بەشیر حەداد بۆ ژیان: تاوەکو مووچەی فەرمانبەرانی عێراق هەبێت بۆ هەرێمی کوردستانیش دەنێردرێت


جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئەو کاتەی بوودجە لە عێراق هەبێت و مووچەی فەرمانبەرانی  عێراق بدرێت، مووچە بۆ هەرێمی کوردستانیش دەنێردرێت. 

ژیان_کۆچەر عەزیز: لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ (تۆڕی هەواڵی ژیان)، بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باس لە هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدادەوە دەکات، هاوکات ناکۆکییەکانی نێوماڵی شیعە و دەستپێکردنی دانوستانەکان و ئەگەری سەرنەکەوتنی زورفی بۆ پێکهێنانی حکومەت و قۆناغەکانی دوای ئەوە و هاوکارییەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق و وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان بۆ تووشبووانی کۆرۆنا باس دەکات.

ژیان: ناردنی بەشە بوودجە لەلایەن عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، لە کاتێکدا نرخی نەوت دابەزیوە، پەتای کۆرۆنا هەیە لە عێراقدا خەرجییەکی زۆر لەسەر حکومەتە؟
بەشیرحەداد:
تاوەکو ئەو کاتەی مووچەی فەرمانبەرانی  عێراق بدرێت، مووچە بۆ هەرێمی کوردستانیش دەنێردرێت، دوێنێش وەزیری دارایی عێراق  ئاگاداریکردینەوە نووسراویان ئاڕاستەی بانکەکان کردووە بۆئەوەی دەستبکەن بە  ئامادەکردن و دابەشکردنی مووچەى ئەم مانگە، بێگومان هەرێمی کوردستانیش بەشی خۆی وەردەگرێت لە عێراق. 

ژیان: هۆکاری دواکەوتنی ناردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان چییە؟
بەشیر حەداد:
بە تەنیا مووچەی هەرێمی کوردستان نییە، هی هەموو عێراق دواکەوتووە، بە هۆی ئەو بارودۆخەی کە ئێستا هەیە، قەدەغەی هاتوچۆ، بەڵام  لەچەند رۆژەی داهاتوودا چارەسەردەکرێت و مووچە دابەشدەکرێت، ئەو فەرمانگانەی تایبەتن بە دابەشکردنی مووچە دەبێت دەوام بکەن و مووچەی فەرمانبەرانیش دابەشبکەن، راستەوخۆ دوای ئەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەنێردرێت. 

ژیان: کورتهێنانی بودجەی عێراق چەند دەبێت و چۆن پڕدەکرێتەوە؟
بەشیر حەداد:
کورتهێنانی بوودجەى ساڵی ٢٠٢٠ زۆرە، ئەویش لەبەر ئەوەی دەیان هەزار پلەی وەزیفی ئیزافەکراوە  خەڵکانێکی زۆر بە لێشاو گەڕێندراونەتەوە ئەمانە هەموویی قورسایین بۆ سەر  بوودجە وه كورتهينان زیاد دەکات، هەروەها چەندين ياسا هةموار كراوةتةوه و بڕیار دەرکراوە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بۆ جێبەجێکردنی داواکردنی خۆپیشاندەران، بۆیە تاوەکو ئێستا عێراق لەسەر بودجەی ٢٠١٩ بە یەک لەسەر ١٢ دەڕوات بەڕێوە، دەکرێت هەرکاتێک بوودجەی ٢٠٢٠ بڕیاری لەسەر درا هەندێک خەرجی کە داندراون بۆ گەڕاندنەوەی پلە وەزیفییەکانى فەرمانبەران و پرۆژەکان دوابخرين بۆئةوەی خەرجییەکان کەمبکرێنەوە. 

