ئێران: كیتی دیاریكردنی كۆرۆنامان بەرهەم هێنا


میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە كە وڵاتەكەیان كیتی دیاریكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنایان بەرهەم هێناوە، دەتوانێت لەماوەی 2 كاتژمێردا بونی ڤایرۆسەكە لە جەستەدا دیاری بكات. 

ژیان – تاران: میدیاكانی سەر بە حكومەتی ئێران ئاشكرایان كرد لەلایەن كۆمپانیایەكی وڵاتەكەیانەوە كە كاری بەرهەمهێنانی كەرەستەی پزیشكی دەكات جۆرێك كیت بۆ دیاریكردنی كۆرۆنا بەرهەم هاتووە كە لە دوو كاتژمێردا ئەنجامی تاقیكردنەوە دەردەخات.

وەحید یوونسی، بەرپرسی گەشەی كاری ئەو كۆمپانیایەی كە كیتەكەی دروست كردووە، لەوبارەیەوە دەڵێت: كاتی ئەنجامی تاقیكردنەوەكە دوو كاتژمێرە و بە بەرهەمهێنانی بەردەوام و بە پێی ئیمكاناتی تاقیگەكانی ژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستی، كاتی پێشكەشكردنی ئەنجامەكان باشتر دەبێت.

ئەوەش دوای ئەوەهات كە پێشتر ئەمریكا رایگەیاند كیتێكی بەرهەمهێناوە دەتوانێت لە 45 خولەكدا ڤایرۆسەكە لە جەستەی مرۆڤدا دیاری بكات، ئێرانیش تاكو ئێستا كێشەی كەمی كیتی كۆرۆنای هەیە.