لە هەولێر 3 كەسیتر توشی كۆرۆنا بوون


وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەیانی ئەمڕۆ 26ی ئادار  توشبوونی 3 كەسیتری بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری هەولێر راگەیاند و بەوەش ژمارەی توشبوانی هەرێم بووە 103 كەس. 

ژیان- هەولێر: وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، سێ تووشبووی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە شاری هەولێر دەستنیشانكرا. 

ئەو وەزارەتە لەبارەی ناسنامەی توشبووەكانەوە دەڵێت یەكیان "ئافرەتێكی تەمەن 32 ساڵ و دوو پیاوی تەمەن (30) و (32) ساڵی كە هەموویان كەسوكاری تووشبێكی دوێنێی شاری هەولێرن".

لە هەرێمی كوردستان تاكو ئێستا 103 كەس بە ڤایرۆسی كۆرۆنا توش بوون و لە نێویاندا 2 كەس گیانیان لەدەستداوە كە دیار نیە هۆكارەكەی توشبوون بێت بە ڤایرۆسەكە،هاوكات 22كەس نێردراونەتەوە ماڵەوە بەهۆی ئەوەی بە تەواوەتی چاكبونەتەوە، ژمارەیەكیش وا بڕیارە بەم زوانە نەخۆشخانە جێبهێڵن.