دەرەوە هەرگیز باش نەبووە


داستان بەرزان
بۆ ئەوەی لە قەبارەی ماددەیەك تێبگەیت
پێویستە لەو بۆشاییە تێبگەیت كە ماددەی تێدایە
ئەمە قسەیەكی فیزیایی نییە
بەڵكو وەك شاعیرێك دەمەوێت
بۆشایی گرێبدەمەوە بە تەنیاییەوە.

تەنیایی بەرگەگرتنی بۆشاییە
شاعیرەكان ئەوانەن كە لە بۆشایی تێدەگەن.

مرۆڤ تاكو نەتوانێت بەرگەی خۆی بگرێت
ناتوانێت لەبەرامبەر تەنیاییدا خۆڕاگربێت
خۆڕاگرتن لە بەرامبەر تەنیاییدا جۆرێكە لە شۆڕش
شۆڕش لەبەرامبەر ئەوانیتردا
چونكە ئەوانیتر بۆیە هەن تاكو  كەوڵت بكەن
مرۆڤی تەنیا ڕۆژانە لە ناو خۆییدا خەریكی سڕینەوە ئەوانیترە.

ڕاستە من نامەوێت زۆر تەنیابم
لە شیعرێكی دیكەشدا نووسیوومە
(تەنیایی بۆ كەس باش نییە)
بەڵام نازانم بۆچی خەڵكی لەگەڵ ناوهێنانی شاعیراندا
تەنیاییان بیردەكەوێتەوە!
چونكە من بۆیە ئەم شیعرەم دەنووسم تاكو پێتان بڵێم:
درۆ دەكەن شاعیرەكان تەنیانین!

ئازادی لە ناو شۆڕشدا شتێكی دیكەیە
شێوە و ڕەنگ و ناوەڕۆكی هەیە
خاوەنی هەیە، نرخی هەیە
بەڵام لە ڕاستیدا ئازادی گیایەكە بە هیچەوە ناخورێت
حەشیشێكە تەنیا باغەوانەكەی خۆشنوود دەكات و
ئەوانیتر خومار
من حەزم لە ئازادییە، بەڵام جۆرەكەی خۆم.

ماڵ شتێكی نوێ‌ نییە
وەكو ئاسمان كە دێرینە
بەڵام كاتێك كۆمەڵگا دەستی بەسەر ماڵدا گرت
ئیتر ماڵ ئەوە نەما كە مرۆڤ ویستی
بۆیە مرۆڤ دەستیدایە هەڵهانت لە ماڵ 
نەفرەتكردن لە ماڵ و میزكردن بە ماڵدا
من حەزم لە ماڵە، بەڵام جۆرەكەی خۆم. 

ئەڤین نەخۆشییەكە بەهایەكی گەورەی هەیە
وەكو سەفەر وادەكات بدرەوشێیتەوە
بەڵام كاتێك ئەڤین زۆری و كەمی هەبوو
لە ماركێتەكاندا لە تەنیشت دۆشاوی تەماتە و 
ئاوی لیمۆ و سركە و پاكەرەوەكاندا باڕكۆدی لەسەربوو
دەستپێك و بەرسەرچوونی هەبوو 
وەكو لاشەی سەبازێكی لە بەرەی جەنگدا بەجێماو
-با- دەیبات و دەیبات و دەیبات
من حەزم لە ئەڤینە، بەڵام بە جۆرەكەی خۆم.

ماوەیەكە نانووسم 
نەنووسین باشترە لە نووسین
حەز دەكەم دەست لە نووسینی ئەم شیعرە هەڵبگرم و
لەگەڵ كچەكەی هاوڕێم بڕۆینە دەرەوە 
لە كافێیەكی سەهۆڵەكە گوێ‌ لە گۆرانی (بێلا چاو)* بگرین و
باسی دونیا بكەین كە چ فێڵێكە لە مرۆڤ
بەڵام نابێت، كاتی دەرەوە و كافێ نییە
دونیاكەی خراپە
(دەرەوە ڤایرۆسە.)

