جوتیار عادل: بۆ دابەشکردنى مووچە چاوەڕێى گەیشتنى پارەکەى بەغدادین


وتەبێژى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی مووچەى ئەو وەزارەت و دەستانەى تاوەکو ئێستا مووچەى مانگى کانوونى  یەکەم ساڵى رابردوویان وەرنەگرتووە، ‌ رایده‌گه‌یه‌نێت "چاوەڕێى گەیشتنى پارەکەى بەغداد دەکەین".

ژیان_هەرێمی کوردستان: جوتیار عادل، وتەبێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا رایدەگەیەنیت، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی رووبەرووی دۆخێکی سەختی تەندروستی و ئابووری کرد و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نیە لەو دۆخە نەخوازراوە.

ناو براو دەڵێت:  حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان.

لە بارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019ی وەزارەت و شوینەکان ئاماژەی بەوەکردوە،  وەزارەتەکانی (پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابوری، ناوخۆ) مووچەیان وەرگرتوە و لە گوژمەی پێویست لە داهاتی هەرێم دابین کرابوو، بۆ وەزارەت و دامەزراوەکانی تر چاوەرێی هاتنی تەمویلەکەی بەغداین، هەرکاتێک گەیشت، راستەوخۆ دەست دەکەین بەدابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی تر بە میکانیزمێک کە ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکرێت.
لە روونکردنەوەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، سەرجەمی مووچەی موچەخۆران بۆ هەر مانگێک لە هەرێمی کوردستاندا بریتییە لە 894 ملیار دینار، لەو بڕە 453 ملیار دینار لە بەغداوە تەمویل دەکرێت، کە دەکاتە نزیکەی 51٪ کۆی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تەندروستیە و ڕاگیرانی دەوامەوە لەبەغداد، هاتنی ئەو تەمویلە دواکەوتووە، بۆ ئەو مەبەستە وەزیری دارایی وئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی  حکومەتی فیدرال بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، بۆیە "ئێمە چاوەڕێین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو تەمویلەمان بەدەست بگات بۆ تەواوکردنی دابەشکردنی خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان".
لەکۆتایی روونکردنەوەکەیدا جوتیار عادل وێرڕای سوپاسی خەڵکی کوردستان، دەڵێت "ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا هاوکاری یەکتر بین تاکو هەموو پێکەوە بەسەر مەترسیی ئەم پەتایە و کاریگەرییەکانی زاڵ ببین. بۆیە چاوەڕوانین گشت لایەنەکان واقیعیانە دۆخەکە لێکبدەنەوە و ئەم رەوشەی هاتووەتە پێش نەکرێتە کەرستەی موزایەداتی سیاسی. ئەم هەرەشەیە تەنیا لەسەر حکومەت یان لایەنێکی سیاسی نیە، گشتمان پێکەوە ئامانجی ئەم پەتایە و لێکەوتە نەرێنیەکانین، بۆیە پێکەوەش دەتوانین بەسەر ئەم مەترسیە زاڵ ببین".