۆچەر عەزیز: بە پێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی لە سلێمانی تاوەکو ئێستا ٥٨٤ پشکنین بۆ تووشبووانی کۆرۆنا ئەنجامدراوە کە زۆرترین رێژەی تووشبوانی تێدایە، بەڵام لە هەولێر هەزار و ٢٩٣ پشکنین بۆ ئەنجامدراوە، لە دهۆکیش  ٣٠٧ پشکنین بۆ گومانلێکراوان ئەنجامدراوە".

جیاوازی ئەم پشکنینانە رەخنە و گلەی زۆر لە لایەن هاووڵاتییان و رۆژنامەنووسانەوە لێکەوتەوە، لای خۆیەوە رێبوار کەریم ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە،  ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی پارێزگای سلێمانی لە عێراقدا دووەم پارێزگایە زۆرترین رێژەی تووشبووانی ڤایرۆسەکەی تێدایە، بەڵام پشکنینەکانی لە پارێزگاکانی دیکە کەمترن لە کاتێکدایە تووشبووانی ڤایرۆسەکە لەو پارێزگایانەی دیکە کەمترن،  ئەمە جێی سەرنجە، چونکە لە هەموو جیهاندا ڤایرۆسەکە لە چ شوێنێک زۆرتربێت پشکنینەکان زۆرتر دەبن، بۆیە ئەمە جێگەی پرسیارە، دەبێت بە زوویی چارەسەر بکرێت.

جیاوازی پشکنینەکان بۆچی دەگەرێتەوە
لە بەرامبەردا رێبوار ئەحمەد، سەرۆکی سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (ژیان) وتی" جیاوازی پشکنینەکان بۆ چەند هۆکارێک دەگەرێتەوە کە سەرەکیترینیان ئەوەیە، پشکنین دەگاتە سەر پلانی بەرێوەبەرایەتی گشتی کە هی سلێمانی جیاوازتربووە لە هی هەولێر، تیمەکانی پارێزگای سلێمانی زۆر سەرقاڵ بوون بە گرتنەبەری رێوشوێنەکان، چونکە ئێمە بەرکەوتەیەکی زۆرمان هەیە لەگەڵ ئێران، بۆیە زیاتر هەوڵیاندوە دابینکردنی پێداویستی پزیشکی ئامێری پزیشکی و دروستکردنی نەخۆشخانە بکەنە ئەولەویاتی یەکەمیان، لەسەرجەم شوێنەکانی سلێمانی ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە تەندروستی سلێمانی و لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی و ئیدارەکان زۆرتر کاتیان تەرخانبکەن بۆ ئامادەکردنی شوێن بۆ مانەوەی نەخۆشی  کۆرۆنا کە ئەمە خاڵێکی ئەرێنی زۆر گەورەی تێدایە، چەند شوێنێک دابینبکەی بۆ نەخۆشەکان، بۆئەوەی ئەگەر زۆرترین تووشبووت هەبوو بتوانی پەنایان بدەی و چارەسەریان بکەی.
هەناسەی دەستکرد بۆ نەخۆش دادەنرێت

دەشڵێت" تەندروستی سلێمانی نەیویستووە ئەو پارەیەی بۆیدابینکراوە سەرجەمی لە پشکنیندا خەرجبکات، تەرکیزی کردووە لەسەر ئەوەی زۆرترین پارە بۆ خەرجکراوە بۆ کڕینی ئامێر و پێداویستی پزیشکی و خۆپارێزیخەرجبکات هاوکات زۆرترین ئامێری (ڤێنتیلەیتەر) واتە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد بکڕن، بۆئەوەی ئەگەر ١٠٠ نەخۆش هەبێت بتواندرێت هەناسەی دەستکردنیان بۆ دابندرێت، کە نرخەکەی بە ٣٠ ملیۆن دینارە، هەرزانترینیان بە ١٥ ملیۆن دینارە کە سینییە، کە ئەمش پلانێکی باشە.

دەشڵێت"پشکنین شتێکە کۆنتڕۆڵ ناکرێت، چونکە ١١ هەزار خەڵک لە ئێران هاتووەتەوە  لەو  ١١ هەزار کەسە بە دڵنیاییەوە هەزار کەسی تێدایە کە تووشبووە، چونکە ئەگەر بە ڕێژەی لەسەدا ٢وەریبگرین دووسەد کەسی بەرکەوتەی تێدابووە، ئەو رێژەیەش لە ١٥ی شوباتەوە تاوەکو ئێستا هەزار کەسیان تووشکردووە، بەڵام دەکرێت ئامادەکاری بکەی بۆئەوەی ئەگەر حاڵەتەکان زۆر بوون بتوانین چارەسەریان بکەین، بۆیە پشکنین کەمتر ئەنجامدراوە".
هەڵگری نەخۆشەکە نیشانەکانی دەرناکەوێت

رێبوار ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، لە لایەکی دیکەوە، ئەو پشکنینانە پەیوەندی راستەوخۆی بە خەڵکەوە هەیە، خەڵک بۆخۆی بەشێکی ناڕوات بۆ پشکنین، ئەو نەخۆشییە  خێرا بڵاودەبێتەوە ئەو کەسەی کە هەڵگری نەخۆشییەکەیە هیچ نیشانەیەکی لەسەر دەرناکەوێت، مەگەر ئەوەی کەسەکە نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەبێت و بتواندرێت پێبزاندرێت، بۆیە دەشێت کەسێک چەندان کەسی دیکە تووش بکات.
پێشتریش ژیان لەسەر جیاوازی ئەو پشکنینانە پەیوەندی کردن بە محەممەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، پشکنینەکان بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستییەکان خۆیان دەینێرن، نەک وەزارەت بیکات واتە بە پێی پلانی خۆیان دەکرێت.
نرخی پشکنینەکان 120 دۆلارە

سەبارەت بە نرخی پشکنینەکان سەرۆکی لیژنەی تەندروستی ئەنجوومەنی پاریزگای سلێمانی راشیگەیاند،  ئەنجامدانی هەر پشکنینێک لە کەمترین حاڵەتدا ١٢٠ دۆلار  لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکەوێت، کە ئەوەش تێچوویەکی زۆر دەوێت.

سەبارەت بە دابینکردنی پارە بۆپارێزگاکان وتیشی: هە رپارێزگایەک بڕی ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ دابینکراوە، بۆ هەریەک لە ئیدارەکانیش ٢٥٠ ملیۆن دینار تەرخانکراوە، تەنیا جیوازی لە خەرجکردنی پارەکەدا ئەوەبوو بۆ قەزایەکی شاری هەولێر بەو حکومەی بەرکەوتەی زۆر لەگەڵ ئێراندا هەیە ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ دابینکراوە.

لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 99 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە زۆرترین رێژەیان لە پارێزگای سلێمانین.