پارێزگارى سلێمانى: دۆخە سەختەكان پێدەنێنە قۆناغەكانی كۆتایى


پارێزگارى سلێمانى، لە پەیامیکدا، رایدەگەیەنێت،  پابەندیی و خۆپارێزیتان، خۆڕاگریی و خۆبەخشیتان، نیشانەی هۆشیاریی‌و گیانی بەرزی بەرپرسیارێتیانە، ئەم دۆخە تەندروستیەی ئێستا بەسەر جیهاندا هاتووە، دۆخێكی ئابووری نوێشی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو لە ئایندەیەكی نزیكدا دۆخێكی نوێتر دەهێنێتە كایەوە.

ژیان_سلێمانى: ئەمڕۆ پێنج شەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى لە پەیامێکدا رایگەیاندووە، بەندیی و خۆپارێزیتان، خۆڕاگریی و خۆبەخشیتان، نیشانەی هۆشیاریی‌و دانشمەندیی‌و گیانی بەرزی بەرپرسیارێتیانە، بۆیە شایانی سوپاس ‌و ستایش‌و پێزانینێكی زۆرن، كە بەهۆی خۆڕاگریتانەوە بە پشتیوانی خوداو هیمەتی مەردان، دۆخە سەختەكان پێدەنێنە قۆناغەكانی كۆتایى.

دەشڵێت: ئەم كارەساتەی لەڕێی ئەم پەتایەوە بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە، وانەی نوێ‌‌و بەبیرداهێنانەوەی ئەزمون‌و كەلتورە جوانەكانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، هەر لە چارەنووسی هاوبەشەوە، تا دەگاتەوە بەیەكەوە ڕووبەڕووبوونەوەو، یەكتر خۆشویستن‌و ئەزمون ئاڵوگۆڕكردن، هەوڵدان بۆ زاڵبوون لە هەموو كەس‌ و پنتێكدا بۆئەوەی هەڕەشەكان جارێكیتر دووبارەنەبنەوە.

ئاماژەى بەوە کردووە،  ئەم دۆخە تەندروستیەی ئێستا بەسەر جیهاندا هاتووە، دۆخێكی ئابووری نوێشی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو لە ئایندەیەكی نزیكدا دۆخێكی نوێتر دەهێنێتە كایەوە، كە پێویست دەكات سەبەتەی خۆراكیی‌و چارەسەرسازیی‌و ئاسایشی ئابووریش، بەهەمان شێوەی ئاسایشی تەندروستیی ڕێكبخەین‌و یەكبخەین.

پارێزگارى سلێمانى  داوا لە هاوڵاتیان دەکات، كۆتایی بە بەهەدەردانی خۆراك و پێداویستیەكانی ڕۆژانە بهێنن، زیاد لە پێویستی خۆتان‌و خۆراك‌و پێداویستیەكان مەكڕن، چونكە هەموو ئەمانە ئەگەری خراپبوون‌و كۆنبوون‌و بەسەرچوونیان هەیەو سەرەتایەكی ترسناك دەبن بۆ برەودان بە گیانی خۆپەرستیی‌و خوڵقاندنی قەیرانی ئابووریی.

هەڤاڵ ئەبوبەکر،  داوا لە ماركێت‌و دوكانەكان دەكات، زیاد لە پێویستی خۆیان‌و خواستی كڕیارەكانیان خۆراك‌و كەلوپەلی پێویست تاقت نەكەن، چونكە لە ئەگەری هەر خراپبوون‌و تێكچوونێكدا خۆیان بەرپرسیار دەبن‌و زیان بە ئاسایشی خۆراك‌و ئابووریی نیشتمانی دەگەیەنن، هاوکات،  داوا لە كۆمپانیا بازرگانیەكانی خۆراك‌و پێداویستیە سەرەكیەكانیش دەكەین بەهەمان گیانی مرۆڤدۆستیی‌و نیشتمانیانەیانەوە بەردەوامبن لە دابینكردنی پێداویستیەكان.

لە پەیامەکەیدا پارێزگارى سلێمانى، سەرجەم لایەنەکان دڵنیا دەکاتەوە، كە جوڵەو ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بەردەوامە، خۆراك‌و سوتەمەنیی‌و كاڵاو پێداویستیەكان بە قەبارەی زۆرو شیاو لەبەردەستدان، هەموویان لەژێر كۆنترۆڵی وردی چاودێری نرخ‌و جۆرو قەبارەو دابەشكردنی شیاوانەدان، بە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، جیهان دوچاری دۆخێكی سەختی ئابووریی‌و بازرگانیی دەبێت، بەڵام هەرێمی كوردستان دەرفەتی ئەوەی دەبێت، كە وەك ناوچەیەكی ئارامی پاكی تەندروستیی ببێتە ناوەندێكی بازرگانیی و ئابووریی گرنگ.

بۆیە خۆپارێزیی‌و پابەندیتان، بەهێزكردنی كەلتوری دەستپێوەگرتن‌و بەهەدەرنەدان‌و لەخۆگرتنەوە، ئەوەندەی تر زەمینەی ئەو دەرفەتە نێودەوڵەتیانە، لە ناوخۆدا پتەوو بەهێزو لەبار دەكات.