ئیسپانیا؛ لە24 كاژمێردا 700حاڵەتی مردن تۆمار كراوە


لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، نزیكەی 8 هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە تۆماركراون، لەكاتێكدا زیاتر لە 700 حاڵەتی مردنیش بەهۆی پەتاكە لە شەو و رۆژێكدا،راگەیەندراون.

ژیان_ئیسپانیا: ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەئیسپانیا گەیشتە 3 هەزار و 434 كەس، بەمەش لە رووی ژمارەی مردووان ئەو وڵاتە پێش وڵاتی چین كەوت، كە كۆی ئەوانەی بەهۆی كۆرۆنا ڤایرۆسەوە لەچین گیانیان لەدەستداوە، تائێستا 3 هەزار و 281 حاڵەتن. 

وەزارەتی تەندروستی ئیسپانیا رایگەیاند، تا ئێستا لە سەرانسەری وڵاتەكەیان 47 هەزار و 610 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون، لەو ژمارەیەش 3 هەزار و 166 حاڵەت لە دۆخێكی تەندروستی مترسیداردان، لەكاتێكدا 5 هەزار و 367 كەس بە تەواوی لە ڤایرۆسەكە چاك بوونەتەوە.

تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ زیاتر لە 423 هەزار كەس لە جیهان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لەوژمارەیەش زیاتر لە 18 هەزار كەس بەهۆی ئەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 109 هەزار كەسیش بە تەواوی چاك بوونەتەوە.