بەردەوام دەبم لە باسكردنی دەردێك
كە ڕۆژێك دێت سەرم دەخوات
دەزانم سەردەمی باسكردنی دەرد نەماوە
بەڵام هەندێك دەرد هەن بە باسكردنیان دەڕەوێنەوە
من كەسم نییە دەردەكانمی بۆ باسبكەم
بەلۆعەی ئاوەكەش لێم بێزاربووە
هێندە بە ئاودا ناردم دەردەكانم
بۆیە دەیانكەم بە جۆرە شیعرێك
خەڵكی بخەنە سەر دەرد.

گوێ‌ لە گۆرانی شوعلە دەگرم
شوعلەی من كوژاوەتەوە
دڵنیادەبمەوە كە نەخۆشم
لە شارێكدا كە نەخۆشخانەیە
كاتی خۆی شاعیرێكی تێدابووە گۆشەگیر
شیعری ئەو شاعیرە لای من جۆرێكە لە باوەڕ
چونكە ئیشی لە ناوەوەی خۆییداكردووە
ئەو شاعیرە ناوی (مەحوی)یە.

تەزیەبارم لە سەردەمێكدا كە باوی نەماوە
غەمگینم لە سەردەمێكدا كە حەیاچوونە
بێزارم لە سەردەمێكدا كە شەرمەزارییە
نائومێدم لە سەردەمێكدا كە بە -با-چوونە.

مرۆڤ دەیویست جیهان بگۆڕێت
بەڵام جیهان خۆی و مرۆڤی پێكەوە گۆڕی.

خۆشبوون ئەو ڕۆژانەی دەستمان لە هەموو شتێك دەدا
ئێستا بۆمان نییە وەك پێویست لەسەر كورسییەكان دابنیشین
ناتوانین بچینە تەنیشت درەختەكان و 
پێكەوە گۆرانیی بڵێین

قەدەغەیە بەبێ دەمامك ماچ و
بەبێ كهول مەمك و
بەبێ كۆندۆم سێكس.

ماڵەكانمان پێویستیان بە پاكژكردنەوە هەیە
تەنیا دەسكی دەرگا و 
نەعل و 
تەوالێت و 
جێگەی خەوەكانمان نا
بەڵكو هەناوی ماڵەكانمان
هەناوی جیهان.

من چۆن بەرگەی ئەم ڕۆژگارە بگرم؟
كە لە هەموو شتێكی زیاتر پێویستە لە بۆنی گوڵەكانی بترسین!


گەردەكانی هەوا
گەردی فرمێسكەكانی ئێمەن
بۆ ژیانێك كە لێمان تۆرا و
هەرگیز بەو جۆرەی جاران نایەتەوە.

نەما ژیانی ڕاستەقینە
نەما دەستلێدان و
هەناسەدان 
ئیتر ژیانی ئۆنڵاین دەستی پێكرد
ژیان بە دەنگ و ڕەنگی سەر شاشەكان
نەك بە دەستلێدان و
هەناسەدان!

مرۆڤ سروشتی توڕەكرد
دایكە میهرەبانەكەمان
گورزێكی لێوەشاندین مێژوویی
بەڵام ئایا مرۆڤ دادەنیشێت؟

ژیان سەیرە
كە خەریكە لە دەستی دەدەین خۆشمان دەوێت!

من بەسروشت وەهام
هەموو ئەوانەی لە دەستمداون بایەخیان لەلام زۆرترە 
وەك لەوانەی كە هی منن
بەڵام كوا من چیم هەیە؟
سەیارە؟
سەموون؟
سەمەنی؟
سەنتور؟
سەبیل؟
چونكە من خەڵكانێك دەزانم زۆر شتیان هەیە
سیر و
سیروان و
سەما و
سانتی و
سلێمانیش!

*گۆرانییەكی ئیتاڵییە لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم لەلایەن بەرهەڵستكارانی فاشیزمەوە لە ئیتاڵیا گوتراوە، دوای ماوەیەكی كەم دەبێتە هێمای ئازادیخواز و شۆڕشگێڕانی دژی فاشیزم و بە زۆربەی زمانەكان دەوترێتەوە.