بە پێنج رۆژ مووچەی وەزارەتی شەهیدان دابەشدەکرێت


دوای چەند رۆژێک لە وەستانی دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو، بڕیارە ٢٩ی مانگ دابەشکردنی مووچە دەستپێبکاتەوە.

ژیان_ سلێمانی: وەزارەتی دارایی و ئاببووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە رۆژی ٢٩ی ئەم مانگەوە تاوەکو ٢ی نیسان مووچەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دابەشدەکرێت، بە جۆرێک  رۆژانی (٢٩-٣٠) ئادار مووچەی  خانەوادەی شەهیدانی سەنگەر دابەشدەکرێت، هاوکات رۆژی ٣١ی ئادار کە دەکاتە رۆژی سێشەممە مووچەی خانەوادەی ئەنفالکراوان دابەشدەکرێت، هاوکات رۆژی (١ -٢)ی ئادار کە دەکاتە رۆژی چوارشەممە  و پێنج شەممە مووچە خانەوادەی شەهیدانی هاووڵاتی دابەشدەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ٩ی ئاداری ٢٠٢٠، دەستیکرد بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردووی فەرمانبەران، تاوەکو ئێستا مووچەی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و پێشمەرگەی دابەشکردووە، دواتر دابەشکردنی مووچەی راگرت بە بیانووی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆوە، بەڵام ئەمڕۆ جوتیار عادل لە روونکردنەوەیەکدا هۆکاری سستی و راگرتنی دابەشکردنی مووچەی بۆ هۆکاری نەناردنی پارە لە لایەن بەغدادەوە بۆ هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە.

بە پێی زانیارییەکانی (تۆڕی هەواڵی ژیان) بڕیار بوو مووچەی هێزەکانی ئاسایش دابەشبکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی پارەی پێویست لەبەردەستدا نەبووە، بۆیە گۆڕانکاری لە خشتەی مووچەدا کراوە، وەزارەتی شەهیدان پێشخراوە، لە ئێستاشدا بەرپرسانی وەزارەتی دارایی لەسەر خەتن بۆ ئەوەی بەغداد لە زووترین کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و دابەشکردنی مووچە خێراتر بکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە پشت دەبەستێت بە ٣١٧ ملیار دیناری ناوخۆ و ٤٥٢ ملیار دیناری حکومەتی عێراق کە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی دەنێرێت.