ژیان: ئێوە وەک لایەنە کوردستانییەکان چاوەڕێی گفتوگۆی نێوماڵی شیعەن لەبارەی زورفی؟
بەشیر حەداد:
زورفی دەستی بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا گفتوگۆی لەگەڵ کورد ئەنجامنەداوە، لەبەر ئەوەی ئەوە دەوەستێتە سەر پێکهاتن و گفتوگۆی هەموو لایەنە سیاسییەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پشکی شیعەیە، بۆیە پێویستە یەکەمجار نێوماڵی شیعە بۆ خۆیان لەسەر زورفی رێکبکەون ئینجا لایەنەکانی دیکە گفتوگۆکانی خۆیان لەگەڵ زورفی دەستپێبکەن، لەبەر ئەوە نامانەوێت حکومەتێک دروست بێت کێشەی لەسەر بێت و بە رەزامەندی هەموو پێکهاتەکان نەبێت، ئێمە خوازیارین حکومەتێکی بەهێز لە عێراق پێکبێت کە پێکهاتن و هەماهەنگی و یەکدەنگی هەموو پێکهاتەکانی لەسەر بێت واتا هاودەنگییەکی  نیشتمانی لەسەر بێت، بۆیە تاوەکو ئێستا زورفی کۆدەنگی لەسەر نییە و هەر لە ناو ماڵی شیعە دەتوانم بڵێم نیوەی لایەنە شیعەکانی لەگەڵ نین، وه تاوەکو ئێستا چارەنووسی دیارنییە، کوردیش چاوەڕوانی روونبوونەوەی وێنەکەیە، بۆئەوەی قسەی خۆی بکات تاوەکو ئێستا کورد لەوبارەیەوە هیچ هەڵوێستێکی نییە. 
ژیان: ئێوە وەک کورد چ کاندیدێک بۆ سەرۆکوەزیران قبوڵدەکەن و ئەولەویاتی ئێوە چییە بۆ دانوستاندنەکان؟ 
بەشیر حەداد:
کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی و گرنگە لە عێراق، رۆڵی سەرەکی هەبووە لە سەقامگیری عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ، ئێمە خوازیارین شەریکێکی راستەقینە بین بتوانین لە هەموو کاروباری وڵات و بڕیارەکانی ئیدارەدانی وڵاتدا بەشداربین، داواکاری ئێمە لە هەر حکومەتێکی بەغداد ئەوەیە یەکەمجار پابەند بێت  بە دەستووری عێراق، ئەو دەستوورەی کە هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەنگییان لەسەرداوە، تا ڕادەیەک مافەکانی کوردی تێدا چەسپێندراوە هەم لە قەوارەی دەستووری هەم لە هەندێک مافەکانی دیکە، خاڵی یەکەمی ئێمە لەگەڵ هەر حکومەتێک جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستوورە بە تەواوی، پاشان باوەڕی وابێت کورد شەریکێکی راستەقینەیە، رێککەوتن و هاوسەنگی و شەراکەتێکی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا  پێویستە ئاوا سەیری کورد بکات.

ژیان: ناوچە جێناکۆکەکان دەکرێتە پێش مەرجی دانوستان یاخود لە پەراوێزی گفتوگۆکاندا قسەی لەسەر دەکرێت؟
بەشیر حەداد:
سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان دەبێت ئەو سێ قۆناغەی لە دەستووردا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو ناوچانە وەک خۆی جێبەجێبکرێت، بەشە بوودجەی  هەرێم وەک خۆی بدرێت، کێشەی نەوت وغاز و مافەکانی پێشمەرگە و هەموو ئەمانە چارەسەر بکرێن، ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ بەغداد کراون رێزی لێبگیرێت، بۆ هەموو حکومەتێک ئەوە دیدگای ئێمەیە.

ژیان: سەبارەت بەو رێککەوتنانەی پێشتر کراوە لەسەر ناردنی مووچە رادەستکردنی نەوت ئایا زورفی بە هەمان میکانیزم رازی دەبێت یاخود ئەو رای دیکەی هەیە؟
بەشیر حەداد:
لەبەرئەوەی زورفی هێشتا گفتوگۆی لەگەڵ کورد دەستپێنەکردووە، نازاندرێت رای چییە، خۆشی بەفەرمی راینەگەیاندووە، کە لەم خاڵانەدا لەگەڵ ئێمە چۆن دەبێت، بۆیە هەڵوێستی ئێمە دیار نییە و رانەگەیەندراوە، بەرامبەر بە هەڵوێستی زورفی تاوەکو گفتوگۆی لەگەڵ نەکرێت نازاندرێت، ئێستا  ئەگەر کورد هەر قسەیەکیش بکات پێش وادەی خۆیەتی.

