پزیشكێكی تووشبووی كۆرۆنا لەبەریتانیا چاكدەبێتەوە


پزیشكێكی تووشبوو بە كۆرۆنا دوای چاكبوونەوەی دەڵێت، لەكاتی توشبوونیدا هەرگیز وابیری نەكردووەتەوە كە دەمرێت. 

ژیان_ نێودەوڵەتی: پزیشكەكە ناوی كلەیر گیرادایە، سەرۆكی پێشووی كۆلێژی ئەنجوومەنی شاهانەی پسپۆڕانی گشتییە و چیرۆكی تووشبوونی خۆی بە كۆرۆنا دەگێڕێتەوە و دەڵێت، لەسەرەتای ئادار لە نیویۆرك تووشی كۆرۆن هات و بەو شێوە نییە كە باسی دەكەن.

كلەیر گیرادا ئاماژە بەوە دەكات، ئێمە خۆمان ناپارێزین و لەوانەیە لە نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەكان خەڵكانێك هەبن كۆرۆنایان هەبێت، بەڵام نیشانەیان تێدا دەرنەكەوتبن. ئێستا پزیشكەكە چاكبووەتەوە و دەڵێت، "دەچمەوە سەر كار و یارمەتیی تووشبووان دەدەم". 

كلەیر گیرادا دەڵێت، راستە كە زۆر نەخۆشكەوتم و وەكو ئەوەبوو هەڵامەتێكی زۆر قورسم هەبێت. سێ رۆژ بەتووندی گرتم، بەڵام هەرگیز هەستم بە هەناسەتەنگی نەكرد و بۆ ساتێكیش پێموانەبوو كە دەمرم.

گیرادا باس لەوە دەكات، سوودی لە پاراسیتامۆڵی ئاسایی و هەندێك شلە لەگەڵ شۆربای مریشك وەرگرتووە و لەوە زیاتر هیچی دیكەی بەكارنەهێناوە.

پزیشكەكە دان بەوە دەنێت كە تووشی سەرئێشە و ئازار بووە و پلەی گەرمیشی بەرز بووەتەوە، دەڵێت، هەموو ئەو نیشانانەم تێدا دەركەوتن، بەڵام وەكو نەخۆشانی دڵ و شەكرە بە قورسی نەیگرتووە كە مەترسی لەسەر ژیانی دروستبكات.

كۆرۆنا لە بەریتانیا لەسەرەتای تەشەنەكردنیدایە و زیاتر لە شەش هەزار و 500 كەس تووشبوون،لە تەواوی جیهان ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان كاژێر بە كاژێر دەگۆڕێت، بەپێی دوایین ئامارەكان، 392 هەزار و 780 كەس تووشبوون 17 هەزار و 159 كەس گیانیان لەدەستداوە و 102 هەزار و 980 كەس چاكبوونەتەوە.