ژیان: وادەردەکەوێت چانسی زورفی باشتر نییە لە محەمەد عەلاوی کە نەیتوانی متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت؟ 
بەشیر حەداد:
نیوەی لایەنەکانی شیعە رازینین بە کاندیدکردنی زورفی، تاوەکو ئێستا نازانین ئایا دەتوانێت حکومەتەکەی پێکبهێنێت یاخود نا، ئەمە وەستاوەتە سەر رۆژانی داهاتوو.

ژیان: رێوشوێنەکان سەبارەت بە خۆپارێزی لە عێراق سست و لاوازن، بۆچی؟
بەشیرحەداد:
حکومەت زۆر لاواز و بێ توانایە، دەسەڵات بەدەست حکومەت نییە، دەسەڵات بەسەر هەندێک لایەن و حزب و میلیشیا چەکدارەکانەوەیە، لەبەرئەوە حکومەت بەراستی ئەو توانایەی نییە، ئەمن و ئاسایش دابینبکات و بڕیارەکانی خۆی بسەپێنێت بەسەر  خەڵکیدا، لەبەر ئەوە دەبینین ئەم خروقاتانە دەکرێت ئایا بە ناوی مەزهەبەوە، کە شیعەکان بۆ سەردانی مەزهەبەکانیان گوێ بە هیچ رێنماییەک نادەن و حکومەت ناتوانێت رێگیرییان لێبکات، بۆیە بەراستی ئەمە هەڕەشە لە بارودۆخی ئەمنی و ئابووری تەندروستی وڵات دەکات.

ژیان: رێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی، تاوەکو ئێستاش هاتوچۆی خەڵکانی دراوسێ بۆ ناو عێراق بەردەوامە و ئەوەش مەترسیدارە، مەگەرعێراق گەشتی فرۆکەخانەکانی نەوەستاندووە؟

بەشیر حەداد: ئێمە حکومەت و وەزارەتی تەندروستی عێراقیشمان  ئاگادارکردووەتەوە لە مەترسی مەرزەکان و هاتوچۆى خەڵک لە ئێرانەوە بۆ عێراق و هاتوچۆ لە نێو شارەکان و پابەند نەبوونی خەڵک لەسەر شەقامەکان بە ڕیکارە تەندروستییەکانەوە، بەڵام ئێستا دەوڵەت ئەو هێز و توانایەی نییە، بۆیە دەبێت ئێمە  دەرگاکانی هەرێمی کوردستان دابخەین تاوەکو بیپارێزین ئەگەر نا ئێمە ناتوانین گەرەنتی بدەین لەوەی  کە عێراق دەپارێزین لەو بارودۆخە سەختەدا.

ژیان: راگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق ئێراندا دەتوانێت قەدەغەی هاتوچۆ کۆنتڕۆڵبکات؟
بەشیر حەداد:
زۆر بە ئاسانی دەتواندرێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی کۆنتڕۆڵبکرێت، بە ئەنجامدانی رێکاری تەندروستی توند، لە خاڵە سنوورییەکان و لەو شوێنانەی کە داخڵ دەبن، نەک رابگیرێت،  بەڵام لە پاڵ ئەمانەدا چەندین گرووپی دیکە بە کۆمەڵ دێنە ناوعێراقەوە کێشەکە لەوەدایە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانییدا نییە. 
ژیان: دەوترێ بەهۆی کۆرۆنا تەواوی پەرلەمانتارە کوردەکان گەڕاونەتەوە کوردستان؟
بەشیر حەداد:
بەڵێ گەڕاونەتەوە، لەم بارۆدۆخە ئاڵۆزەدا کە دەوام نەبێت لەوێ چیبکەین، خۆ دەبێت بگەڕێینەوە هەرێمی کوردستان.